ئیلهام ئەحمەد: زۆربەی ئەو شەرڤانانەی گیراون دەستبەجێ گولـلەباران کراون
3 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەو شەڕڤانانەی کە شەهید بوون و ئەوانەی کەوتوونەتە دەستیان و بە دیل گیراون [لای هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا]، زۆریان بە مەیدانیی لەسێدارە دراون، واتە هەر کەسێک کە دەستگیر کرابێت، دەستبەجێ گولـلەباران کراوە.
ئیلهام ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر رووداوی لەو شێوە هەبووە کە هەر لە شوێنی دەستگیرکردن، شەڕڤانەکانیان گولـلەباران کردووە، لە تەبقە، رەققە و دێرەزوور هەبووە، زۆرترین دیمەنەکان لە رەققە و تەبقە دەرکەوتوون، هەندێکیش لە شێخ مەقسوود."
بە گوتەی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەوانەی گولـلەباران کراون بە سەدان شەڕڤان دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە هەموویان شەڕڤان نەبن، بەڵکو کەسانی سڤیلیشیان تێدایە، بۆ نموونە ئەوانەی شێخ مەقسوود."
تاوەکو ئێستا دیارنییە چەند شەڕڤان بە دیل گیراون. ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: "هێشتا ژمارەیان دیار نییە، چونکە ئێمە نازانین کێ بە دیلی کەوتووەتە دەستیان و کێش شەهید بووە، هێشتا ئەو ژمارەیەمان پێ نەگەیشتووە."
