وەزارەتی ناوخۆ: کەس هاوکارییەکان نەباتە سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا، وردەکاریی میکانیزمی کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و سەلامەت لە ڕووی لۆجستی و ئیدارییەوە دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 22ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا هەڵمەتێکی گەورە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەستی پێکردووە و هاونیشتمانیان بڕێکی زۆر لە پێداویستی و شتومەکی جۆراوجۆریان پێشکەش کردووە. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، وەک لایەنی پسپۆڕ سەرپەرشتی تەواوی پڕۆسەی کۆکردنەوە، پۆلێنکردن و گواستنەوەی هاوکارییەکان دەکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و زانستی بگەنە دەستی لێقەوماوان.
وەزارەتی ناوخۆ داوایەکی گرنگی ئاراستەی خێرخوازان و لایەنەکان کرد کە بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانیان، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی ئەو میکانیزمە فەرمییەی کە دیاری کراوە، وەزارەت هۆشداریی دا کە هیچ کەس و لایەنێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ کەلوپەل و کۆمەک نەباتە سنوورەکان، چونکە گەیاندنی هاوکاری بۆ ناو خاکی سووریا پێویستی بە ئامادەکاریی لۆجستی و ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئیداری هەیە، کە ئەوەش تەنها لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەرانەوە ڕێکدەخرێت.
ئەم هەڵمەتە مرۆییە فراوانەی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدایە کە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بەهۆی گەمارۆ و ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە لە دۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە، هەوڵ دەدات هەموو هاوکارییە میللی و حکومییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو کۆبکاتەوە تاوەکو زۆرترین سوود بە ئاوارە و لێقەوماوان بگەیەنێت و ڕێگری بکات لە هەر جۆرە پشێوییەک لە کاتی گواستنەوەی کۆمەکەکان لە خاڵە سنوورییەکاندا.
