هەسەدە: بەنێوەندگیری نێودەوڵەتی ئاگربەست درێژکرایەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد: لەسەر بنەمای نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ 15 ڕۆژی دیکە.
ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی پڕۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشق بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندیی تەواوی خۆی بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دووپات کردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، هەمیشە پەرۆشی ڕێزگرتنن لە ئاگربەست، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییە سەربازییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم درێژکردنەوەیە، ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و پێویستە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و سەرخستنی هەوڵە سیاسییەکان.
ئەم بڕیارەی هەسەدە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر گوشارێکی توندی سەربازی و مرۆییدان، نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی درێژکردنەوەی ماوەی بێدەنگکردنی چەکەکانەوە، دەرفەتی زیاتر بدەنە لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی کۆنکرێتی، ئەم 15 ڕۆژە وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینرێت بۆ تاقیکردنەوەی نیازپاکی لایەنەکان و هەروەها سووککردنی ئەو بارگرانییە مرۆییەی کە بەهۆی شەڕ و گەمارۆوە ڕووبەڕووی خەڵکی ناوچەکە بووەتەوە.
