ڕاپەڕینی مەلایانی كورد
3 كاتژمێر لەمەوپێش
لەتیف فاتیح فەرەج
لە بەردەم قەڵا لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا مەلایەكی گەنجی كورد، وتی ئەوان دەمانكوژن، ئێمەش دەیانتۆپێنین، یەكی دی گوتی ئەوەی بە ئەڵاهوئەكبەر دەمكوژێ بە هەمان پەیام دەیكوژم، مەلا مەسعودی كانی كوردە وەك چۆن عەبدوڵا پەشێو دەیگوت قڕمان دەكەن قوڕتان بە سەر، ئەویش وا دەڵێت، ئەوە یەكەمجارە مەلای كورد بەو جۆرە تەڤلی ڕاپەڕین بێت، ئەمە دركی مەلای كوردە بەو هەڕەشە و مەترسییە گەورەیەی لەسەر كوردە لە هەموو كوردستان، ئێستا ئیتر مەلای كورد دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕاستە ڕێی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری كۆیی و قانعی شاعیر و هەموو ئەو مەلایانەی كورد. مرۆڤی كورد، ئاینی كوردی هیچ بە كەمتر لە عەرەب و تورك و فارس و مرۆڤی ئەو نەتەوانە و ئاینی ئەو نەتەوانە نازانن، زمانی كوردی، دیرۆكی كوردی، هونەر و چاند و ئەدەبی كوردی، ئاهەنگ و دیلانێی كوردی هەموو ئەوانە تایبەتمەندی و جوانی كوردن ناكرێت بە ناوی دین، یان هەر ناوێكی ترەوە پەلامار بدرێن، قانعی شاعیر زۆر سەرتر دەچێت و دەڵێت "دەبێت مەڕنەموك بە زمانی كوردی بدا تەڵقینم " گەر نا... .
مەلای كورد دەبێت بگاتە ئەو ڕاستیە فەتواكەی وەزارەتی ئەوقافی سوریای داعش، فەتواكەی عەلی حەسەن مەجید بۆ ئەنفالی كورد، دەكرێت وەك دوو فەتوای عەرەبی ئاینی و عەرەبی عەلمانی تەمەشا بكرێن و ئەوان چاك و خراپیان، دەوڵەت و سەرانی ئەوان ئاوا سەیری كورد دەكەن، بەردەوام پەروەردەی نەوەكانیشیان دەكەن ئاوا سەیری كورد بكەن، ئەمە بۆ تورك و تاڕادەیەكی زۆریش بۆ فارسیش وەسایە، بۆیە مەلای كورد دەبێت هەر ئەوە بكات كە ئێستا دەیكات، پێویستە سەرجەم مەلای كورد، ڕوون و ڕەوان پەیامی كوردبوونی خۆیان لە ڕێی دكتۆر عەلی قەرەداغییەوە بۆ یەكێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی، دەوڵەتمەدارانی عەرەب و تورك و فارس بنێرن و بڵێن "هەركەس ستەممان لێبكات بە هەمان جۆر ستەمی لێدەكەینەوە" هەرچەند كورد هەرگیز ژن و منداڵ و بەتەمەن ناكوژێت، ئەو تەنانەت دیلیش ناكوژێت وەك ئەوەی نەوەكانی مەغۆل و پێپەتییەكان دەیكەن. مەلای كورد دەبێت مەزهەبی جیاوازی خۆی، شافیعیبوونەكەی، داب و نەریت و زمان و كەلتوری جیاوازی خۆی بۆ سەربەخۆیی گەلەكەی بخاتە گەڕ و بەوانی دیكە بڵێت ئێمە لە ئێوە جیاوازین، مەزهەبمان، موسوڵمانبوونمان، كوردبوونمان جیاوازە، دوو مەلی جیاوازین مەلی ئێمە بۆ ئازادی دەخوێنێ و مەلی ئێوە گۆشتی مرۆڤ دەخوات .
ئەمەی ئێستا ڕاپەڕین و ڕاچەنینی مەلای كوردە، دۆزینەوەی ڕێگا ڕاستەكەیە، ئەو ڕێگا راستەی كە ئێمەش هیچمان لەوانی تر كەمتر نییە و بگرە بە ئاكار تر، موسوڵمان تر، دیموكراسی تر و لێبوردە ترین، مەلای كورد دەبێت ڕوون و ڕەوان ئەو راستییە بە جیهانی ئیسلامی بڵێت "مرۆڤبوون، كوردبوون، موسوڵمانبوون، ئازادی و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، دەبێت پێش ئەو دیموكراتیی گەلانە بكەوێت كە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین و دوژمنەكانمان دەمانكوژن، مەلای كورد وەك مەلای عەرەب و تورك پێویستە پشتگیری هەر هەوڵێكی سەرانی ڕاستگۆ و بە کۆمەڵی كورد بكات كە بیانەوێت چوار چێوەیەك بۆ كورد دروست بكەن، بۆ ئەوەش پەیوەندیكردن بە ئیسرائیل و دینی ئیبراهیمی و هەر كەسێكەوە نە كوفرە نە هێڵی سور.
ناكرێت مەلای كورد خۆی لە مەلای عەرەب و تورك و فارس بە کەمتر بزانێ، ئەوانی پێ زاناتر و خوێندەوارتر بێت، دوای پەیامی ئەوان بكەوێت و ئاگای لە ئێش و ئازاری میللەتەكەی نەبێت، یان نەیەوێت ئاگای لێبێت.
