میدیا حزبیەکان و قەیرانی ڕۆژئاوا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێبین هەردی
رەنگە هیچ ساتەوەختێک هێندەی ئێستا میدیای کوردی نیشتیمانی و یەک دەنگ و هاوئازار نەبوو بێت. بەتایبەتی میدیا حیزبیەکان کە بەداخەوە دەورێکی نێگەتیڤیان لە گەرمکردن و پەرتکردنی ناکۆکییە حیزبیەکاندا بینیوە و هەریەکەیان گەورەترین تواناکانی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ بە دوژمنکردن و تەخوینکردنی ئەو لایەنە سیاسییەی ناکۆکە پێیان و لەگەڵیشیدا فووتێکردن و زیاتر گەورەکردنی غرور و خۆپەرستی هێزەکەی نوێنەرایەتی دەکەن.
بەڵام لەناکاو و لەقەیرانەکەی ڕووبەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان بۆوە، هەموو ئەم کەناڵانە بێ جیاوازی بەرگی حیزبیان فڕێدا و خەمخۆرانە و دڵسۆزانە بوونە سەنگەرێکی گرنگی نیشتیمانی کە تەنیا بۆ یەک ئەرک و بەیەک زمان قسە دەکات: بەرگریکردن لە کوردبوون و نیشتیمانی گەلێکی بێ نیشتیمان. ئەو میدیاکارە حیزبیانە بە لایەنگریی سەرسەختیان بۆ حیزبێکی دیاریکراو دەناسرانەوە و بەوەش ناسراوبوون کە بریندارترین قسە و توانجەکان ئاراستەی نەیارە کوردییەکانی حیزبەکەی خۆیان دەکەن، لەناکاو بوون بەگەروویەکی نیشتیمانی هێندە پڕ حەماسەت و ماندوونەناس کە بە دڵ و گیان و فرمێسک و دڵتەنگییان، بوونە دەربڕی ڕاستەقینەی هەست و سۆزی خەڵکی خۆیان. میدیاکانی کوردستان بەبێ جیاوازی لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات، بۆ یەکەمجار بەهێزترین و کاریگەرترین دەوریان لە پاڵ و لەگەڵ خەڵکدا بینی و دەکرێت بۆ یەکەمجار، بێ دوودڵی بڵێم هەموویان بێ جیاوازای بوو بوون بە دەنگ و ڕەنگی هەموومان و هەستمان دەکرد قەڵایەکی گەورەی پشتیوانیی هەموومانن.
لێرەوە جێگەی خۆیەتی زۆر زۆر سوپاس و دەستخۆشی لە هەموویان بکەین لە کەناڵ هەشت و ئاڤاوە، بۆ ڕووداو و ئێن ئاڕ تی و کەی ئێن ئێن.. لە کەناڵی حیزبی شیوعییەوە بۆ سپێدە و پەیام. دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم و بۆ یەکەمجارە هەستدەکەم لەم چرکە ساتەدا بەڕاستی ئێوە دەربڕی دەنگ و ئاوات و حەسرەتەکانی هەموومان بوون. سوپاس بۆ بژار دەباغ، بۆ هەوراز گوڵپی، بۆ شاهۆ ئەمین و کاکە رەنج و خاتوو سورەیا هەساری، کە یەک بە یەکی بڕگەکانی پێشکەشی دەکرد، لە کانگای دڵەوە دەهاتنەدەر و لە دڵی هەمووماندا دەنیشتن. یەک بە یەک دەستی هەمووتان دەگوشم و گەلێک سوپاس.
هیودارام ئەم هەڵوێست و چرکە ساتە هیچ نەبێ بۆ ماوەیەک ئەوەشی لە ئێوە گەیاندبێت، کاتێک دەبنە دەنگی ئازار و خەم و هیوای هەموومان، چەند هەمووتان شیرین و خۆشەویست و کاریگەرن، کاتیكیش دەبنە دەنگی ناکۆکی ناوخۆ و شکاندنی یەکتر، چەند لێمان دوور دەکەونەوە و لەبری ئەوەی دەنگی هەموومان بن، تەنیا دەبنەوە بە دەنگی بەشیکی بچووک یان گەورە، بەڵام هەرگیز هەموو نا.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە دوای ئەم دەورە پۆزتیڤ و کاریگەرە کە تیایدا قەڵای هەموومان بوون، جارێکی دی نەگەڕێنەوە بۆ دەوری لایەنگری لایەک و بە دوژمنکردنی لایەکی دی؟ ناکرێت لە ململانێ حزببیەکاندا لەبری ئەوەی گەرمی بکەن و بدەنە پاڵ لایەک، تەنیا هەواڵی ناکۆکییەکان باس بکەن و ئاڕاستەی کاریشتان ئەوە بێت ئەو ناکۆکییانە کەم ببنەوە و ببنە پردی خاوکردنەوەی کێشەکان، نەک هێندەی تر قورس کردن و بارکردنیان بە دنیایەک گرێی دەروونی؟
هیوادارم بتوانن ئەمکارە بکەن و ئەو ڕێز و خۆشەویستییەی ئەم ماوەیە لای هەموومان بۆخۆتانتان درووستکردووە، بپارێزن و هەمێشە موڵکی هەموومان بن و موڵكی هیچ لایەکیش نەبن بەتەنیا.
