جیهانی درۆ و دیکتاتۆریەتی ترەمپ، لە گرەوی چیدایە؟
4 كاتژمێر لەمەوپێش
موفید محمد نووری
وەک ئاشکرایە دۆخی جیهان بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو، گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەو شێوازە حوکمڕانییەی لە کارەکانی دۆناڵد ترەمپدا بەدی دەکرێت، لە مێژووی ئەمەریکادا وێنەی نەبووە. جووڵەکانی ناوبراو تەنها لە چوارچێوەی ململانێ ناوخۆییەکاندا نەماونەتەوە، بەڵکو ئامانج لێیان لاوازکردن و پەراوێزخستنی ڕۆڵی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی تەندروستی و بازرگانیی جیهانییە؛ ئەمەش کارەساتێکی گەورەی خستووەتە نێو هاوپەیمانیی دێرینی ئەوروپا و ئەمەریکا.
وا دەردەکەوێت ترەمپ بەرگەی ئەو دیموکراسییە لیبڕاڵەی ئەوروپا ناگرێت، هەر بۆیە بەردەوام لە ڕێگەی هەڕەشەی سزای ئابوورییەوە فشار دەخاتە سەر ژێرخانی ئابووریی وڵاتانی ئەوروپا، نموونەی زەقی ئەم گرژییانە، دروستبوونی ئاڵۆزی بوو لەگەڵ دانیمارک لەسەر پرسی 'گرینلاند'، ترەمپ بە ئاشکرا ویستی کڕینی ئەم دوورگە ستراتیژییەی خستە ڕوو واتە خواستی داگیرکردنی ئاشکراکرد.
ئەمەریکا دەزانێت گرینلاند خاڵی یەکلاکەرەوەی ململانێکانە لەگەڵ چین؛ ئەم دوورگەیە دەوڵەمەندە بە "کانزا دەگمەنەکان" کە ئێستا چین بازاڕەکەی قۆرخ کردووە و ئەمەریکا بۆ پیشەسازییە سەربازییەکەی پێویستی پێیەتی. جگە لەوەی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لەوێیە کە وەک چاوێکی ستراتیژیی وایە بۆ چاودێریکردنی ڕووسیا و ڕێگریکردن لە فراوانخوازیی چین بەرەو جەمسەری باکوور. سەرکردە ئەورووپییەکانی وەک مارک ڕوتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کە بە "سیاسەتمەدارێکی لێزان" ناسراوە، هەوڵیان داوە بە دیپلۆماسییەت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و ترەمپ ڕازی بکەن گفتوگۆ ڕێگەچارەی گونجاوە نەک داگیرکاریی.
هەروەها پێکهاتەی بازنەی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ پڕە لەو کەسایەتییانەی کە ناوەکانیان تێکەڵ بە گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی و ئابڕووچوون بووە. دیارترین نموونە 'مارکۆ ڕۆبیۆ'یە، کە وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ترەمپ دادەنرێت، بەڵام مێژووی خێزانەکەی بە دۆسیەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانەوە پەڵەدار بووە؛ بەو پێیەی زاواکەی (ئۆرلاندۆ سیسیلیا) وەک یەکێک لە بازرگانە گەورەکانی کۆکایین سزای قورسی بەسەردا سەپێنراوە، ئەم دۆسیەیەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی سیاسیی ڕۆبیۆ بەجێهێشتووە. لایەکی ترەوە کەسایەتییەکی وەک تۆم باراک دەبینین، کە ناوی لە دۆسیەی لۆبیکردن بۆ وڵاتانی کەنداو وەک (ئیماڕات) و شاردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا زڕا.
سەرباری ئەوەش، گومان لەسەر پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی خێزان و ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ تورکیادا هەیە، کە تێیدا بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، وەک 'تاوەرەکانی ترەمپ لە ئیستانبوڵ'، ئاڕاستەی بڕیارە سیاسییەکان دەکەن. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، ترەمپ هەرگیز سەرسامیی خۆی بە سەرکردە 'دەسەڵاتخواز و ستەمکارەکان' نەشاردووەتەوە؛ بە ئاشکرا ستایشی ئەردۆغانی کردووە و پەیوەندیی تۆکمەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی لە میسر هەیە.
لە ئەفریقاش سیاسەتەکەی پراگماتیانەیە و بریتییە لە چاوپۆشیکردن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەپێناو دەستگەیشتن بە سامانە سروشتییەکان. نوێترین نموونە، دەستوەردانێتی لە جەنگی نێوان ڕواندا و کۆنگۆ، کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە کانزاییەکانە لەو ناوچەیە نەک بەرقەرارکردنی ئاشتی.
ترەمپ جیۆپۆڵەتیکی جیهانی کردووە بە یارییەکی شەخسی و پێی وایە دەتوانێت بە تەنها کۆنتڕۆڵی هەموو جووڵەکان بکات. لەم یارییەدا، پشتی بە تیمێک بەستووە کە ئامادەن هەموو بەهایەک لە پێناو ڕازیکردنی ئەودا پێشێل بکەن: لە لایەک مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە دەبینین؛ ئەو پیاوەی جاران نەیارێکی سەرسەخت بوو، ئێستا بووەتە نموونەی سیاسەتمەدارێکی تەسلیمبوو کە وەسفی سەرۆکەکەی دەکات وەک "رزگارکەرێک"، لە کاتێکدا کە گوێ لە قسەکانی دەگریت زیاتر لە ستایشی دیکتاتۆرێک دەچن کە ئەمەریکا لە مێژوودا بەخۆیەوە نەبینیوە. لە لایەکی تر سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینە، کە پاساو بۆ بڕیارە هەڕەمەکییەکانی ترەمپ دەهێنێتەوە و ئابووریی ئەمەریکا دەخاتە خزمەت مەرامە سیاسییەکانییەوە.
مەترسیدارترین دەرهاویشتەی ئەم دۆخە ئەوەیە کە ترەمپ "داگیرکاریی" کردووە بە نۆرمێکی ئاسایی. ئەم ڕەفتارانە بوونەتە پاساوێک بۆ ڕووسیا و چین؛ ئەوان ئێستا پێیان وایە ئەگەر ئەمەریکا بۆی هەبێت هەر خاکێک داگیر بکات یان هەر یاسایەک پێشێل بکات، ئەوانیش هەمان مافیان هەیە. ئەم ڕەفتارانەی ئەمریکا وای کردووە بۆ یەکەمجار ئەوروپا بەخەبەر بێتەوە و هەست بە پێویستیی دروستکردنی پلاتفۆرمێکی سەربەخۆ بکات بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی خۆیان. هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە مارک کارنی، سەرۆکوەزیری کەنەدا، لە لێدوانێکدا کە جیهانی هەژاند، ڕایگەیاند: "یاسا و نەریتە کۆنەکان کۆتاییان هات." واتە ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەی جیهانی لەسەر بەڕێوە دەچوو، ئیتر بوونی نەماوە.
لەژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخەی خڕایە ڕوو، پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا جیهان ڕووبەڕووی چارەنووسێکی مەترسیدار ببێتەوە. خودی ئەمەریکا لەناو گێژاوێکی ئابووری و لێکترازانی کۆمەڵایەتیدا دەتلێتەوە؛ دامەزراوە فەرمییەکان تووشی شۆک بوون و زانکۆ دێرینەکان، کە سەدان ساڵە وەک قەڵای زانین و ئازادی وەستاون، ئەمڕۆ لەژێر هەڕەشەی ڕووخان و بەسياسیکردندان. نموونەی هەرە زەقی ئەم "سەرەڕۆییە سیاسییە"، لە دۆسیەی سوریادا دەردەکەوێت. کەسێکی وەک ئەحمەد شەرع، کە تا دوێنێ ئەمەریکا وەک "ئوسامە بن لادن"ـێکی نوێ تەماشای دەکرد و ملیۆنان دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی تەرخان کردبوو، ئەمڕۆ بە بەرچاوی جیهانەوە و بە ڕێکەوتنێکی ئیقلیمی (بە ئەندازیاریی تورکیا و ڕەزامەندیی ئەمەریکا و ئیسرائیل) پێگەی خۆی قایم کردووە. ئێستا نەک هەر باسی سزادانی ناکرێت، بەڵکو لە کۆشکی سپیدا پێشوازی لێکرا. هەروەها دەنگۆی کردنەوەی کەناڵی دبلۆماسی و لابردنی "سزاکانی قەدەغەی ئابووری" لە ئارادایە، وەک ئەوەی دۆستێکی دێرینی ڕۆژئاوا بێت.
لە دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە هەڵە و مەترسیدارانەی باسمان کرد، ئەو کارەساتە مرۆییە دروست بوو و بەردەوامیشی دەبێت، کە لەم ڕۆژانەدا ڕوویدا و ویژدانی هەموو جیهان، و بەتایبەتی نەتەوەی کوردی هەژاند. ئەوەی دەگوزەرێت بریتییە لە سیناریۆی بەقوربانیکردنی چارەنووسی چوار ملیۆن مرۆڤ لە ڕۆژئاوای کوردستان؛ لە ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل. کارەساتەکە لەوەدایە کە ترەمپ ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەم گەلە بکەوێتە دەست کۆمەڵێک گرووپی توندڕەو کۆنە داعش کە دوێنێ بوو دەستیان بە خوێنی سەرباز و هاوڵاتیانی ئەمەریکی سوور بوو. ئەمە لە کاتێکدایە ئەمەریکا پشت دەکاتە دۆستە ڕاستەقینەکانی، واتە شەڕڤانانی ڕۆژئاوا، کە بۆ ماوەی دوازدە ساڵە بە ئازایەتییەکی بێوێنەوە شەڕیان کردووە و وەک قەڵغانێک هەموو جیهانیان لە مەترسیی تیرۆر پاراستووە.
دۆناڵد ترەمپ دیاردەیەکە کە مێژووی ئەمەریکا هەرگیز بەخۆیەوە نەبینیوە. مێژووی ئەو وڵاتە پڕە لە سەرکردەی مەزن؛ لە ئێبراهیم لینکۆڵنـەوە کە وڵاتی لە تونێلی تاریکی شەڕی ناوخۆ و کۆیلایەتی ڕزگار کرد، تا دەگاتە فرانکلین ڕۆزڤێڵت کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی مۆدێرنی چەسپاند، و تەنانەت کەسانی وەک نیکسۆن کە سەرەڕای هەڵەکانیان، هێشتا خاوەنی ستراتیژیی دەوڵەتداری بوون. تا ئێستاش توێژینەوە لەسەر میراتی ئەو سەرکردانە دەکرێت لە بنیاتنانی شکۆی ئەمەریکادا. بەڵام ئەوەی ترەمپ دەیکات، هەڵوەشاندنەوەی ئەو مێژووە و تێکدانی بنەما ئەخلاقییەکانی ئەو دەوڵەتەیە لە پێناو بەرژەوەندیی کاتیدا.
