ئێران: داوای دانوستاندنمان لە ئەمریکا نەکردووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش




وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، پەیوەندی بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە نەکردووە.

رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێمە هیچ داواکاریەکمان بۆ دانوستاندن نەکردووە، بەڵام نێوندگیرەکان هەن و لە رێگەی ئەوانەوە پەیوەندیمان هەیە."

عێراقچی گوتی، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو و ستیڤ ویتکۆڤ نییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دانوستاندن بنەمای تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت لە پێگەیەکی یەکسانەوە بەڕێوەبچێ، هەروەها لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکدی و بۆ سوودی هەردوولا بێ؛ قبووڵ ناکرێ لایەنێک هێز بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی."

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "وڵاتان ویستی نێوەندگیرییان لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەیە و هەڵوێستی ئێمەش روونە. دانوستاندن بە هەڕەشە ناکرێ. دەبێ دانوستانەکان لە هەلومەرجێکدا بکرێن کە واز لە هەڕەشە و داخوازییە زێدەڕۆییەکان هێنرابێ."

ئەم قسانەی عەباس عێراقچی لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ بژاردەی دەستوەردانی سەربازی لەبەرامبەر ئێران بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

لەلایەکى دیکەوە جێگری وەزیری دەرەوی ئێران دەڵێت، لەم کاتەدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەن و هەندێک پەیام لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە، 28ی کانووی دووەمی 2026، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر تاران و واشنتن لەسەر مێزی دانوستاندن دابنیشن، ئەوە بەو مانایە نییە کە تاران ئامادەیی خۆی بۆ هەر شەڕێکی ئەگەری کەم بکاتەوە."

کازم غەریب ئابادی گوتی: "لەو کاتەدا کاری لەپێشینەی تاران دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵکو 200٪ ئامادەییە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان."

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر هێرشێکی سنوورداری ئەمریکا وەڵامێکی بەهێز وەردەگرێت." جێگری وەزیری دەرەوی ئێران دەشڵێت، لەو کاتەدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن، بەڵام "هەندێک پەیام لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت."

ئەوە لە کاتاێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ هۆشداری دایە ئێران و گوتی "داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێ ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ترەمپ دەڵێ: "کات خەریکە تەواو دەبێت و کات زۆر هەستیار [یەکلاییکەرەوە]ـیە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار