هۆکاری بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار چییە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و لە هەولێر 100 دۆلار 151 هەزار دیناری تێپەڕاند. بانکی ناوەندی هۆکارەکەی بۆ دۆخی ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە و گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش دەڵێت، سیستمی ئەسیکۆدا و مەترسیی سزادانی عێراق کاریگەرییان هەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26-01-2026، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینی زیاتری تۆمارکرد؛ لە بازاڕەکانی دراو لە هەولێر بەهای 100 دۆلار 151 هەزار دیناری تێپەڕاند و لە سلێمانیش نزیک بووەتەوە لە 152 هەزار دینار.

سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ مەترسییەک لەسەر یەدەگی دۆلاری وڵات نییە و گۆڕانکاریی نرخی دینار پەیوەندیی بە دۆخی هەنووکەیی ناوچەکەوە هەیە.

هەروەها جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، کۆمەڵێک هۆکار بوونەتە هۆی دابەزینی بەهای دینار، دیارترینیان: سیستمی ئەسیکۆدا، جێبەجێکردنی گومرگی پێشوەختە و ناجێگریی دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە.

جەبار گۆران دەڵێت: "هەڕەشە لەلایەن ئەمریکاوە هەیە کە دەبێت لە حکومەتی نوێدا ئەجێندا سیاسی و ئابوورییەکان جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا مەترسیی سزادانی عێراق دێتە ئاراوە".

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کە پسپۆڕان ئاماژەی پێدەدەن، رێکاری "گومرگی پێشوەختە"ـیە کە لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی ئەو سیستمە، بازرگانان دەبێت لەڕێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە پێشوەختە پارەی گومرگ بدەن نەک لە دەروازە سنوورییەکان بە کاش، ئەمەش بەگوتەی جەبار گۆران "بارگرانیی زۆری دروستکردووە و خواستی لەسەر دۆلار زیاد کردووە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار