تکایە با چاو لە گەلەکەمان بکەین!
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئایا كێشە و پرس و دۆزی نەتەوەكەمان لەسەر پێنەدانی پۆستێک یان وەرگرتنی پۆستێکە!
ئەركی ھەموومانە ئەم یەكگرتووییە و یەكڕیزییە بپارێزین
حاکم قادر حەمەجان
لە کاتێکدا کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان ڕووبەڕووی گەلەکۆمەکێیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بووەتەوە و جینۆساید دەکرێت، بەڵام دڵخۆشیەکی قوڵیش هەموومانی ڕووپۆش کردوە، دڵخۆشیەک کە چێژی یەکبوون و یەک گوتاری نەتەوەی لە پشتەوەیە، ھەموان دەزانین لە پیلانگێڕیەكی بە بەرنامە زیاتر لە 100 ساڵە هەوڵی لێکدابڕاندن و پارچە پارچەکردنی ئەم گەلە دەدەن، ئەمڕۆ چ لە ناوخۆ و لە هەموو پارچەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی بە هەستێکی کوردانە و مرۆڤ دۆستانە و بە هەڵوێستێکی سەردەمیانە، لە مۆدێلێكی مەدەنیانە هێزی کورد و توانای کوردییان نیشانی تەواوی جیهاندایەوە، مۆدێلێك كە بازنەی تەسكی حزبایەتی تێپەڕاندووە و پەیامەكەی نەتەوەیی و نیشتمانی و یەكڕیزی كوردانە.
ئەمڕۆ ھەمووان شاھیدی ئەوەین كە بۆ یەکەم جارە گەلی کورد بە یەک دەنگ و بە یەکگرتووی و لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا بەرگری لە مافە نەتەوایەتی و مافە دەستوری و یاسایی و سیاسی لەسەر بنەماكانی مافی مرۆڤ دەكەن.
دەبوو پێشتر حزبە کوردستانیەکان بەم ئەرکە نیشتیمانی و نەتەوەییە هەستانایە، بەداخەوە نەکردیان و نەتوانیان بیکەن، تا ئێستا حزبە کوردستانیەکانی ھەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە ١٤ مانگ لە ھەڵبژاردن، نەیان توانیوە پەرلەمان و حکومەت پێکبهێنن، ئایا كێشە و پرس و دۆزی نەتەوەكەمان لەسەر پێنەدانی پۆستێک یان وەرگرتنی پۆستێکە!
پێویستە سەرکردەکان چاو لە گەلەکەمان بکەن و تێبگەن، تاکە ڕێگا بۆ ڕزگارکردنی ئەم دۆخە چەقبەستووە و گەیشتن بە کەناری ئارامی، یەکێتی ناوخۆییە، یەک هەڵوێستی و یەکگوتارییە، دەبێت کێبڕكێ لەسەر قوربانیدان و خزمەتگوزاری زیاتر بێت، نەک لەسەر پۆست و پلە و پایە.
دۆخی نوێ و ئەم یەكڕیزیەی كوردان و پەلاماردانی دڕەندانەی دوژمنانی نەتەوەكەمان وایکرد، ھەڵوێستی دوژمن، نۆکەر، خۆفڕۆش، بەکرێگیرا و جاش و جاسووسە ناوخۆییەکوردەکانمان بۆ دەربکەوت، ھەڵوێستی نیشتمانپەروەی و ڕاستگۆییان بۆ كوردان لە محەك بدرێت.
ئەمڕۆ لە ھەموو شتێك گرنگتر ئەركی ھەموومانە كە ئەم یەكگرتووییە و یەكڕیزیەی ناوخۆ و ڕەوەندی كوردی بپارێزین و دەبێت سود لە ھاتنە پێشەوەی ئەم نەوە تازەیە وەربگیرێت بۆ بەرزكردنەوەی گیانی بەرگری و گۆڕانكارییەكان، چونكە ئەم دەركەوتنەوەی ئەوان بە ئاڵای كوردستانەوە نا یەكی گەورە بوو بۆ فەرسكردن و درێژەپێدانی ئەو واقعیە تاڵەی كە زیاتر لە ۱۰۰ ساڵە كورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت و قوربانی بۆ دەدات.
دوژمنان و ھەندێك لە حزبەكان وایان دەزانی گەنجان و لاوانمان لەناوەوە و لە دەرەوە ھەست و سۆزی كوردبوون و كوردایەتیان نەماوە، بەڵام ئێستا بۆ تەواوی دنیا و دوژمنەكانیان سەلماند، كە كورد گەلێكی خۆڕاگر و داكۆكیكارە لەسەر مافە ڕەواكانی خۆی.
