لە کۆماری کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوا لەکۆتاییدا مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەبوبەکر کاروانی
ڕۆژی ٢٢/١/٢٠٢٦ یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو. لە دڵەوە ئەو یادە پیرۆز دەکەین، لە قوڵایی ڕۆحمانەوە ڕێزو گەورەییمان بۆ ئەو دەست پێشخەرییە نەتەوەییە مێژووییە و بڕوا بەخۆبوونە شۆڕشگێڕییە لەسەرەپێچێکی دژوارو تاریکی مێژووی هاوچەرخی کوردا دەردەبرین.
کۆماری کوردستان هاوارێکی وجوودیی و رۆحێکی نەتەوەیی ئیسلامیی تێکهەڵکێشراوی کوردیی هەموو کوردستان بوو، دژبە سیاسەتی نەتەوەسازیی خوێناوی رەزاشا و پرۆسەی بە مۆدێرن و ناوەندی کردنی ئێرانی نوێ لەسەر حسابی کورد و مافەکانی و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی. پێشەوای شەهید و هاوەڵانی لە ژ.ک و دواتر حیزبی دیموکرات و تێکۆشەرانی پارچەکانیتر لەوانەش بارزانیەکان و ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە لەو قۆناغەدا، سەلماندیان کورد نەك هەر لە سایەی سەرکوتی رەزاشا و دەوڵەتەکەیدا نەتواوەتەوە و ململانێکە بەشکستی رۆحیی ئەو کۆتاییی پێ نەهاتووە، بەڵکو متمانەشی بەخۆی و ئایندەی وەك نەتەوەیەك نەدۆڕاندووە، خەون و داخوازی هەیە و چاوی لە سەر قۆستنەوەی هەر دەرفەتێکە بۆ خۆنمایشکردن وەك نەتەوە و رەتکردنەوەی ئەو داگیرکاری و بێبەشکردنەی کۆڵۆنیالیزمی خۆرئاواو ئیستیبداد و ستەمکاری ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست بەسەریاندا سەپاندووە.
بۆیە ئێمە لە یادی دامەزراندنی کۆماردا پرسە بۆ پاشەکشەکانی ئێستامان دانانێین و وەک قوربانییەکی بێکەس خۆمان نیشان نادەین، لەم ڕووەوە لە کات وسەردەمێکی جیاوازدا نایکەین بەرەمزی خۆ دووپاتکردنەوەی مێژووی کورد بەدیوە غەمگینەکەیدا، بەڵکو لەوگۆشەنیگایەوە سەیری دەکەین و دەیخوێنینەوە و ئیلهامی لێ وەردەگرین، کە کورد و ناسیۆنالیزمەکەی بە قوربانیدانێکی زۆر، بەسەرکەوتوویی لە قۆناغی نەتەوەسازیی تۆتالیتارانە و خوێناوی و هەوڵی سڕینەوەی کورد لەسەدەی بیستەمدا دەربازی بوو، چونکە ئامانجێکی گەورەی خەباتی کورد لەو قۆناغەدا بۆ ئەوە بوو نەتوێتەوە و شکست بەو سیاسەتە تاریك و بێ ئەخلاقە بێنێت، کە بەسوود وەرگرتن لە توانا ترسناکەکانی دەوڵەتی مۆدێرن و هاوکاری کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی ستەمکار، هەوڵی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی دەدا.
مێژوو بۆی تۆمارکردین، نزیکەی سەرجەم سیستم و رەمزەکانی ئەو قۆناغ و سیاسەتە وەحشیگەری و دژە کوردییە، هەموویان شکستیان خواردو رووخان و چوونە نێو کونج و کەلەبەرە تاریکەکانی مێژووەوە و کورد مایەوە. لە ئێستاشدا کە کورد لە مەترسیی توانەوە رزگاری بووە، بە پێچەوانەی قۆناغی رابوردوەوە، شەر بۆ مانەوە ناکات، دوژمنەکانیشی لەو ئاستەی شەرەکەدا بەچۆکدا هاتوون و کۆڵیان داوە، بۆیە شەر و ململانێکە لە ئێستادا ئەگەر لە روویەکیشەوە سەبارەت بە کورد درێژە پێدەری قۆناغی رابردوو بێت، لەروویەکی ترەوە نێوەرۆکەکەی گۆراوە.
کورد شەری ئامادە بوونەوە لەناو مێژوو دانپێدانانی سیاسی و دووبارە پێناسەکردنەوەی خۆیی و دەوڵەتانی ناوچەکەو جوگرافیا سیاسییەکەی دەکات. پرۆسەی نەتەوەسازی و ئەو دەوڵەتانەی ڕێبەرایەتیان دەکرد و چنگی خویناوی ئەو بوون، بەشی زۆریان نیمچە هەڵوەشاون یاخود لەو سەرە رێگەدان، نابێت دیمەنە کاتیە ئازار بەخشەکان ئەم ڕاستیەمان لەبیر ببباتەوە. بۆیە ئەگەر خۆمان هەبین خوێندنەوەیەکی قووڵترمان بۆ جیهان و خۆمان و مێژووش هەبێت، خوا حەزکات دەگەینە ئەو قۆناغەش کە ئەو سەرکردە و ڕژێمانەی ئێستا دژایەتی تەمکین و هەڵسانەوەی مێژوویی و بەدامەزراوەیکردنی مافەکانی دەکەن، کۆتاییان پێهاتووە، کوردیش بەزۆرێك لە مافەکانی خۆی گەیشتوەو سەلماندوویەتی، نەتەوەی گەورەی چوارەمی خۆرهەڵاتی ناوەراستە و هیچ هێزێك ناتوانێت تاسەر ڕێگە لە ئامادەبوونەوەی وەك هێزێکی خاوەن مێژوو بەشدار و کارا و خاوەن رۆڵێکی گەورەی سیاسی و ئەخلاقی و شارستانی بگرێت.
