چرکەساتی لەدایکبوونی واقیعێکی نوێ
3 كاتژمێر لەمەوپێش
هیوا عومەر
ئەو کۆدەنگی و هۆشیارییەی لەمڕۆدا دەیبینین، لە هەموو کۆچە و کۆڵانێکدا ڕوو لە سەنگەری بەرگرییە؛ ڕوو لە دنیایەکی تر، پاراستنی ناسنامەی کوردبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرانە. ئەم کۆدەنگییە لە هەناوی واقیعێکی تازە و لە دامێنی کۆمەڵگەوە سەری هەڵداوە.
"هانا ئارێنت" لە کتێبی (ڕاهێڵ ڤارنهاگن)ـدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن قورسترین ئۆپەراسیۆنی قڕکردن نەیتوانیوە شوناسی جوویەتی بسڕێتەوە و بیتوێنێتەوە. هانا لە ساڵی ١٩٠٦ لە ئەڵمانیا لە خێزانێکی جوودا لەدایک دەبێت، باس لەوە دەکات کە هەرگیز خۆی وەک جوولەکە نەبینیوە تا ئەو کاتەی بووەتە ئامانجی هێرشی دژەجوولەکەکان؛ واتە ئەوە دژەجووەکان بوون کە وایان کرد هانا ئارێنت درک بە جوولەکەبوونی خۆی بکات.
هانا دەڵێت: "کاتێک وەک جوو هێرشت بکەنە سەر، دەبێت وەک جوو بەرگری بکەیت"، نەک وەک ئەڵمانییەک، یاخود وەک هاووڵاتییەکی جیهان، یان لەژێر ناوی بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ و هتد. چرکەساتی هێرشی قڕکردنی بوونی کورد، هاوشێوەی ساڵی ١٩٣٣ـیە، ئەو ساڵەی کە هیتلەر هاتە سەر دەسەڵات و هاناش دەستگیر کرا.
بۆ پاراستنی بوونی کورد، پرسیار ئەوەیە: بەشێوەیەکی بەرجەستە دەتوانین چی بکەین؟ ئا لەم ساتەوەختەدا دووەم مەبەست سەرهەڵدەدات، کە گەشەکردنی هۆشیاری و تێکۆشانی پراکتیکیی ڕووبەڕووبوونەوەیە؛ ئەوەی کە لەمڕۆدا لە هەموو کۆچە و کۆڵانێک دەیبینین. واقیعێکی نوێ لە هەناوی خۆیدا بەڕوونی بزافی جەماوەری لە دامێنی کۆمەڵگەوە گەشە دەکات و پێش گوتاری سواوی پارتە سیاسییەکانیش دەکەوێت.
ئەم کۆدەنگییە بەرهەمی هۆشیارییەکی فکری و سیاسییە؛ هۆشیارییەک کە هەم بەرهەمی کەڵەکەبوونی بەردەوامی تێکۆشانی ئەزموونی ڕۆژئاوا و دوێنێمانە، هەمیش بەرهەمی لێکەوتەکانی میدیای دیجیتاڵییە بەسەر نەوەی نوێوە.
لە ئاستە مێژووییەکەشیدا، بێبەش نییە لە لێکەوتەکانی "تراوما"یەکی مێژوویی وەک بەزەینداهاتنەوەی کۆنەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە پرۆسەکانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد و کوردستان.
ئەم ڕووحیەتی ڕووبەڕووبوونەوەیە، هەم دۆخێکی پەرچەکردارییە، هەمیش بەرهەمی ئەزموونێکی تری ژیانە کە ناتوانرێت تەنها لە پەرچەکردارێکی ناسیۆنالیستانەدا کورت بکرێتەوە؛ هەرچەندە ئەوە ڕاستە پرسی کوردبوون لەمڕۆدا زیاتر لە هەموو کات کۆدەنگییەکی نەتەوەیی دروست کردووە بەهۆی هێرشی دژەکوردەکان و هێزە شۆڤێنییەکانەوە (وەک هانا ئارێنت دەڵێت).
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هاوسۆزی و کۆدەنگییە بۆ پرسی ڕۆژئاوای کوردستان، هاوسۆزی و کۆدەنگییەکە لەگەڵ ئەزموونێک کە لە ناوەوەی خۆیدا پایەکانی لەسەر ئازادبوونی مرۆڤ و ژیانێکی دادپەروەرانە بنیاد ناوە، ئەویش بە گرێدانەوەی بە پاراستن و بەهاکانی کوردبوون و بنەماکانی ژیانێکی سۆسیالیستانە. ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە پێشکەشکردنی ئەزموونێکی تازەی خۆبەڕێوەبردن و ئازادی و پرس و بوونی ژن وەک بکەر (سوبێکتی) مێژوویی، کە دەپەڕێتەوە لە قوربانییەوە بۆ ڕۆڵی کارەکتەرێکی مێژوویی.
بڕینی کەزیی شەڕڤانێک لەسەر دەستی چەتەکانی داعش و هۆنینەوەی هەزاران و ملیۆنان کەزیی تر، ئاماژەیە بۆ ئەو ڕۆڵە مێژووییەی ئەمڕۆ بزافی ژنان لەوێدا ئەزموونی دەکەن. ئەمەش تەنها بەرەنگارییەکی ناسیۆنالیستانە نییە لە ناوەڕۆکدا، بەقەد ئەوەی لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکدایە؛ بەرەنگارییە هەم ڕوو لە داگیرکاریی ناوخۆیی و هەمیش ڕوو لە داگیرکاریی سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداریی جیهانی.
