راوێژکارێکی سەرۆکوەزیران هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئاشکرا کرد
2 كاتژمێر لەمەوپێش
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە بازاڕی رەش ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە، ئەو بەرزبوونەوەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی بژێوی هاووڵاتیان نییە.
مەزهەر محەممەد ساڵح، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، "بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلار یەکێکن لەو بازاڕانەی زۆرترین کاریگەریی زانیارییان لەسەرە، تەنانەت دەکرێت وەک بازاڕی زانیاری وەسف بکرێن، بەتایبەت کاتێک زانیارییەکان لە جۆری دەنگۆبن.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە، لە ئێستا دراوی بیانی هاوتەریب لەگەڵ نرخی زێڕ لە جیهاندا دەڕوات، بەو پێیەی خواست لەسەر هەردوکیان زیاد بووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی دۆلارە لە بازاڕی رەشدا.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان، مەزهەر محەممەد ساڵح دڵنیایی دا کە "ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی جەوهەرییان لەسەر ئاستی بژێوی نییە"، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ فراوانیی بنکەی دابینکردنی کاڵا بە نرخی فەرمی و جێگیر، کە لەلایەن یەدەگێکی بەهێزی بیانییەوە پشتیوانی دەکرێت، جگە لە سیاسەتی بەرگریکردن لە نرخی کاڵا سەرەکییەکان.
لە کۆتاییدا راوێژکاری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دۆلار زیاتر پەیوەستە بە رەفتاری ئەو کەسانەی خاوەنی پارەی زیادەن و وەک پاشەکەوت بەکاری دەهێنن، وەک بەڵگەیەکیش گوتی: "تۆمارکردنی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە کۆتایی ساڵی 2025دا، کە %1.5ی تێنەپەڕاندووە، بەڵگەیە لەسەر مانەوەی نرخەکان لە چوارچێوەیئاساییدا."
