پەنەکەی تۆم باراک

3 كاتژمێر لەمەوپێش



عەبدوڵڵا ڕێشاوی

ئەمریکا ئەبێ واز لە عەقڵی تۆم باراک بهێنێت، ئەم ئاگرەی  لە ناوچەکەدا کەوتەوە تێگەیشتنی هەڵەی ئەو بوو بۆ هاوکێشەکانی ناوچەکە، یان تێنەگەیشتنی وردی ئەو بوو لە هاوکێشەیەکی گرنگی وەک کورد لەم ناوچەیەدا.

 ئەو پێی وابوو دەستبەردان لە هەسەدە و کورد  شتێکی هەروا سادەیە .من هەرگیز باوەرم نەبوو عەقڵی سیاسی ئەمریکیی هەڵەی وا بکات! ئێستاش بە پێی میدیای ئەمریکی تۆم باراک رەخنەی زۆر زۆری لەسەرە و بێباکی تۆم بەرامبەر کورد لەناو عەقڵی سیاسی ئەمریکییدا جێی نەبۆتەوە. 

قورسایی کورد لە هاوکێشەی ناوچەکەدا زۆرە، ئەگەر تۆ دەستی لێبەردەدەی لاکەی تر دەست دەداتە ژێر باڵی. ئەمەش هیچ نەکات، سەرئێشەی گەورە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا دروست دەکات. 

لە ڕاستیدا تۆم باراک بێباک بوو لەوەی ڕوودەدات، لە پاش کۆبوونەوەکەی هەولێر، ئەو ئاقڵانە بڕیاری نەدا، باڵانسی لە سوریا تێکدا، ئەو هەڵەیەی باراک کردی تێکدانی باڵانس بوو. ئەو هەموو هێلکەکانی خستە سەبەتەی شەرعەوە و بە مەزڵومی وت چیتر پێویستم پێت نیە!

 ئەمە یەکەم هەڵەیەکی ئەخلاقی بوو بەرامبەر هەموو ئەو قوربانییەی هەسەدە و کورد دای لە سوریا و لە ناوچەکە، من ناڵێم قوربانی بۆ شەڕی داعش، بەڵکو دەڵێم بۆ سەرپێخستن و راگرتنی پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی ناوچەکە، چونکە ئەمریکا بەو پەیامەوە هاتە ناوچەکە، بەڵام ئێستا خەریکە گومان بکەین ئەمریکا ئەسڵەن پرۆژەیەکی وای هەبێ، جا ئەو بێباکییەی باراک لە کورد و ئەو باڵانس تێکدانەی لە سوریا بەرلەوەی لادانی ئەخلاقی بێ، کەتنی سیاسیش بوو.

دیارە ئەو باڵانس تێکدانەی باراک هەتا ئێستا کوردی سوریا باجی دەدا، بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بەردەوام بێت باجەکەی گەورەتر دەبێت و هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە و پێموایە تورکیا و ئێران دەخاتە بەرامبەر یەک. بگرە وەک رۆیتەرز وتوویەتی: ئەوروپاش زیانی لێدەکات.

 کێشەیە ئەگەر تۆم باراک وەک نێردەی ئەمریکا لەم ناوچەیە گوێ لە کورد نەگرێت، بۆ ئەمەش زۆر  گرنگە گوێ لە دید و بۆچونی سیاسیەکی پڕئەزموونی وەک سەرۆک مەسعود بارزانی بگرێت کە ئێستا هەوڵەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی باراک خستووەتە کار و بە ڕۆڵێکی گەورەش هەڵدەستێت بۆ سەلماندنەوەی ئامادەیی کورد لە سوریا و لەناوچەکەدا. 

ئەمە لای هەموان جێی دەستخۆشییە، بە پێشبینی خۆشم؛ پێموایە ئەگەر ئەو هەوڵانەی ئاشتی و ڕاستکردنەوەی باڵانس سەربگرێت، نەک هەر سوریا، بەڵکو هەموو ناوچەکە لە پشێوییەکی گەورە ڕزگاری دەبێت. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر وا نەبێت، دەبێت خۆمان حازر بکەین بۆ پشێوییەکی گەورە کە لە دەستی ئەمریکاشدا نامێنێت.

 تۆم باراک بە بێ راوێژ و قسە وەرگرتن لە سیاسییە بەئەزموون و کاریگەرەکانی ناوچەکە ناتوانێت بڕیاری دروست بدات، بەڵکو هەڵەش بە ئیدارەی ئەمریکا دەکات. تۆم باراک وەک نێردەیەک نابێ تەنها بڕیار بدات یان بڕیار جێبەجێ بکات، بەڵکو دەبێ گوێش بگرێت. ئەمەش بۆ ڕاستی و دروستی بڕیارە سیاسییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا زۆر باشتر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار