سوریا لە ململانێی تورکیا و ئیسرائیلدا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هونەر تۆفیق
ئەوەی لە سوریادا دەگوزەرێت ئیدارەدانی ململانێی نێوان تورکیا و ئیسرائیلە کە نەک بەتەنیا کورد، تەواوی گەلانی سوریای گیرۆدە کردووە.
ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی سوریا و دیارکردنی باکووری وڵاتەکە وەک ناوچەی نفوزی تورکی و لە باشوورەوە بۆ ئیسرائیلیەکان، ناکاتە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا، بەڵکە ڕێکەوتنە لەسەر دیاریکردنی سەنگەری ئەو دوو هێزە لە دژی یەکتر و درەنگ یان زوو ئەو دوو سەنگەرە بەیەکدا دەتەقنەوە، چونکە:
یەکەم: هەرچەندە حکومەتە کاتییەکەی جۆلانی هەردوو سەنگەرە دژبەیەکەکەی بەسەر خاکی وڵاتەکەیەوە قبوڵکردووە، بەڵام مەرج نییە خەڵکانی ناو هەردوو زۆنە تورکی و ئیسرائیلیەکە ئەو سەنگەرانەیان قبوڵ بێت. کوردەکان دژ بە نفوزە تورکییەکەن و عەرەبە سونەکانی دیمەشق و دەرعا و سوەیداش دژ و نەیاری ئیسرائیلییەکانن. بۆیە ئەگەر لە ئێستادا بەهۆی دۆخی جەنگەکەوە نەیانپەرژێتە سەر ڕەتکردنەوەی ئەو دابەشکارییە، لە داهاتوودا هۆکارێکە بۆ دژبوونەوە بە حکومەتەکەی جۆلانی و ناسەقامگیری لە سوریادا.
دووەم: هیچکات لە ڕووی عەقیدەوە هێزە ئیسلامییەکان نەیانتوانیوە ببنە هاوپەیمانی هەتایی ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان. هەمیشە ئەزموونی جۆرەکانی هاوپەیمانییەتییان کۆتاییەکەی بە سەرلەنوێ شەڕکردنەوەیان بووە. چ ئەمریکا و چ ئیسرائیل چەندە نزیک بووبنەوە لەگەڵ حکومەتە ئیسلامییەکەی جۆلانیدا، لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و شەهرەعەسەلەکەیان کۆتاییەکەی هەڵگیرسانەوەی جەنگ دەبێت لە نێوانیاندا.
سێهەم: مۆدیلی دەوڵەتی مەرکەزی و بەهێز لەناوچەکەدا وەک ئەمریکا بۆ سوریاکەی جۆلانی دەخوازێت، لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە قەومییەکان لەسەر دژایەتیکردنی ئیستعمار و ئیسرائیل دامەزران. سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی ئەو مۆدێلە دەوڵەتانە تەنیا بە دژایەتیکردنەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەگەری پەیدابوونەوەیان هەیە، نەک بە دۆستایەتی کردنیان.
