دیوی دووەم و شاراوەی لینزی گراهام ئایا هەر بەراستی دۆستی کوردە؟

کاتژمێرێک لەمەوپێش



ئامادەکردنی هاوڵاتی

لینزی گراهام، ئەو سیناتۆرە ئەمریکییەی بە دۆستی نزیکی کورد ناسراوە، جارێکی تر لە میدیای کوردیدا بە پاڵەوان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام هەر بەڕاستی ئەگەر سەیری کارەکانی پێشووی بکەین دەزانین کە نەیتوانیوە یارمەتی کورد بدات و بەڵینەکانی بەرامبەر کورد جێبەجێ نەکردووە، تەنانەت لە پشت پەردەوە قسەی تووند و ناشرینی بەرامبەر کورد کردووە.

لینزی گراهام پرۆژەیاسایەکی لە هەژماری ئێکسی خۆی ڕاگەیاند بە ناوی "کوردەکان بپارێزن" و گوتی؛ ئەم هەفتەیە پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی دەکەم کە ئامانج لێی ئەوەیە سزای کەمەرشکێنی ئابووری بخرێتە سەر هەر وڵاتێک کە هێرش دەکاتە سەر کوردەکان کە هاوپەیمانمانن و ئەمریکا پشتیان تێناکات. 
بەڵام ئەم سیناتۆرە لە ساڵی 2019 هەمان بەڵێنی بە کورد دا و بەڵێنەکەی لەبەر بەرژەوەندی تورکیا و وڵاتەکەی شکاند، هەر وەک چۆن ئیستا بەرپرسانی ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان هەسەدەیان فەرامۆشکردووە. 

بۆ ئەوەی بە تەواوی لە چیرۆکەکە تێبگەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2019، ئەو کاتەی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی دژی رۆژاڤا دەستپێکرد. 
لەپێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لینزی گراهام دەنگێکی دلێر بوو لە کۆنگرێس بۆ پاراستنی کورد و دەیگوت، ناهێڵین بەهیچ شێوەیەک تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردەکان و ئەگەر هێرش بکات باجێکی قورس دەدات، بەڵام بە بڕیاری ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا کشانەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا هەڵکرد تا ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێبکات. 

لەدوای هێرشەکەی ئەنقەرە، کە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی رۆژاڤا، لینزی گراهام پرۆژەیاسای "رووبەرووبونەوەی دەستدرێژییکاریی تورکیا"ـی پێشکەشی کۆنگرێس کرد و لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران پەسەندیکرد و تەنها ئەوە مابوو دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دواتر گراهام پەشیمان بوویەوە. 

لەدوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کە ئەوکات لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەدا بوو، لینزی گراهام ڕایگەیاند، کات دەدات بە ئیدارەی ترەمپ تاوەکو دانوستانی ئاگربەست لەگەڵ تورکیا دەکات، ئەمەش بووە هۆی کوشتنی پرۆژەیاساکە.

هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو کە ئەو کاتە سەرکردەی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران میچ مەکۆنێڵی سەر بە دیموکراتەکان بوو، کە رێگەی نەدا پرۆژەیاساکە دەنگی لەسەر بدرێت و گوتی: سزا سەپاندن بەسەر تورکیا کە هاوپەیمانێکی ناتۆمانە وادەکات زیاتر لە روسیا نزیک ببێتەوە.

بۆیە رەنگە پرۆژەیاساکەی ئێستاش هەمان چارەنووس چاوەڕێی بکات و بکەوێتە ژێرپێی بەرژەوەندییەکانەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا واشنتن بەرژەوەندییەکی گەورەی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا هەیە. 

پرۆژەیاساکەی گراهام بۆ کورد پشتگیرییەکی گەورەیە، بەڵام پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێن و زۆری دەوێت تا دەگاتە ئەنجام.
سەرەتا دەبێت پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەند بکرێت، دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە و دەبێت ڕێژەی 50+1 دەنگەکان بەدەستبهێنێت. پاشان پرۆژەیاساکە دەخرێتە بەردەم ترەمپ بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و ببێتە یاسا، بەڵام رەنگە ترەمپ واژۆکە نەکات بەهۆی پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا. 

ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەیاساکەی ڕەتکردەوە، ئەوکات ئەنجومەنی پیران دەتوانێت جارێکی دیکە بیخاتە دەنگدانەوە، بەڵام دەبێت ئەمجارە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەیاساکە بکرێتە یاسا. واتە لەکۆی 100 سیناتۆر سەروو 66 سیناتۆریان، بە بەڵێ دەنگی لەسەر بدەن.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش لینزی گراهام دیوێکی دیکەی هەیە کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لیی ئاگادار نین. لە ئابی 2019، پەیوەندییەکی تەلەفونی بۆ هات تێیدا کەسی بەرامبەر خۆی بە خلوسی ئاکار ناساند، کە ئەوکات وەزیری بەرگریی تورکیا بوو و لە گفتوگۆکەیاندا باسی کوردیان کرد. 

بەڵام ئەو پەیوەندییە خلوسی ئاکار نەبوو، بەڵکو دوو کەسایەتی رووسی بوون کە گۆڤاری پۆڵەتیکۆی ئەمریکی دەڵێت، پەیوەندی گوماناویان بە دەزگای هەواڵگریی روسیاوە هەیە. 

لەو پەیوەندییەدا لینزی گراهام نهێنی گەورەی لەسەر چەند بابەتێکی هەستیار ئاشکرا کرد و باسی کوردیشی کرد، بە خلوسی ئاکاری ساختەی گوت: کێشەی کورد کێشەیەکی گەورەیە، هەڵەیەکی گەورەمان کرد پشتمان بە کورد بەست.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار