منداڵێکی کورد بە هێرشەکانی سوپای عەرەبی سوریا شەهید بوو
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە ئاشکرایدەکات لە ئەنجامی تۆپبارانە بەردەوامەکانی لایەنەکانی دیمەشق بۆ سەر گوندی ئەلقاسمیە لە ڕۆژئاوای کۆبانی، منداڵێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی درێژکردنەوەی ئاگربەستە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر گوندی قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، منداڵێک شەهید بووە و سێ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاتژمێرێک بەسەر ڕێککەوتنی درێژکردنەوەی ئاگربەستدا تێپەڕ بووە، بەڵام گروپەکانی دیمەشق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئەو گروپانە هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر گوندەکانی زرک و قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، هاوکات گوندی جەلەبییەی باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەشیان کردووەتە ئامانج.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان وەسف کراوە، چونکە هێرشەکان ڕێک دوای ماوەیەکی زۆر کەم لە ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەستیان پێکردووەتەوە.
دۆخی شاری کۆبانێ و دەوروبەری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆ و پێکدادانەکانەوە زۆر هەستیار بووە، درێژکردنەوەی ئاگربەست کە بڕیار بوو بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بێت، وەک دەرفەتێک بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەبینرا، بەڵام بەردەوامبوونی تۆپبارانەکان و بە ئامانجگرتنی گوندە ئاوەدانەکان نیشانەی ئەوەیە کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق پابەندی بەڵێنەکان نین، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ناوچە کوردنشینەکان دروست دەکات و پڕۆسەی سەقامگیری لە باکووری سووریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی دەکاتەوە.
زانیارى زیاترhttps://t.me/hawlatinews/32005
