پەیامێک لە تۆم باراكەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X)، راگەیەندراوی هاوبەشی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپای بڵاوكردوەتەوەو لەسەری نوسیویەتی:
پاڵپشتی یەکگرتوو لەپێناو: کەمکردنەوەی گرژی نێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات؛ یەکخستنی هاوبەشی ڕێککەوتنی 18ی كانونی دووەمی 2026 لە نێوانیاندا؛ و بەردەوامی سەرەنج و هاوبەشی هەموو لایەنەکان بۆ بەرەوپێشچوون لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
رۆژی 27ی ئەم مانگەی ئەمریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنسا راگەیەندراوێكی هاوبەشیان لەبارەی دۆخی سوریاو پەیوەندی كوردو حكومەتی دیمەشق بڵاوكردەوە، لە راگەیەندراوەكەدا جەختیان كرد لەسەر:
پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ماوەی 15 ڕۆژ دەکەین.
پێشوازی لە دامەزراندنی ڕێڕەوی مرۆیی دەکەین بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی سەلامەت و بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان. جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت ئەم کۆریدۆرانە بپارێزرێن، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانێ دەست پێبکرێنەوە.
پێشوازی لەو ڕۆڵە گرنگە دەکەین کە هاوبەشەکان لەوانە عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەیگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە داعش دروستیان دەكات.
داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە خێرایی ڕازی بن بە ئاگربەستی هەمیشەیی، و بە زووترین کات دەست بە دانوستانەکان بکەنەوە بە ئامانجی یەكخستنی ئاشتیانە و بەردەوامی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەریی، کە ڕێز لە مافەکانی هەموو هاوڵاتیانی بگرێت و بپارێزێت، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی 18ی كانونی دووەمی 2026، وەک کاریگەرترین ڕێگا بۆ سەقامگیری لە سوریا.
ئێمە پێویستی پاراستن و چڕکردنەوەی هەوڵە بەکۆمەڵەکان لەسەر شەڕی دژی داعش دووپات دەکەینەوە. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دووربکەونەوە لە هەر بۆشاییەکی ئەمنی لەناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش و دەوروبەری. بۆ چارەسەرکردنی ئەم نیگەرانیانە، ڕێککەوتین کۆبوونەوەی بەپەلەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بكەین.
ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ گواستنەوەی سیاسی گشتگیر لە سوریا دووپاتدەکەینەوە، کە مافی هەموو سوورییەکان بپارێزێت و جەختیشدەکەینەوە سەقامگیرکردنی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی ئاشتیانە ئەولەویەتە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بەدیهێنانی ئاسایش لە ناوچەکە.
جەخت لەسەر ئامادەیمان دەکەینەوە بۆ پشتگیریکردن و چاودێریکردن، بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان، کە ئامانجی یەکخستنیگرتنی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایە بەشێوەیەكی ئاشتیانەو بەردەوام لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتووی گشتگیری خاوەن سەروەریدا، بە شێوەیەک كە زامنی مافی هەموو هاوڵاتیانی بكات.
