تەیف سامی داوای لیستی مووچە لە هەرێم دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی بە واژۆی تەیف سامی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات لیستی مووچەی مانگی یەک بنێرن.

وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەی فیدڕاڵ کرد و تیایدا بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی تازەوە، داوا دەکات لیستی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026 بۆ ڕەوانە بکرێت.

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەمڕۆ بە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی بڵاوکراوەتەوە، ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەت و دەستە سەربەخۆکانی دیکەی عێراق کراوە، ئاماژە بەوەکراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، داوا لە هەموو وەزارەتەکان دەکەن لیست و خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، گرێبەست و گرێبەستی ڕۆژانە کە خەرجی ڕاستەقینەیان هەبووە لە ساڵی ڕابردوودا، دوای وردبینی فەرمانگەی یاسایی و ژمێریی وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان بە CD، بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن.

وەزارەتەکە دەشڵێت: ئامانج لەم نوسراوە بۆ ئەوەیە هەر کات لیستەکە گەیشت، مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026ـی فەرمانبەران خەرج بکرێت، چونکە لیستی پێشووی وەزارەتەکان ئەم وردەکارییانەی تێدانەبووە.

هەر لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا، دەبێت لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بەپەلە ئامادە بکرێت، گۆڕانکاریی لە شایستەی دارایی فەرمانبەران و بەتایبەت بڕگەی خزمەتی زانکۆیی دەکرێت، بەجۆرێک ئەم پارەیە تەنیا بۆ ئەوانە خەرج دەکرێت کە بە کرداری وانە دەڵێنەوە، لەگەڵ چەندین ڕێکاری دیکە لە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات.

13ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووری نوسراوێکی بە پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرد، تیایدا ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی پەسەندکرد، لەوانەش ئیتر 80% داهاتی کۆمپانیا حکومییەکان و وەزارەتەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار