رێباز حەملان زانیارى نوێ لەسەر مووچەی مانگی یەک ئاشکرادەکات
کاتژمێرێک لەمەوپێش
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە مووچەی مانگی یەک (کانوونی دووەم) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی خەرجیی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە و لە ئێستاشدا ئامادەکارییەکان بۆ لیستی مووچە لە قۆناغی کۆتاییدان."
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستەکە تەواو دەبێت و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت. دوای پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بڕی 120 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
سەبارەت بە پابەندبوونەکان، رێباز حەملان گوتی: "وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی پابەندی داواکارییەکانی عێراق بووین و هیچ پاساوێک لەلایەن هەرێمەوە نییە بۆ دواکەوتنی مووچە." ناوبراو ڕەخنەی لە هەڵوێستی بەغدا گرت و ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ و بەغداوە دەکرێت، ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان، بە جۆرێک لە ماوەی سێ ساڵدا مووچەی حەوت مانگ بۆ هەرێم نەنێردراوە."
