دیمەشق تەنها بەزارەكی پارێزگاری حەسەكەی راسپاردووەو خۆی دەدزێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



✍️ سەرتیپ جەوهەر

تائێستا دیمەشق فەرمانی رەسمیی بۆ پارێزگارە كوردەكەی پارێزگای حەسەكە دەرنەكردووەو پێدەچێت هەوڵبدات خۆی لێ‌ بدزێتەوەو گرفت بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دروستبكات. بۆ ئەم مەبەستەش چەند رۆژێكە بەهاندان و پلانی دیمەشق، هەڵمەتێكی میدیایی و جموجۆڵ و خۆكۆكردنەوەیەكی نائاسایی لەلایەن بەشێك لە هۆزە عەرەبەكانی لەدەوروبەری حەسەكە هەستی پێدەكرێت و بەچەكەوە لەمیدیاكانی سوریا دەردەكەون و قسە لەسەر كوردو پارێزگارە كوردەكەی حەسەكە دەكەن.

لەوەدەچێت دیمەشق بیەوێت گرفت و گرێ بۆ دامەزراندنی رەسمیی پارێزگاری حەسەكە دروستبكات و یاخود پاشگەزبوبێتەوە لەپێدانی پارێزگار بەكورد، رەنگە بیەوێت ماوەیەكی درێژ بارودۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بۆ ئەم مەبەستە ناڕەزایەتی هۆزە عەرەبەكانی خوار حەسەكە بكاتە بیانوو كەئێستا لەژێر هەژموونی دیمەشقدان.

بەر لەچەند رۆژێك نورەدین عیسا ئەحمەد چووە دیمەشق و لەحەسەكە بەئاهەنگ و شایی وەك پارێزگار پێشوازیی كرا، بەڵام لەراستیدا مەرسومی بۆ دەرنەچووەو تەنها زارەكی پێی گوتراوە تۆ پارێزگاری. ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە سەبارەت بەخۆدزینەوەی دیمەشق لەرێككەوتنەكە.

بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دوای شەڕی دیمەشق دژ بەكورد، پێدەچێت دۆخی ئەو وڵاتە بەمزوانە سەقامگیر نەبێت! ترسێكی زۆر هەیە دیمەشق لەبەشێك لەو پەیمانانە پاشگەزببێتەوە كە بەكوردو بەوڵاتانی چاودێریداوە، بەدوورنازانرێت گرژی دیكە دروست ببێت! دەرنەكردنی مەرسومی رەسمیی بۆ پارێزگارە كوردەكەی حەسەكە، ئاماژەیەكی خراپە لەم كاتەدا، بۆیە لەسەردانەكەیدا بۆ دیمەشق و دواتریش بۆ هەولێر (جان نۆیەل بارۆ) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستی چەسپاندنی مافەكانی كورد كردەوە لەدەستوری سوریا، چونكە ترس هەیە دیمەشق پابەند نەبێت بەو رێككەوتنەو لەبیانووە بۆ جێبەجێنەكردنی وەكخۆی. 

جگە لەبوونی هەزاران دیل و دەستگیركراوی داعش كەئێستا لەچەند زیندانەكن لەرۆژئاوای كوردستان، هێشتا دوو بنكەی سەرەكیی ئەمریكا لەسنوری ناوچەكانی ئێستا ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە ماون، هێشتا دیار نییە ئەو دیل و دەستگیركراوانەی داعش چیان بەسەردێت و كەی دەگوێزرێنەوە، هاوكات بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا دەمێنن یان دەگوێزرێنەوە، بەڵام بەر لەچەند رۆژێك لەناوچەی شەدادی لەخوار حەسەكە، ئەمریكا بنكەیەكی سەربازیی خۆی لەڕێی فرۆكە بەچەند موشەكێك تەقاندەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار