ئەو شارەی تەواوی جیهانی پاراست، ئێستا خۆی پێویستی بە یارمەتییە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
جیهان قەرزارییەتی و دەبێت ئێستا بەهانایەوە بچن
ئامادەکردنی هاوڵاتی
لە پایزی 2014 جیهان خەریکبوو هیوای لەدەست دەدا. داعش لە لوتکەی خۆیدا بوو؛ بەهیچ نەدەوەستێنران، بێبەزەیی بوون و وەک هەورە بروسکە شارەکانی سوریایان داگیردەکرد.
موسڵ کەوتبوو، ڕەققە بووە پایتەختی خەلافەتەکەی و شار بە شاری سوریا و عێراق دەکەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی داعش.
زۆرێک پێیان وابوو گرتنی تەواوی سوریا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە تەنها لەسەر کات وەستاوە. شرۆڤەکاران باسی بەحەتمیبوونی گرتنی سوریایان دەکرد لەلایەن داعشەوە و ترس هەموو سەردێڕی میدیاکانی تەنیبوو.
ئا لەو کاتەدا بەرخۆدانی کۆبانێ دروستبوو. شارێکی کوردی کە لە هەموو لایەکەوە دەورەدرابوو. هەمووان کۆبانێیان بە لەدەستدراو لەقەڵەم دەدا. تانکەکانی داعش بەلیشاو دەهاتن، ئاڵا رەشەکەیان لەسەر شوێنە بەرزەکان هەڵدەکرا و تەواوی کامێراکان چاویان لەسەر کەوتنی کۆبانێ بوو.
تەنانەت بەشێک لە شەڕڤانان دەیانوت بەرگریی سوودی نییە، بەڵام کۆبانێ خۆی بەدەستەوە نەدا. ئا لەو کاتەدا 80%ـی شارەکە بەدەست چەکدارانی داعشەوە بوو.
بەڵام بە بڕیارێکی سەرۆک بارزانی هەموو شتێک گۆڕا. لە 22ـی 10ـی 2014 لەسەر داوای سەرۆک بارزانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی پێشمەرگەی بۆ کۆبانێ دا و دوای شەش رۆژ یەکەم کاروانی پێشمەرگە بەرەو شارەکە بەڕێکەوت.
تەنها بە چەکی سووک و ئیرادەیەکی پۆڵاین، شەڕڤانان و پێشمەرگە شارەکەیان کردە قەڵای بەرخۆدان، شەقام بە شەقام و خانوو بە خانوو بەرگەیان گرت. ئەوەی داعش چاوەڕیی دەکرد بە چەند رۆژێک داگیری بکات، بووە شەرمەزاری چەندین مانگی گروپەکە.
کۆبانێ بووە مەیدانی یەکەم گەورەترین شەڕ کە داعش نەتوانێت تێیدا براوە بێت. ئا لێرەوە ئەفسانەی نەکەوتن و پتەویی داعش تێکشکینرا. لە کۆبانێوە شکانی داعش وەک پوولی دۆمینە دەستیپێکرد. تەنها بە نزیکەی دوو مانگ شارەکە لە چەکدارانی داعش پاککرایەوە.
ئێستا هەمان شار ئابڵوقەیەکی تووندی لەسەرە، ئەمجارە داعش نییە کە گەمارۆی شارەکەی داوە، بەڵکو پاشماوەکانی گروپەکە و بەکرێگیراوانی تورکیان بەناوی سوپای عەرەبیی سوریا، کە ئابڵووقەیەکی تووندیان خستووەتە سەر شارەکە و لە هەموو لایەکەوە دەورە دراوە.
شارەکە لە دۆخێکی سەختدایە. ئاو، سووتەمەنی و خۆراک بۆ خەڵکی سڤیل بڕاوە. کارەبا نییە و نەخۆشخانەکانی پێداویستی پزیشکییان تێدا نەماوە، چەکدارەکانی دیمەشقیش ناهێڵن هیچ شتێک بڕوات بۆ شارەکە.
ئەو شارەی هەموو جیهان قەرزاربارییەتی ئێستا لەژێر بەزەیی چەکدارە دڕندەکانی سوپای سوریایە. هەموو ئەوانەی خۆیان بە هاوپەیمانی کورد دەزانی پشتیان تێکرد و بێدەنگن، هەروەک ساڵح موسلیم دەڵێت، ئەمە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییە و ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتە عەرەبییەکان تێیدا بەشدارن.
بۆیە تەنها کورد دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات، لەبەرئەمەشە سەرۆک بارزانی رۆژی هەیینی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەگەر لە توانامدا بوایە وەک ساڵی 2014 پێشمەرگەم دەناردە کۆبانێ.
سەرۆک بارزانی لە ئیتاڵیاوە بە بیر هەموو جیهانی هێنایەوە کە ئەوە کۆبانێ بوو ئێوەی لە دەستی تیرۆر رزگارکرد و گوتی: کۆبانێ شارێکی کوردییە و نابێت دەستی لێ بدرێت، من هەرچەند بتوانم بۆ ئەو شارەی دەکەم و ئەوەی لە دەسەڵاتمدا بێت ئەنجامی دەدەم.
ئەو شارەی کە تەنها زمانی بەرخۆدان دەزانێت و ئاشنا نییە بە دۆڕان، ئێستا بە بەرچاوی وڵاتانەوە دەخنکێنرێت. ئەمە چیرۆکی کۆبانێ بوو کە تەواوی جیهان لە ئاستیدا لاڵ بووە.
