پێكهێنانی حكومەتی عیراق بەندە بەگفتوگۆی ئەمریكاو ئێران

2 كاتژمێر لەمەوپێش



✍️ سەرتیپ جەوهەر

لەدوای لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرلێشێوانێك لەنێو شیعە بۆ دروستكردنی حكومەتی نوێ‌ دروستبووە. ناكرێت بەخێرایی نوری مالكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران بگۆڕن، بەڵام نەگۆڕینیشی ریسككردنە بەدۆخی سیاسی و ئابوریی عیراق، چونكە لەو راستیە تێدەگەن ركە یان عینادیكردن لەگەڵ ئەمریكا ئاسان نییە، ئەنجام و لێكەوتەكەی خراپەو ناكرێت بكرێتە قوربانی تەنها كاندیدێكی سەرۆك وەزیران.

دوێنێ وەفدی شیعەكان لەهەولێرو سلێمانیی بوون. ئەوان بۆ پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار نەهاتبوون، بەڵكو بەدوای دەریچەیەكدا دەگەڕێن بۆ پرسی كاندیدی سەرۆك وەزیران. هاتبوون مشتوماڵێكی دۆخی سیاسی بكەن تا بتوانن لەڕێی كۆدەنگییەك لەگەڵ كوردو بەشێك لەسوننە لۆبییەك دروستبكەن بەرامبەر فشاری ئەمریكا لەسەر پرۆسەی سیاسی عیراق، ئەگینا ئەگەر شیعە لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران رێكبكەون، بەدڵنیاییەوە لەسەر رێككەوتنی پارتی و یەكێتیی راناوەستن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.

دوایین زانیاریی كۆبونەوەكانی دوێنێ، پارتی و یەكێتیی سورن لەسەر كاندیدی خۆیان. پێدەچێت لەئەنجامدا بەدوو كاندیدی جیاواز بچنە پەرلەمانی عیراق. چارەسەری پرسی سەرۆك كۆماریش راستەوخۆ گرێدراوی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمە، بێ‌ چارەسەری ناكۆكییەكانی سەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، مومكین نییە پا تی و یەكێتیی لەسەر سەرۆك كۆمار رێككەون! ئەگەر ئێستا رێككەون لەسەر سەرۆك كۆمار، پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زۆر ئاسانە، ئەگەرنا دواتر زۆر ئاڵۆز دەبێت.

بەپێی گریمانەو شیكاریی دۆخی سیاسی، پێناچێت بەمزوانە نە سەرۆك كۆمارو نە سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵبژێردرێت. ئەم دۆخەی ئێستا لەدەرەوەی سیاقی دەستورییەو كاتی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕیوە، كەچی نەدادگای فیدراڵ و نەشیعەو نەكورد دەنگیان لێوە نایەت!

 پێدەچێت كۆی بارودۆخی سیاسی عیراق لەچاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمریكادا بێت تا بەلایەكدا دەكەوێت. ئەمریكا پەیامی خۆی بەهەمووان راگەیاندووە، تا پرسی ئێران یەكلا نەبێتەوە لەنێوان (لێدان و چارەسەری دبلۆماسی) ئەمریكا نایەوێت سەرقاڵی دۆخی عیراق بێت، هەموو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بەئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران گرێدراوە. 

شیعە پێشنیارێكیان هەبووە كە وەفدێكی تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی رەوانەی ئەمریكا بكەن بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی عیراق و پرسی رەتكردنەوەی نوری مالكی، بەڵام پێناچێت ئەم پێشنیارە سەربكەوێت، چونكە سەرۆكی ئەمریكا نوێنەری لەناوچەكە هەیەو پەیامی وڵاتەكەی بەروونی پێڕاگەیاندوون.

خولاسە، پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی عیراق دوابكەوێت. پارتی و یەكێتیی تا لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم رێكنەكەون لەسەر سەرۆك كۆمار رێكناكەون و یەكلایی بۆتەوە. چانسی نوری مالكی بۆ بوونەوە زۆر ئەستەم بووە، ئەەر خۆی نەکشێتەوە ئەگەرنا ناكرێت دەستبەجێ شیعەكان نوری مالكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران بگۆڕن، بەڵكو ماوەیەكی دەوێت تاوەكو بەنەرمی و بێ‌ شكاندنی سیاسی لەكاندیدبوون دەیكێشنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار