سەرنجێك لەسەر وێنەیەكی مێژوویی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
نەبەز گۆران
هەموومان ئەو دیمەنەمان بینی، دیمەنێكی خەمگین و شۆكهێنەر بوو. بڵاوكردنەوەی كارێكی زۆرباشبوو، لەبەرئەوەی گەلێك سەركردەكانی لەبەردەم نوێنەری زلهێزێكدا بینی خەمگین و نائومێد دانیشتوون. چركەساتێكی سەخت بوو، ئەمما گەلێكی هوشیاركردەوە هەڕەشەی لەسەرە، هوشیاری كردەوە دەبێت بەرگری لە خۆی بكات، هوشیاری كردەوە ئەمانجی گەورەی ئەو گەلە تەنها دەوڵەتە، گەر تێنەكۆشێت بۆ بەدەستهێنانی، هەموو ساتێك لەژێر هەڕەشەدا دەبێت.
كەس نەیزانی لە كۆبوونەوەكە چی وتراوە، چونكە هیچ كام لە كاك مەسعود، كاك مەزڵوم، كاك مەسرور، شتێكیان نەگوت. بەڵام خودی دیمەنەكە هەمووشتێكی بەكورد وت. ئەوەی میدیاكان لەسەر كۆبوونەوەكە وتیان، هیچ جێگای بڕوا نییە. بەڵام كورد زانی دوژمنەكانی و زلهێزێك دەیانەوێت چارەنووسێكی تاریكی بۆ دروستبكەن. دوای كۆبوونەوەكە كاك مەزڵوم ڕۆیشتە دیمەشق و گەڕایەوە، بانگەوازێكی كورتی بڵاوكردەوە و چیرۆكەكە گۆڕا. دیمەنی خەمگینی كۆبوونەوەكە بوو بە بنەمایەك كورد دەبێت پێكەوەبێت، بانگەوازەكەی كاك مەزڵوم هێندە كوردانە و شكۆمەندانە بوو، گەلێك لە هەموو دونیادا لە ماڵەكەی هاتە دەرەوە و جیهانی تووشی سەرسوڕمان كرد.
وێنەكە تەنها هێما نییە بۆ ئێستای كورد كە خۆمان تێیدا دەژین و هەستی پێدەكەین، كە چۆن گەلەكۆمێمان لێدەكەن. وێنەكە هێمایە بۆ سەد ساڵ مێژووی كورد پاش لۆزان. ئەم گەلەكۆمێیەی ئێستا ئێمە دەیبینین و لە كۆبوونەوەكەی پیرمامدا لە ڕێی شاشەكانەوە دركمان كرد و بەریكەوتین، هەمان گەلەكۆمێ بوو لەسەر شێخ سەعیدی پیران، لەسەر سەید ڕەزای دەرسیمی، لەسەر سمكۆی شكاك، لەسەر قازی محەمەدی سەرۆك، لەسەر مەلامستەفای ڕەحمەتی، لەسەر سەرۆك ئاپۆ، لەسەر گشتپرسییەكەی كاك مەسعود، لەسەر داهاتووش هەمان شت ڕوودەداتەوە، ئەگەر ئەم گەلە هوشیارییەكەی لەسەر خۆی نەگۆڕێت.
بۆ مڕۆڤی هوشیار كە گەلی كوردی بەلاوە گرنگە، ئیتر پرسی جیاوازی ئایدۆلۆژی حیزبی و پرسی ناكۆكی لەسەر پۆست و شوێن زۆر جێگای بایەخ نابن، ئەوەی دەبێتە پرسێكی بنەڕەتی كورد پێكەوەبوونە، كورد و تێكۆشانییەتی بۆ دروستكردنی ماڵەكە_دەوڵەت_ ڕەنگە هیچ كەس هێندەی كورد هەست بە بێ دەوڵەتی نەكات و دەشزانێت تەنها دەوڵەت و چوارچێوەیە دەتوانێت چارەنووس و داهاتووی ئەم گەلە بپارێزێت.
گرنگی وێنەكە و دیمەنەكە ئەوەیە، توشی ڕاچڵەكینمان بكات. پرسیارمان بۆ دروستبكات، ئێمە لەناوخۆی خۆماندا خەریكی چین؟ دونیا چۆن سەیری ئێمە دەكات؟ ئەم دیمەنەی ئێستا ئێمە دەیبینین، دەبێت دیمەنەكەی شێخ سەعیدی پیران و قازی و سمكۆی شكاك و مەلامستەفا و سەید ڕەزای دەرسیم و سەرۆك ئاپۆ، چەند لەم دیمەنە خەمگینتر بووبێت، كە ئێمە نەماندیووە و هەمیشە سەركۆنەی سەركردایەتی سیاسیی خۆمانمان كردووە!
بۆچی ئەو گەلەكۆمەیەی لەسەر كورد كراوە لە وێستگە جیاوازەكاندا كەمترین سەرنجی لەسەر دراوە؟ ئایا پێشینەكانمان لە ئێمە بەهێزتر نەبوون؟ لە ئێمە شەڕكەرتر نەبوون؟ ئەی بۆچی لە چركەساتێكدا تووشی شكست دەبوون؟ ئەم پرسیارانە ناچارمان دەكات سەرلەنوێ دیدگایەكی ترمان هەبێت بۆ پرسی سەركردایەتی كورد و گەلەكۆمێكان لەسەریان. چونكە ئەم دیمەنەی خۆمان بەچاوی خۆمان بینیمان، ئەو ڕاچڵەكینەی بۆ دروستكردین جارێكی تر بیر لە كوردبوون، بیر لە دەوڵەت، بیرلە پێكەوەبوون، بیر لەو مێژووە تاڵەی سەدساڵمان بكەینەوە و هێندە بێڕەحم نەبین هەر سەركۆنەی سەركردەكانمان بكەین، بەڵكو ئەو دیوەش باش هەڵسەنگێنین كە چیان بەرامبەركراوە، چۆن ناچاركراون، زلهێزەكانی وەك ئینگلز و ئەمریكا و ڕوسیا و فەڕەنسا چۆن هەمیشە لە پشت دوژمنەكانی كوردەوە بوون و كوردیان كردووەتە كەرەستەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان.
لەم قۆناغەدا شانسی كاك مەزڵوم لەوەدا بوو، لە چركە ساتێكدا كوردانە بڕیاریدا، سەردەمی شاشەكانە، هەموو كوردێك ڕاستەوخۆ ئاگای لەوەیە چی ڕوودەدات، بەڵام پێشینەكانمان لە شێخ سەعیدی پیرانەوە بۆ سەرۆك ئاپۆ، ئەم شانسەیان نەبوو، ئەوان لە گۆشەیەكدا گەمارۆ دەدران بەبێ ئەوەی كوردانی پارچەكانی تر بزانن چی ڕوویداوە، كاتێك دەیانبیستی چیرۆكەكە كپكرابوویەوە. ئەمڕۆ دونیای شاشەكان هاوكاریمان دەكات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەر ڕووداوەكان بكەوین و وەك كوردێك لە نزیكەوە ئاگامان لەیەكتری بێت. ئەم بەئاگابوونە سەرلەنوێ وزەمان پێدەدات هەموو بیرۆكە جیاوازەكانی ناو ماڵەكەمان وەلاوە بنێین و پێكەوە بۆ خەونێك تێبكۆشین، كە خەونی ماڵە بۆ كورد و تێگەیشتنمان بۆ دروستبووە، ئەگەر لەپشتی یەكتر نەبین، بەرژەوەندییەكانی دونیا چیرۆكی باوباپیرانمان بۆ دووبارە دەكەنەوە.
