مەزڵووم عەبدی: دەروازەی سێمالکا وەکو خۆی دەمێنێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ لەپەیامێکیدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر كاره‌كانیان و ده‌سته‌كان ده‌كرێنه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ناوه‌ندی ده‌روازه‌ی سیمیلكا وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌و له‌وێ نوسینگه‌یه‌كی حكومه‌تی كاتیی سوریا ده‌كرێته‌وه‌، له‌باره‌ی یه‌كه‌كانی هه‌سه‌ده‌ش وتی، لیوایه‌ك له‌ حه‌سه‌كه‌، لیوایه‌ك له‌ قامیشلۆ و لیوای سێیه‌میش له‌ شاری دێرك جێگیر ده‌كرێن.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند: بەپێی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکوومەتی کاتی، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ دەکرێن و گۆڕانکاریی پێکهاتەییان تێدا دەکرێت، هاوکات دڵنیایی دایە ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی کە مافەکانیان دەپارێزرێت.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ خەڵکی حەسەکە و ئاوارەکانی ناوچەکانی سەرێکانی و عەفرین، وردەکارییەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی لەگەڵ حکوومەتی کاتی تاووتوێ کرد. 

عەبدی روونی کردەوە، تەواوی ئەو دامەزراوانەی ئێستا سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەرن، لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکدا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکەڵ دەکرێن. 

بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو وەزارەت و دەستانەی ئێستا هەن، پلەکەیان بۆ ئاستی بەڕێوەبەرایەتی دەگۆڕدرێت و رێکدەخرێنەوە.

لەبارەی دەروازە سنوورییەکان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، دەروازەی سێمالکا وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئۆفیسێکی تایبەت بە حکوومەتی کاتی لێ دەکرێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروباری دەروازەکە. 

سەبارەت بە لایەنی سەربازی، عەبدی ئاشکرای کرد، وەک هەنگاوی یەکەم لیوایەکی سەربازیی هەسەدە لە شاری حەسەکە جێگیر دەکرێت و هێزەکانی دیکەش بەپێی پلانە نوێیەکان لە ناوچەکانی دیکە بڵاوەیان پێ دەکرێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە بۆ رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.

ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی کاتی، وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە قەیرانی سووریادا دەبینرێت، ئەم لێکتێگەیشتنە دوای ساڵانێک لە ململانێ و جەنگی توند دێت و ئامانجی سەرەکیی یەکخستنی ئیدارە ناوخۆییەکان و رێگریکردنە لە دابەشبوونی زیاتری خاکی سووریا، جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە لەسەر زەمینی واقیع، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک حەسەکە و عەفرین، رووبەڕووی ئالنگاری گەورە دەبێتەوە، بەڵام لایەنەکان بە ئەرێنی سەیری هەنگاوەکان دەکەن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار