ناوچەی ئارام و دژە فڕین بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا لە سوریا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بڵند دلێر شاوەیس
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بە بەڵگە ڕاپۆرتی تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژانی ڕابردووی بڵاو کردۆتەوە، کە لە لایەن سوپای عەرەبی سوریا و چەکدار و میلیشیاکانی احمد الشرع (الجولاني) ئەنجام دراوە دژ بە هاوڵاتیانی سڤیلی کورد لە سوریا، کە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و بریتین لە تاوانەکانی:
١- کۆمەڵکوژیی ئەو ژن و پیاوە کوردانە کە ویستوویانە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەربچن.
٢- سوپای سووریا گازی ژەهراوی دژی خەڵکی سڤیل بەکارهێناوە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب.
٣- گەمارۆدانی نەخۆشخانەی (خالید فەجر) و دواتر هێرش کردنە سەری بە درۆن.
٤- سوکایەتی کردن بە تەرمی کوژراوان.
٥- بازرگانی کردن بە مرۆڤ و بەکۆیلەکردنی ئافرەت.
٦- جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی.
٧- ئەشکەنجەدان.
٨- ئازادکردنی تیرۆریستان لە زیندانەکاندا بەمەبەستی قوڵکردنەوەی شەڕ و ناکۆکییەکان و زیادکردنی کردەوە تیرۆریستیەکان و..هتد.
ئەوەی لە ئێستادا گرنگە لەسەر ئاستی پەیوەندییە دبلۆماسیەکان و هەروەها لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و ئەوروپا و ئەمریکا، پێویستە داواکاریەکانی کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە پێکهاتەی کورد لە سوریا کە مەترسییە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئارامی ناوچەکە، بریتی بێت لە:
١- دەرکردنی بڕیارێک هاوشێوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٦٨٨)ی ساڵی ١٩٩١ تایبەت بە باشووری کوردستان، بۆ دیاریکردنی ناوچەی ئارام (المنطقة الامنة) بۆ کورد لە سوریا، ناوچەی دژە فڕین و دژە درۆن (منطقة حضر الطيران).
٢- داواكردني هێزی ئاشتی پارێز لە نێوان میلیشیاکانی سەر بە (الجولاني) و هێزەکانی هەسەدە. هێزی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یان هێزی لایەنی سێیەم.
٣- داواکردنی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکانی سوریا لەسەر بنەمای فیدراڵی یان ئۆتۆنۆمی یان هەر شێوەیەک بێت کە کوردانی ڕۆژ ئاوا بە گونجاوی دەزانن.
٤- جێگیرکردنی مافەکانی کورد لە دەستوردا.
