پەرلەمانتارێکى عێراقی هەرەشە لە هاکان فیدان دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
پەرلەمانتارێکى عێراق وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و وتى: عێراق باخچەى پشتەوەى تورکیا و ئەمریکا و هیچ داگیرکەرێک نییە، عێراق وڵاتی شەهیدان و پێغەمبەرانە، هاکان ئەم پاڵەوانێتییەى دەریدەخات بۆ بەرامبەر ئیسرائیل دەری نەخستووەتەڕوو کە ئیهانەی تورکیای کرد، بۆیە سنووری خۆى نەزانیت تەربێتت دەدەین.
دواى ئەوەى هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک هەڕەشەی دەستوەردانی لە کاروباری عێراق کردبوو، عەلا حەیدەری پەرلەمانتارى عێراق لە بەرنامەیەکى کەناڵی ڕەشید وەڵامى دایەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند، عێراق باخچەى پشتەوەى تورکیا و ئەمریکا و هیچ داگیرکەرێک نییە، بەدڵی خۆیان بەکاربهێنن، عێراق وڵاتی شەهیدان و پێغەمبەرانە، هاکان ئەم پاڵەوانیەتییەى بۆ بەرامبەر ئیسرائیل نەخستووەتەڕوو، کە ئیهانەی تورکیای کرد.
ئاماژەى بەوەشکرد، تورکیا لە ٢٠١١وە بە هەزاران دۆلار پارەى لە سووریا خەرجکرد، ئیسرائیل بەیەک شەو سووریای داگیرکرد و بەشار ئەسەدى ڕووخاند، ئیهانەى هاکان و سەرۆکەکەیشی کرد، ئێستا دێیت و هەڕەشە لە عێراق دەکەیت؟
باسی لەوەشکرد، ئێوە بەرژەوەندیتان لەگەڵ عێراق هەیە، چونکە ٢٠ ملیار دینار ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، هەروەها ٦٠٠ کۆمپانیات لە عێراق هەیە، ئەگەر هاکان پێگە و سنووری خۆی نەزانیت تەربێتت دەدەین، وەک چۆن ئەوانەی پێش ئەویشمان تەربێت دا.
ئەمە لەکاتێکدایە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکیی ڕایگەیاندبوو، دەبێت حكومەتی عێراق سوود لە ئەزموونی حکومەتى سووریا وەربگرێت و هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی خاكی خۆیدا بسەپێنێت و سەروەری عێراق بپارێزن، دەشڵێت: “لە دوای سووریا نۆرەی عێراقە و دەچینە ئەوێش.”
