راوێژکاری ئەڵمانیا: رژێمی ئێران چەند هەفتەیەکی ماوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشدارییەکی تووندی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند، "ئەو رژێمە چەند رۆژێکی ماوە [زۆری نەماوە]." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستوەردانی لە دژی تاران نوێ کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "کات خەریکە تەواو دەبێت."
مێرتس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئیلی بۆلۆجان، سەرۆکوەزیرانی رۆمانیا گوتی: "رژێمێک کە تەنیا لەرێگەی تووندوتیژی و تیرۆرەوە دژی دانیشتووانەکەی خۆی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چەند رۆژێکی کەمی ماوە. رەنگە ئەوە بابەتێکی چەند هەفتەیی بێت، چونکە ئەم رژێمە هیچ شەرعییەتێکی بۆ حوکمڕانیی وڵات نەماوە."
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بە کوژرانی هەزاران کەس کرد لە خۆپێشاندانەکانی دواییدا و گوتی، ئەمە نیشانەی ئەوەیە "رژێمی مەلاکان تەنیا لەرێگەی تیرۆرەوە دەسەڵاتی گرتووە".
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی (HRANA)، زیاتر لە شەش هەزار و 200 کەس لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، کە زۆربەیان لە رۆژانی 8 و 9ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بووە.
مێرتس پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکارییەکەی ئیتاڵیا دەربڕی بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا "سوپای پاسدارانی ئێران" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت. راوێژکاری ئەڵمانیا نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە هێشتا یەک یان دوو وڵات لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا ئامادە نین پشتگیری لەو هەنگاوە بکەن.
لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوان و بێ وێنەی خۆپێشاندان بووەتەوە. خۆپێشاندانەکان لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2026 گەیشتنە لووتکە و هێزە ئەمنییەکان بە تووندی بەرپەرچیان دانەوە. بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان، ژمارەی کوژراوان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، بەڵام بڕینی ئینتەرنێت پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوەی ئامارەکانی قورستر کرد.
گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025، بووەتە هۆی گەڕانەوەی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر تاران. ترەمپ چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا رێگە نادات دەسەڵاتی ئێران بەو شێوەیە بەردەوام بێت و هەڕەشەی دەستوەردانی کردووە ئەگەر "سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی خەڵک" رانەگیرێت.
هەڵبژاردنی مێرتس وەک راوێژکاری ئەڵمانیا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی دەرەوەی بەرلین بەرامبەر تاران دروست کردووە. ئەڵمانیا کە پێشتر رۆڵێکی میانڕۆی هەبوو، ئێستا بووەتە یەکێک لە تووندترین رەخنەگرەکانی ئێران لە ئەورووپا و بە ئاشکرا داوای رووخانی دەسەڵاتی ئایینی لەو وڵاتەدا دەکات.
