تمەن هاڕەى کرد بەهای گەیشتە نزمترین ئاست

6 كاتژمێر لەمەوپێش



تومەن دیسان نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد، هەر دۆلارێک بە 150 هەزار تومەن مامەڵەی پێوەکرا.

ماوەیەک بوو بەهای تومەنی ئێران جێگیر ببوو، بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کردووە و بە نزمترین بەهای لە مێژوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 144 هەزار تومەن و بەهۆیەوە بازاڕەکانی تاران داخران و دواتر ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدواوە هات.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ چارەسەری ئەم دۆخە سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕی و توانی کەمێک بەهای تمەن بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە 135 هەزار تومەن  و دواتر دیسان دابەزی.

ئەمە تەنیا چەند رۆژێک بەردەوام بوو و لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی تاران لە نيوان 138 هەزار تومەن تا 141 هەزار تومەن جێگیر ببوو.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رۆژ لە دوای رۆژ بەهای تومەن زیاتر دابەزیوە و ئەمڕۆ سێشەممە بە 150 هەزار تومەنیش بۆ هەر دۆلارێک مامەڵەی پێوەکراوە، کە لە مێژووی ئەو دراوەدا بێوێنەیە.

بەردەوامیی سزاکان، ئەگەری روودانی جەنگ، لێدوانی توندی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە دژی یەکتر و بێ متمانەیی لە نيو بازاڕەکانی ئێران بوونەتە هۆی ئەوەی تومەن بەهاکەی زیاتر دابەزێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار