لە جەنگدا تەنها چەک بڕیار نادات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



هەڵوێست وەرگرتن بڕیار دەدات جەنگەکە بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات

ئامادەکردنی هاوڵاتی

مێژوو پێمان دەڵیت کاتێک نەتەوەیەک لەژێر هەڕەشەدایە، زۆرجار بەهێزترین چەک تانک و مووشەک نییە، بەڵکو یەکگرتوویی، خۆیەکلاکردنەوە و هێڵی ئەخلاقییە. 
کاتێک هەر کەسێک بزانێت هەڵویستی چۆن بێت، بەرخۆدان دێتە کایەوە، بەڵام کاتێک نەزانن، تەنانەت بەهێزترین سوپا و هێزی چەکداریش دەکەوێت. لە کاتی مەترسی بۆ سەر بوونی نەتەوەیەک، بێدەنگی هەرگیز مانای بێلایەنی نییە. 

مەلا هەڵۆ بە وتارێکی باسی لە دۆخی رۆژاڤا کرد، بەڵام ئەوەی گوتی خۆبەدوورگرتن بوو لە نواندنی هەڵویستێکی جیدی و تەنانەت لەوانە تووڕە بوو کە داوای هەڵویستی لێدەکەن. 
با وەک نمونە کۆبانێ وەربگرین کە قسەکەی مەڵا هەڵۆ پێچەوانە دەکاتەوە. لە ساڵی 2014 بەرخۆدانی کۆبانێ تەنها بە چەک نەکرا، بەڵکو دەنگهەڵبڕینی لایەنە جیاوازەکان وایکرد کۆبانێ ببێتە یەکەم مەیدانی شکستی داعش. 

مامۆستا ئاینییەکان جەنگەکەیان بە پاراستنی شەرف و خاک وەسفکرد، سیاسییەکان ناکۆکی و دووبەرەکییان وەلاوەنا، هونەرمەندانیش لە ڕێگای کارە هونەرەییەکانییانەوە ئازاری میللەتێکیان کردە سیمبولی بەرخۆدان، تەنانەت رۆژنامەنووسانیش نەیانهێشت کۆبانێ لە ویژدانی جیهانی ون ببێت. 

هەموو ئەمانە پێکەوە کاریگەرییان هەبوو، هەڵوێستی بەکۆمەڵ وایکرد شارۆچکە ئابڵوقدراوەکە ببێتە ئامانجێکی جیهانی. ئەو یەکگرتووییە پاڵپشتی نێودەوڵەتی دروست کرد و دواتریش بووە هۆی رووخانی داعش. 

تەنانەت ئەگەر باس لە ئێستا بکەین، ئەو چەکدارەی کە کەزی ژنە شەڕڤانێکی بڕی ئێستا لە ترسدا دەژی، چونکە دەزانێت رووبەرووی میللەتێک وەستاوە، هەڵوێستی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان وایکرد لە ترسدا ڤیدیۆیەک بڵاوبکاتەوە و پۆزشی ناراست بهێنیتەوە کە ئەو قژە قژی دەستکردە و هی شەڕڤان نییە. ئەگەر خەڵکی هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەڵوێستی نەبوایە رەنگە زیاتر لەسەر ئەو کارەی بەردەوام بوایە.

با نمونەیەکی جیهانی و گەورەتریش بهێنینەوە تاوەکو قسەکەی مەلا هەڵۆ بەتەواوی ڕەتبکەینەوە. لە کاتی جەنگی غەزە، هەڵوێستی دەرەوەی جەنگ ژینگەی سیاسی شەڕەکەی گۆڕی. هونەرمەندان، کەسانی ئەکادیمی، بانگخواز و رۆژنامەنووسان لە تەواوی جیهان هەڵوێستی جیدیان وەرگرت. 

بایکۆت کردن، خۆپیشاندانی زەبەلاح و هەڵوێستی ڕوون لەلایەن خەڵک و کەسایەتییە بەناوبانگەکانەوە حکومەتی وڵاتانی ناچارکرد بێنە دەنگ و فشاری دیبلۆماسی لەسەر ئیسرائیل دروست بکەن. 

هەرچەندە لە کاتی خۆیدا جەنگ نەوەستا، بەڵام هەڵوێست نواندن، بیروڕای گشتیی جیهانی گۆڕی، بۆشایی سیاسیی بەرتەسککردەوە بۆ سنووردارکردنی شەڕەکە و قەیرانە مرۆییەکەی کردە بابەتی رۆژ. هەڵوێست سەلماندی کە خۆیەکلاییکردنەوەی ئەخلاقی توانای ئەوەی هەیە دەسەڵاتی سەربازیی سنوردار بکات. تەنانەت وایکرد لۆبی ئیسرائیلیش لە ئەمریکا تووشی کێشە ببێت، هەروەک چۆن پێش مانگێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دانی پێدا نا و گوتی: لۆبی ئیسرائیل لە کۆنگرێس هێندەی ئێستا لاواز نەبووە.

لە هەموو شۆڕش و بەرخۆدانێکدا سیمبولێک دێتە کایەوە، کە دەبێتە رەمزی ئەو بەگژداچوونەوەیە و خەڵکی هەموو جیهان بەوە شۆڕشەکە دەناسنەوە. لای خەڵکی کوردستان کەزی بووە سیمبولی بەرخۆدان و ئەمە وایکرد شۆڕشەکە تەنها لە ناوخۆدا قەتیس نەبێت و بگاتە هەموو جیهان، هەر لە ڕێی ئەمەوە خەڵکی هەموو جیهان ئێستا دەیناسنەوە و دەزانن کە ئەمە بۆ پشتگیری رۆژاڤایە، لەکاتێکدا مەلا هەڵۆ گاڵتەی پێدەکات و بە خۆپیشاندەران دەڵێت، بە رەقس و کەزی کردن ناتوانن هیچ بکەن. ئەگەر مەلا هەڵۆ تەنها کەمێک ئاگاداری دەوروبەری خۆی بووایە، دەیزانی کە فەڵەستینییەکانیش ئازاری خۆیان لەڕێی بەستنی کەفییەوە گەیاند بە هەموو جیهان و کردیانە ترێندێکی جیهانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار