کوردانی جوو و هەموو دونیا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 کوردە جووەکانی ئیسڕائیل، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسن، بەڵام بەقەد هەر سێ ملیۆن کوردی هەندەران و زیاتریش کاریگەرییان هەیە

ئارام ڕەفعەت

لەم گەلەکۆمەکێیەی ئەمریکا و تورکەکان و عاڕەبەکان بۆ سەر کورد لە رۆژئاڤا، هەموان بێدەنگ بوون. تاکە دەنگ و پشتیوانییەک ئیسڕائیل بوو، ئەو لە هەموو ئاستەکان، دواجاریش لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی رۆژاڤایان کرد. بەڵام  هەقیقەتێک هەیە کە زۆرینەی کورد لێی بێخەبەرە، ئەویش؛ ئەوە ئیسڕائیل نییە کە لەسەر کورد هاتۆتە دەنگ. لەڕاستیدا ئەو دەنگە دلێرە هی کوردە، کوردە جووەکان.

کوردە جووەکانی ئیسڕائیل، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسن، بەڵام بەقەد هەر سێ ملیۆن کوردی هەندەران و زیاتریش کاریگەرییان هەیە. ئەمەش بەو دەلیلەی، کە حکومەتەکانی هەموو دونیا، کە زۆرترین کوردی لێیە، لەناویشیاندا ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسای بەحساب دۆست و میراتگری شۆڕشی کۆمۆنەکان بێدەنگ بوون.

ڕەنگە بگوترێت، ئەم وڵاتانە بێ هەڵوێستن چونکە بەرژەوەندییان لەوەدایە و هەڵوێستی ئیسڕائیلیش لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدایە. ڕێک بەپێچەوانەوە، بەرژەوەندی ئیسڕائیل لەوەدایە لە هەمووان بێدەنگتر و بێ هەڵوێستر بێت.

ئەوەی ئیسڕائیل لە سوریای ژێر حوکمی باندەکانی جۆلانیدا بەدەستی کەوتووە، هیچ جوویەک بە مردوو و زیندوویەوە خەونیان پێوە نەبینیوە. ئەو هەڵوێستەی ئیسڕائیل پرەنسیپ و مەبدەئە، بەڵام پرەنسیپ و مەبدەئی دەوڵەتی جوو نا، هی کوردانی جوو.

کوردانی جوو زۆربەیان لە قودس دەژین. ئەوان سێ چارەکە سەدەیە لە جەستەی نەتەوەی دایک و لە هەناسەی داربەڕوەکانی زاگرۆس دابڕاون، بەڵام رۆحیان لە کوردستانە و خەون بە ئازادیی وڵاتی دایکەوە دەبینن.

موقەدەری کورد ئاوەهاییە، لە کوردستانی دایکدا، بەقەد ژمارەی کوردە شکۆمەندە جووەکانی ئیسڕائیل، کوردە بۆرە هەن کە زۆرترین موستەفیدی هەموو خێر و بێرێکی کوردستانن. بەڵام ڕێک پێچەوانەی کوردە شکۆمەندە جووەکان کە بەجەستە لە قودسن و بەڕۆح لە کوردستانن، یارۆکانی خۆمان، بە جەستە لە کوردستانن و بەڕۆح لە قودسن.

لە یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیم دوای هێرشەکەی سەر شێخ مەقسود گوتم، چۆن حەوتی ئۆکتۆبەر دونیای جووەکانی دابەش کرد، بۆ پێش و دوای ئەو رۆژە، ئاوەهاییش دونیای ئێمەی کورد دابەش بووە بۆ پێش و دوای ٦ی ژانیوەری، واتە یەکەم رۆژی هێرشەکەی سەر شێخ مەقسود.

لەدونیای تازەی ئێمەی دوای ٦ی ژانیوەریدا تەنها کوردان برای یەکن، لەناویشیاندا کوردانی جوو. کوردانی جوو ئەو برا مەغدور و دەرکراو و فەرامۆشکراوەن کە دەبێت ئاشتیان بکەینەوە و باوەشی برایەتیان بۆ بکەینەوە. هەرچەند ئەوان نە ئاشت کراونەتەوە و نە هێشتا باوەشی برایەتیان بۆ کراوەتەوە، بەڵام وەک سەربازی ون لە کەنیسێتی ئیسڕائیلی، لە ئۆفیسی وەزارەتەکان و لە داڵانی لۆبییەکانی ئیسڕائیل شەونخوونی دەکەن و یەخەی ئەم و ئەو دەگرن و داوای پشتیوانی و هاتنە دەنگ و پاراستنی رۆژاڤایان لێدەکەن. ئەوان سەربازی ونی نەتەوەیەکی خەواڵوو و بێباکی دەرەوەی مێژوون.

ئەوان سێ چارەکە سەدەیە لە جەستەی دایک دابڕاون، بەڵام سێ چارەکە سەدەیە بە ئێمەی خەواڵووی دەرەوەی مێژوو دەڵێن خوێن نابێت بە ئاو و برای دایکیش تاکە برایە کە بێ شەرت و مەرج بە برایی دەمێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار