ترەمپ: كەشتییەكی جەنگی جوانی تر بەڕێوەیە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



"كەشتییەكی جەنگی جوانی تر ئێستا بەشێوەیەكی جوان بەرەو ئێران دەڕوات، هیوادارم رێككەوتن بكەن" ئەمە قسەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. 
ترەمپ بەم پەیامە هەڕەشە ئامێزە، دواین دەرفەتی خستە بەردەم تاران بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن رێككەوتن بكات. 

هەر لە پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئێرانەوە، شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران قسەی كرد.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی دەنگوباسەكانی سعودیە (واس)، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جێنشینی پادشای سعودیە؛ سەرۆكی ئێرانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی شانشینی سعودیە رێگە نادات بواری ئاسمانی یاخود خاكی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ هیچ كردەوەیەكی سەربازی دژ بە تاران. 

"هەڵوێستی شانشینی سعودیە رێزگرتنە لەسەروەری كۆماری ئیسلامی ئێران و، پاڵپشتی هەر هەوڵێك دەكەین كە بتوانێت لەرێگەی دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بەهێز بكات" شازادەی جێنشینی سعودیە وا دەڵێ؛  كە رۆژانێك وڵاتەكەی نەیاری سەرسەختی ئێران بووە لە ناوچەكەو، گۆڕانكارییەكانی سەردەمی ئیدارەی ترەمپ ئێستا هەڵوێستی بەم شێوەیە پێ گۆڕیوە. 

لەبەرامبەردا بەپێی ئەوەی میدیاكانی ئێران بڵاویانكردوەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ محەمەد ین سەلمان، سەرۆكی ئێران وتوویەتی: تاران تائێستاش پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكات كە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا كە رێگری لە جەنگ بكات. 

قسەكەی محەمەد بن سەلمان كە بە دەسەڵاتداری راستەقینەی سعودیە ئەژماردەكرێت، دوای راگەیەندراوێكی هاوشێوە دێت لەلایەن ئیماراتی عەرەبییەوە كە دەڵێ: رێگەنادەین ئاسمان و خاك و ئاوە هەرێمایەتییەكانمان لە هەر كردەوەیەكی سەربازی دژ بە ئێران بەكاربهێنرێت. 

دۆخی نادڵنیایی لەبارەی ئەگەری وەشاندی گورزی سەربازی لە ئێران وەكو خۆی بەردەوامە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ترەمپ وتی كەشتییەكی جەنگی بەرەو ئێران بەڕێوەیەو خوازیارە ناچار نەبێت بەكاری بهێنێت. 

ترەمپ پێشتر چەند هۆشدارییەكی بە تاران داوە سەبارەت بە كوشتنی خۆپیشاندەران یاخود بەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكە، بەڵام لەوكاتەوە ئیتر خۆپیشاندانەكان كە سەرتاسەری ئێرانیان گرتبووەوە، دامركایەوە. 

ئاژانسی (رۆیتەرز) لەزاری دوو بەرپرسی ئەمریكییەوە دەڵێ: كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی و چەندین كەشتی جەنگی تر گەیشتونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش توانای ترەمپ بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە یاخود ئەگەری كاری سەربازی دژ بە تاران بەهێز دەكات. 

كۆماری ئیسلامی بەمدواییە یەكێك لە توندترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی لە مێژووی خۆیدا بەخۆوە بینی، سەرچاوەی ئەم ناڕەزایەتییە خراپی دۆخی گوزەران و بازاڕ بوو، بەڵام دامركایەوە، بەقسەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەزاران كەسیان كوشتووە، نەك تەنیا لە خۆپیشاندەران، تەنانەت لەناو خەڵكی ئاسایدا؛ ئەمەش لە گەورەترین هەڵمەتی سەركوتكاریدا لەدوای ساڵی 1979وە كە تێیدا دەسەڵات لە ئێران كەوتە دەست ئاخوندەكانەوە. 

دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپرسیارێتی ناڕەزایەتییەكانی ئەمدواییەو كوژرانی خەڵكك دەخەنە ئەستۆی "تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ"ەكان، كە بەوتەی ئەوان لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەرەوەی وڵات و ئەمریكاو ئیسرائیلەوە هاندراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار