عوسمانی حاجی مەحمود: رۆژاڤا سەلماندی گەلی كورد لەم نیشتمانە ئارام نییە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، عوسمانی حاجی مەحمود، لە پەیامێکدا هۆشداریی دەدات سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایدەگەیەنێت؛ کە دۆخی ناوچەکە وانەیەکی نوێی فێرکردین و سەلماندی کە گەلی کورد لە هیچ پارچەیەکی ئەم نیشتمانەدا لە تەناهی و سەقامگیریدا نییە.

عوسمانی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کارەسات و هێرشانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو کرانە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، نیشانەی ئەوەن عەقڵییەتی سڕینەوەی کورد لای ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە وەک خۆی ماوە و هەر کاتێک هەلیان بۆ بڕەخسێت، لە تێکدانی قەوارەی کورد سڵ ناکەنەوە. وتیشی: "ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت، مەترسی و ئەگەری هەیە لە هەر پارچەیەکی دیکەی ئەم نیشتمانە دووبارە بێتەوە."

لە پەیامەکەیدا، ئەو سیاسەتمەدارە ستایشی ئیرادەی جەماوەری کرد و ڕایگەیاند کە یەکگرتوویی کوردان لە هەموو پارچەکان و لە هەندەران، پەیامێکی شوکهێنەر بوو بۆ دەستەبژێری سیاسی و حوکمڕان. ئەو پێی وایە هەرچەندە خەڵک بەهۆی "خواروخێچی، گەندەڵی، قۆرخکاری و بێباکی" دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ماندوو و بێزارن، بەڵام کاتێک پرسی نەتەوەیی دێتە پێش، دەسەلمێنن کە هێشتا زیندوون و ئامادەی فیداکارین.

عوسمانی حاجی مەحمود ڕەخنەی توند ئاڕاستەی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هۆشدارییان دەداتێ: "پێویستە هەڵوێستێکی جدی و سەرڕاستانە بگرنەبەر و ئاوڕێکی بەرپرسیارانە لە دۆخی کوردستان بدەنەوە." داواشیکرد تا کار لە کار نەترازاوە، بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە بنەما نیشتمانییەکان و بەرژەوەندیی باڵای گەل بخەنە سەروو هەموو شتێکەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عوسمانی حاجی مەحمود جەختی لەوە کردەوە کە لە جیهانی بەرژەوەندییەکاندا، تەنها گەرەنتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان بریتین لە؛ یەکتر قبوڵکردن و یەکڕیزی نەتەوەیی و پاراستنی سەروەری هەرێم و گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و داپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەروەتی گشتی و تێگەیشتنی دروست بۆ هاوکێشە جیهانی و هەرێمییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار