دۆزی كورد له كڵاوڕۆژنه‌ی ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دكتۆر صه‌باحی غالیب
له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، له تازه‌ترین دابه‌شكردنی كوردستاندا، به‌شه ڕۆژئاواكه‌ی له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه زیاتر به‌ر شاڵاوی داگیركه‌ران و نكوولیكردن له بوونی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بوونه‌ته‌وه، هه‌ڵبه‌ت له نێوان هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌دا، وێكچوون و هاوشێوه هه‌یه، به‌گشتی له‌سه‌ر نكولیكردن له خاكی كوردستان، بوون و نه‌بوونی كورد و قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی كوردی لای هه‌ر یه‌كێك له داگیركه‌رانی به‌شه‌كه‌ی كوردستان، هه‌موویان هاوباوه‌ڕ و یه‌ك هه‌ڵوێستن و خاڵی سه‌ره‌كیین له نێوانیاندا، به‌ڵام له‌به‌ر كاریگه‌ری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی، هه‌ڵكه‌وتی كۆمه‌ڵێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك زۆرتر له ڕووناكبیران له به‌شه‌كه‌ی عێڕاقدا له لایه‌كه‌وه و هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی بریتانیا له دروستكردنی عێڕاقه‌وه تا 1932 كه بوو به ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، بۆ ناساندنی مافه‌كانی كورد و كردنیان به قانوون و پیاده‌كردنی به‌شێك له مافه‌كانی كورد، كاربه‌ده‌ستانی بریتانیا چ له به‌غدا و چ له له‌نده‌ن ده‌و‌ری سه‌ره‌كییان بینیوه، له لایه‌كی دیكه‌وه، به‌و جۆره باشووری كوردستان به‌رچاوتر و جێگای چاولێكردن و هیوای هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه، ئێستاش كه له‌و به‌شه‌دا، له‌گه‌ڵ بوونی هۆكاری لاوازی درێژخایان، حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئاوات و ڕووناكییه بۆ هه‌موو كورد له نیشتمان و له جیهاندا.
مێژووی تازه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و سه‌دان و زیاتر به‌ڵگه‌نامه‌ی باوه‌ڕپێكراو ئه‌وه‌یان چه‌سپاندووه كه تێکڕا ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌كانی ناوچه‌كه، هه‌ر یه‌كه‌یان له نیوه‌ی یه‌كه‌می چه‌رخی بیسته‌مدا، له لایه‌ن وڵاتێكی زلهێزه‌وه دره‌ستكراوه. به داخه‌وه، ئه‌م حه‌قیقه‌ته مێژوویی و سیاسییه ئه‌گه‌رچی ئاشكرا و زانراوه، به‌ڵام له لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داران و حیزب و فه‌رمانڕه‌وایانی ته‌نانه‌ت ده‌سته‌بژێری وڵاته‌كانی توركیا، عێڕاق، ئێران و سوریاوه به ئه‌نقه‌ست په‌رده‌پۆش ده‌كرێ، هێنده نه‌فام و گه‌وجن سنووری وڵاته‌كه‌یان و قه‌واره‌كه‌یان كردووه به حه‌قیقه‌ت و به پیرۆزی ده‌زانن، به‌رهه‌می ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌ر وڵاتێكیان له‌وانه كردووه به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ركوتكه‌ر و ڕه‌گه‌زپه‌رست، له هه‌مان كاتدا، له دروستبوونیانه‌وه تا ئێستا، به‌هۆی پێشێلكردنی مافی كورد و كه‌مینه ئایین و مه‌زهه‌بییه‌كانه‌وه، حه‌وانه‌وه و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی تێیاندا، بێ قه‌رار و نه‌بووه.
له ساڵی 1917ه‌وه، له سه‌رده‌می شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ره‌وه به ڕێبه‌رێتی لینین، خۆیان هه‌ڵكرد كه له ڕێگای چینی كرێكاره‌وه له ته‌واوی وڵاتانی جیهاندا هاوشێوه‌ی خۆیان ڕژێمی سۆڤیات یا "فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل" دابمه‌زرێنن، له‌وێ، 15 به‌ناو وڵاتیان به ناونیشانی یه‌كێتی سۆڤیات پێكهێنا، بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ خستنه ژیار باری نه‌ته‌وه‌كان و وڵاته جیاوازه‌كان، ته‌نیا و ته‌نیا، زه‌بروزه‌نگ و تۆقاندن و به‌ڵێنی درۆزنانه بوو، ئه‌وه بۆ ماوه‌ی حه‌فتا و ئه‌وه‌نده ساڵێك به‌رده‌وام بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گۆرباچۆڤ درزێكی ده‌رگای ئازادی كرده‌وه، له كانوونی یه‌كه‌می 1991دا، سۆڤیه‌ت ته‌پی و 15 كۆماری نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی له‌سه‌ر كاوله ئاشی سۆڤیه‌ت دامه‌زرا، هاوكات، سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات خۆیان له به‌ره‌ی كۆمۆنیستی به دوورگرت و په‌یمانی وارشۆ هه‌ڵوه‌شایه‌وه، هێنده‌ی پێنه‌چوو، ده‌وڵه‌تی یۆگۆسلاڤیا كه له 1918ه‌وه له چه‌ند نه‌ته‌وه و خاكێكی به زۆر پێكه‌وه لكێنراو پێكهێنرا بوو، له 1991دا، هه‌ڵوه‌شایه‌وه، بووه شه‌ش ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ.
ئێستاش ئه‌گه‌ر له وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان، له‌وه‌ی سۆڤیا‌تیش كه‌متر ئازادی هه‌بێ، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه هه‌موویان پارچه پارچه ده‌بن و گشت ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خاكیان داگیركراوه، جیاده‌بنه‌وه و ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی خۆیان داده‌مه‌زرێنن. ئه‌و حه‌قیقه‌ته حیزب، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌سته‌بژێری ئه‌و وڵاتانه و دیاره له پێش هه‌موویانه‌وه، فه‌رمانڕه‌وایانی داگیركه‌ر له هه‌موو كه‌سێك چاكتر ئه‌و ڕاستییه ده‌زانن، كه تاكه ئامرازێك ئه‌وانی هێشتۆته‌وه، زه‌بروزه‌نگ و تۆقاندن و نكولیكردنه له بوون و مافی نه‌ته‌وه داگیركراوه‌كان، بۆیه تا له توانایاندابێ، له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو مافی نه‌ته‌وه‌كانی ناو وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان، له پێش هه‌موویانه‌وه كورد، ڕاده‌وه‌ستن و له هیچ تۆقاندن و كوشتن و كاولكردن و سرێنه‌وه‌یه‌ك و پاكتاوكردن، ناسڵه‌مێنه‌وه.
گریمانه‌یه‌كی زۆر دوور و ته‌ماوی، كه به چاوی من نابینرێ، با بڵێین: ئه‌گه‌ر و به خه‌یاڵی خه‌وبینین، وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان، هه‌موویان هه‌ڵوه‌شانه‌وه، ئایا كورد له‌و ئاسته‌دایه و هێنده بۆ یه‌كڕیزی و ئاماده‌یی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی كاركراوه كه كورد بتوانێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ڕابگه‌یه‌نێ یا نا؟ له‌و هاوكێشه دژواره‌دا، دۆزی كورد له كوێ ده‌بێ؟ ده‌كرێ چی له ڕۆژئاوای كوردستان فێربین؟ با ئه‌مه بمێنێ بۆ وتاری داهاتوو.
