تۆم باراک: پەیوەندییەکی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجامدا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگ و بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا.
لەم پەیوەندییەدا، هەردوولا بە وردی دۆخی سووریا و پەرەسەندنە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاگربەست و بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان کردەوە، بەتایبەتی بۆ شاری کۆبانێ کە لە ئێستادا پێویستییەکی زۆری بە کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی سەقامگیری لە سووریا و ڕێگریکردن لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە ئەولەویەتەکانە، هەروەها لە تەوەری دووەمی پەیوەندییەکەدا، باسیان لە دۆخی سیاسیی عێراق کرد و تۆم بەڕاک هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا لە کاتێکدایە کە عێراق و سووریا لەبەردەم گۆڕانکاریی سیاسیی گەورەدان و ململانێی نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان بۆ فەرزکردنی هەژموونی خۆیان گەیشتووەتە لوتکە، واشنتن لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەوە دەیەوێت پەیامی ڕوونی خۆی بگەیەنێت کە تەنها پشتگیری لەو حکومەت و لایەنانە دەکات کە سەربەخۆیی بڕیار و بەرژەوەندیی گەلەکانیان دەپارێزن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ.
