ئەتۆمی ئێران: لە دووڕیانی هاوکاریەکانی ڕووسیا و ئایندەیەکی نادیاردا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
لە ناوەڕاستی ١٩٦٠دا، ئەمریکا ڕیاکتۆرێکی پچوکی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵیک کەرەستەی تاقیگەیی بە زانکۆی تاران فرۆشت. ئامانج لەمەش پەرەپێدانی پرۆگرامی زانستی بوو لەلایەن ناوەندە زانستییەکانی ئێرانەوە بۆ دەستخستنی وزەی جێگرەوە لەپێناو بەرهەمهێنانی کارەبادا. هەروەتر، بۆ هەمان مەبەست ٦.٥ کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی کوالیتی بەرز دابینکرا. پاشان شای ئێران ١٠ ڕیاکتۆری ئەتۆمی لە ئەمریکا کڕی، بەهیوای زامنکردنی تەناهی وزە بۆ ئێران لەبری تەنها بەکارهێنانی نەوت کە لەو ساڵانەدا فرۆشی زۆربوو. ئەم خواستەی شا بەشێنەی بۆ پەرەپێدان بەچەکی ئەتۆمی وەک بەشێک لە ستراتیژی دوورمەودایی ئاسایشی نەتەوەیی و دامەزراندنی ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران سەری کێشا.
دیدگای ستراتیژی ئێران لەو ساڵانەدا ئەوەبوو ببنە لەمپەرێک لە بەرانبەر فراوانبوونی هەژموونی یەکێتی سۆڤێت لەناوچەکەدا. نە خاسمە لەو ڕووەوە هاوسنوربوو لەگەڵ ئێراندا. وێڕای ئەمە لە ١٩٧٤دا کۆمپانیای Siemens ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لە ٪٦٠ کارەکانی بونیادنانی ٢ ڕیاکتۆری ئەتۆمی وێستگەی بوشەهر تەواو کردبوو کە وا بڕیاربوو لە ١٩٨١دا دەستبەکاربێت. بەڵام بە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩٧٩، کارەکانی ڕاگرت. دواتریش حکومەتی مەهدی بازرگان ئامادەنەبوو لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی بەردەوامبێت، چونکە لە دیدگای ڕابەری شۆڕشدا، پڕۆگرامی ئەتۆمی دژ بە ئیسلامە.
تەنانەت لە وتارەکانی ئایەتوڵا خومەینیدا پێ لەسەر ئەوەدا دەگیرا کە ئەمریکا بە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و ناکازاکی، بەرپرسیاری کوشتنی هەزاران مرۆڤ بووە. تەنانەت فەتوای بۆ بۆ حەرامکردنی پەرەپێدان بە پرۆگرامی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵکوژ دەکرد. هەتاکوو کۆتایی جەنگی ئێراق-ئێران، دەسەڵاتی ئێران ئاوڕی لە پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی نەدایەوە.
دوای مەرگی( ئایەتوڵا خومەینی) لە ١٩٨٩دا، ڕابەری نوێی شۆڕش، ئایەتوڵا عەلی خامنەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانجی پاراستنی ئێران لە مەترسییە دەرەکی و دوورمەوداکان سەڕێخستەوە. لە شوباتی ٢٠٠٦ دا، پاڵپشت بۆ ئەم ویستە زانا ئاینییەکانی حەوزەی قوم فتوایەکی نوێیان دەرچواند. لە فەتواکەدا بەڕوونی ئاماژەیان بەوەدا، هیچ بنەمایەکی ئاینی لە ئیسلامدا نییە کە لەگەڵ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دژ بوەستێتەوە. ئەوەی جێگای ڕامانە، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێشبینی هەنگاوێکی لەم جۆرەیان نەکردبوو! چونکە دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاری هەواڵگری لەسەر جموجۆڵەکانی ئێران لەم ڕووەوە سنووردار بوو. یەکێک لە هۆکان ئەوەبوو لە مانگی حوزەیرانی ١٩٨٩دا، وێستگەی هەواڵگری ئەمریکا (CIA) لە شاری بۆن کە سەرپەرشتی تۆڕێکی سیخوڕی لەنێو ئێراندا دەکرد. لە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراودا تووشی شکستێکی گەورە هات. لەو کاتەدا کە ئەم وێستگەیە نامەیەکی گشتاندنی کۆدکراوی بە مرەکەبی شاراوە بۆ ئەندامەکانی ناردبوو. دژە هەواڵگری ئێران لە ڕێگەی چاودێریکردنی یەکێک لە سیخوڕەکانی ئەم تۆڕەوە، توانی ئەو ناونیشانەیە بدۆزێتەوە کە نامە کۆدکراوەکەی لێوە نێردرابوو. کاتێک بەدواداچوون کرا، دەرکەوت کە لەو ناونیشانەوە هەمان نامە بۆ هەموو ئەندامەکانی تۆڕەکە لەسەرانسەری ئێران نێردرابوو. بەم شێوەیە، دژە هەواڵگری ئێران بە ئاسانی توانی تەواوی ئەندامەکان دەستگیر بکات. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، زۆربەیانی لەسێدارە درا.
لە تارانەوە بۆ مۆسکۆ: ڕاوکردنی زانایانی ئەتۆمی
لە دەستپێکی ١٩٨٩دا، ئێران توانی زۆرێک لەو زانا و پزیشکانە بگێڕێتەوە کە لە دوای ١٩٧٩ وە لە ئێران کۆچیان کردبوو. ئەویش بە پێشنیارکردنی پێگە، موچەی ئاست بەرز و بزواندنی هەستی نیشتیمانپەروەری. زۆرێک لەم زانایانە لە باشترین زانکۆکان لەسەر زانستی ئەتۆمی لە ئەمریکا و ئەوروپا خوێندبوویان.دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران ویستیان کۆمپانیای (Siemens) دووبارە قایلبکەنەوە بۆ بەردەوامیدان بەو کارانەی کە بە نیوەناچڵی جێی هێشتبوو. لەسایەی هەمان ئەو گرێبەستەکەی کە لەسەردەمی شا دا بەسترابوو. بەڵام هەر زوو ئەمریکا ڕێگەی لەم هەوڵە گرت. پاشان پەیوەندیان بە کۆمپانیایەکی دیکەی ئەڵمانی بەناو (Kraft-Werke Union)ەوە بەست. ئەم کۆمپانیایە بەو مەرجە قایلبوو کاربکات لە ئێران کە ڕیاکتۆرەکانی (وێستگەی بوشەهر) بۆ تۆرباینی غاز بگۆڕێت.
ئەمەش بەمەستی بەرهەمهێنانی وزە جێگرەوە،. بەڵام ئێران بەم مەرجە قایل نەبوو. هانای بۆ ڕووسەکان بەتایبەت زانا ڕووسەکانی سەردەمی سۆڤێت برد. کە زۆرێکیان بەدەست بارودۆخی خراپی ئابووریەوە دەیاناڵاند. هەر لەم بارەیەوە ( یتزاک یاکۆڤ) ئەفسەری خانەنشینی مۆساد، کارسازی بواری تەکنەلۆژی لە یادەوەرییەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە لە ١٩٩٣ سەردانی کۆمپانیایەکی کردوە بەناوی ( Lutch) لە شاری پۆدۆلسک لە ناوەڕاستی ڕووسیا. کاری ئەم کۆمپانیایە بەرهەمێنانی جۆرێکی تایبەتی کریستاڵ و ئەو کانزا بەنرخانە بوو کە لە پیشەسازی چەکی ئەتۆمیدا بەکاردەهێنرێت. ژمارەی زاناکان لەم کۆمپانیادا پێش ڕاگەیاندنی پرۆژەی پێرێسترۆیکا(perestroika) میخائیل گۆرباچۆڤ، سەرۆکی ئەوکاتی سۆڤێت، بە زیاتر لە ١٠ هەزار زانا و ئەندازیار دەگەیشت. بەڵام لەو ساڵەدا کە ئەم سەردانی کردووە تەنها هەزار زانا و ئەندازیار لە کارەکانیان ماونەتەوە. ٩ هەزارەکەی تر بێ کاربوون. تەنانەت باس لەوە دەکات کاتێک دیدەنی بەرپرسەکانی هەواڵگری ڕووسیا کردووە و پرسیاری لێکردوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەم زانایانە، بەرسڤەکەیان ئەوەبووە هیچ زانیارییەکان نییە لەو بارەیەوە نیە کە لە کوێن و بۆ کێ دەکارن.
لەکاتێکدا بە گوێرەی گێرانەوەکانی ئەم ئەفسەرە خانەنشینە، ئێرانیەکان گروپی تایبەتمەندیان ناردووە بۆ ناو ڕوسیا بۆ دۆزینەوە زاناکان و پێدانی موچەی زۆر لەبەرانبەر کارکردن لە ڕاژەیاندا. ئەمە سەرباری کڕینی کەرەستەی تاقیگەیی و مادەی (fissile materials) لە بازاڕی ڕەشدا، کە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا بەکاردێن. شایەنی هێما بۆکردنە، دزەکردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکان لە بازاڕی ڕەشدا چیتر لە ژێر ڕکێفی حکومەتی ڕووسیادا نەمابوو. دیارترین نموونەش، لە ئەیلولی ١٩٩٤ دا، دەزگای هەواڵگری مۆساد، توانی لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە لە مۆسکۆ، دەستی بگات بە گرێبەستێکی نهێنی کە تێیدا (د.ئەلکساندەر لیبین)، یەکێک بوو لە کاربەدەستە پلە باڵاکانی ناو وەزارەتی بەرگری ڕوسیای فیدراڵ، گرێبەستێکی نهێنی لەگەڵ ئێرانییەکان واژووکردبوو بۆ دابینکردنی سەنتەرفیوجی تایبەت بە پیتاندنی یۆرنیم بەبێ ئاگاداری حکومەت! بەگوێرەی گرێبەستەکە، زۆرێک لە وەزیر و کاربەدەستەکان بەرتیلیان وەرگرتبوو لە بەرانبەر چاوپۆشیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم گرێبەستە. کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەش کە ئێرانیەکان وەک بەرتیل دابویان ٥٠ ملیۆن دۆلار بوو. ئەمەش ئەو ڕۆگارەی ڕووسیا پارەیەکی بێژمار بوو.
کاتێکیش (سێرگی پریماکۆڤ)، بەرپرسی هەواڵگری دەرەکی ڕوسیا، بەم کەین و بەینەی زانی لە ڕێگەی بریکارەکانی لە تاران. بڕیاری دا دەستبەجێ، ئیسرائیلی ئاگاداربکاتەوە، ئەوانیش لەڕێگای ئەمریکاوە بە فەرمی (بۆریس یێڵتسین)، سەرۆکی ئەو کاتەی ڕووسیان ڕاگەیاند کە گرێبەستە هەڵپەسێرێت. ئەوەی لێرەدا سەیرە یەڵتسن گرێبەستەکەی ڕاگرت بەڵام نەیتوانی هیچ یەکێک لەوانەی لەم یارییەوە تێوەگلابوون لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە!
ڕووسیا و پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران: هاوبەشی ستراتیژی یاخوود گیرۆدەبوون لە گەمەی کاتدا:
لە ٢٠٠٧ دا، ڕووسەکان بە نهێنی گفتیان دا بە ئیسرائیل دەست لە کارەکانی وێستگەی بورشەهر هەڵگرن، لەپێناو پەسکەوتنی ئێران لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم. هەر لەو سەروبەندەدا، بە پاساوی دواکەوتنی ئێران لە پارەدارکردنی تەکنیکارەکانیان، بە فرۆکەیەکی تایبەت و بێ ئاگاداربوونی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بلەز دەگەڕێنەوە بۆ ڕووسیا. باندۆری ئەم پێشهاتەش گرژی دەخاتە نێو پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەمەڕ ئەو لێکتێگەیشتنانەی سەرڕێیان خستووە لە بەستێنی پرۆژەی ئەتۆمی ئێراندا. عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەو کاتەی ئەنجومەنی ئاسایش ئێران، بە ئاشکرا لە میدیاکەنەوە ڕایگەیاند: هەر جۆرە دواکەوتنێک لە کاراکردنەوەی وێستگەی بورشەهر ڕووبدات، ئەوا ئاکامێکی نەرێنی لەسەر ئایندەی بازرگانی ڕووسیا دەبێت. چونکە ئێران تاکە کڕیارە لەناو وڵاتانی کەنداودا بۆ دەستخستنی ئەزموونی ئەتۆمی ڕووسیا. نادیدەکردنی ئەم ویستەی ئێرانیش پاڵنەرێک بوو تاکو ئێران زیاتر پشت بە توانا خۆماڵییەکانی ببەستێت لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا. ئەگەر چیش لە واقعیشدا هێنانی ئەم خەونە بەبێ ڕووسیا کارێکی هێندە سانا و بێ ئاڵانگاری نەبوو. لە ئەیلولی ٢٠٢٥دا، ئێران گرێبەستێکی لەگەڵ ڕووسیا بە بەهای ٢٥ ملیار دۆلار بەست.
ناوەڕۆکی گرێبەستەکە دروستکردنی چوار یەکەی نوێی لەخۆدەگرت لەسەر زەوییەکی 500 هێکتار (1235 دۆنم) لە شاری سیریک لە باشووری پارێزگای هۆرمۆزگان. ئەم جێگایەش لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە بایەخێکی گرنگی هەیە، بەو پێیەی دەڕوانێت بەسەر وڵاتانی کەنداودا هەر لە شانشینی ئیماڕاتی عەرەبی یەکگرتووە هەتاکوو سەڵتنەی عومان. لەسەر و بەندی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، ژمارەی ئەو ڕووسیەکان کە کاریان دەکرد لەناو وێستەگە ئەتۆمییەکانی ئێراندا دەگەیشتە ٧٠٠ پسپۆڕ و کارمەند. لە ناوەڕاستی جەنگەکە لە ١٩ حوزەیرانی ٢٠٢٥ دا. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمیانەی لێدوانێکیدا بۆ (ئاژانسی ڕۆیتەرز) ڕایگەیاند: هێزی ئاسمانی ئیسرائیل گورزی سەربازی لە وێستگەی بورشەهر داوە کە لەلایەن ڕووسەکانەوە بونیادنراوە. بەڵام هەرزوو ئاژانسەکە ڕایگەیاند ئەم هەواڵە بەهەڵە ڕووماڵکراوە. لە هەمان ڕۆژیشدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی بۆ زیاتر لە 200 کارمەندی ڕووسی کە لە وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر کاردەکەن. ئەم ڕاستیەش دەرخەری ئەوەیە ڕوسیا و ئیسرائیل جۆرێک لە لێکتێگەیشتنیان هەیە لە نێوانیاندا لەمەڕ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆژەی ئەتۆمی ئێراندا. بەتایبەت لە ڕوانگەی یاریکردن بە کاتەوە، چونکە لە ئێستادا ئێران تەنها یەک وێستگەی ئەتۆمی کارپێکراوی هەیە کە لەلایەن ڕووسیاوە بونیادنرابێت لە بوشەهر. ئەمە لە ساتەوەختێکدایە، پرۆژەی ڕیاکتۆری دووەمی بورشەهر لە ٢٠١٦ ڕاگەیەندراوە کە ڕووسیا بونیادی بنێت، بەڵام هەتاکوو هەنوکە هەنگاوی کرداری نەناوە بۆ سەرڕێخستنی ئەم پرۆژەیە. ئەوەی شایەنی باسە، ئێران لە ڕێگای دابینکردنی درۆنی خۆکوژەوە لێنەبڕاوانە پاڵپشتی ڕووسیای کردووە لە جەنگانیدا بەرامبەر ئۆکرانیادا. بەڵام لەبەرامبەردا ڕووسیا بەهێندەی پێویست پاڵپشتی ئێرانی نەکرد لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا. وێڕای باسە، لە ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، گروپێک هاکەری ئۆکرانی بەناوی (Black Mirror)، لە ڕێگەی هاککردنی سیستەمی زانیارییەکانی کۆمپانیایەکی بواری پیشەسازی فڕۆکەی جەنگی ڕووسی ناسراو بە (Rostec)، دەستیان ڕابگات بە گرێبەستێکی نهێنی کە تێیدا ئێران داوای لە ڕووسیا کردووە ٤٨ فڕۆکەی شەڕکەری لە جۆری (Sukhoi Su-35)، بە بەهای ٦.٥ ملیار دۆلار بۆ دابینبکات. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی ئەم کۆمپانیایە لە ٢٠٢٤ دەستکراوە بە دروستکردنی ئەم فڕۆکانە، بڕیاریشە لە ماوەی نێوان ٢٠٢٦ بۆ ٢٠٢٧، ڕادەستی ئێران بکرێت. پەردەهەڵماڵین لەسەر ئەم گرێبەستەش لەخۆیدا هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئاستنەگ و ڕێگری بۆ ڕادەستکردنی ئەم فڕۆکانە بە ئێران لە پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی وڵاتەکەی لە پاش جەنگی ١٢ ڕۆژەوە لەگەڵ ئیسرائیل. خودی ناڕوونی هەڵوێستەکانی ڕووسیاش لەبەرامبەر ئێران، هۆیەکە بۆ نیگەرانی بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران. محمد سەدرە، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێران (مجلس تشخيص مصلحة النظام)، لە میانەی لێدوانێکید بۆ میدیاکان لە پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە. ڕووسیا تاوانباردەکات بە هاوکاری ئیسرائیل لە جەنگەکەدا دژ بە ئێران. بە ڕوونی دەڵێت: ڕاستە ئێران پەیوەندی هەیە لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام ڕووسیا جێگای متمانە نیە. هەروەها، جەخت لەوەدەکاتەوە لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، ڕووسیایە زانیاری هەواڵگری لەسەر سیتەمی ئاسمانی ئێران بە ئیسرائیل داوە. هاوتەریب بە لیستی ناوی ئەو زانا ئێرانیانەی کە لەناو وێستگە ئەتۆمییەکان کاریان کردوەوە، تیرۆرکراون لەلایەن مۆسادەوە. جگە لەمەش ئاماژە بەوە دەکات، ڕووسیا هەتاکو هەنوکە ئامادە نیە سیستەمی بەرگری (S-400)، فڕۆکە جەنگی Sukhoi Su-35 بە ئێران بدات بۆ بەرگری لەخۆی لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا. بەڵام جێگای گومانە سیستەمی (S400) بە تورکیا دەدات کە ئەندامی ناتۆیە. ئەوەش لەلای هەموان ڕوونە ڕووسیا بە ئاشکرا دژ بە هەژموون و پاوانخوازییەکانی( ناتۆ)یە لە نزیک سنورەکانی. بەشێکی پاساوی جەنگی ئۆکرانیاش لەلایەن ڕووسیاوە لەم سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت .
بەگوێرەی ژێدەرەکانی ئێران ئۆپن داتا (IOD)، کە دامەزراوەیەکی فەرمییە بۆ شرۆڤە و بڵاوکردنەوەی داتای خەرجییەکانی حکومەت. بوودجەی سەربازیی ئێران لە ٢٠٢٥ دا. بۆ ٢٣.١ ملیار دۆلار هەڵکشاوە. بە بەراوردیش لەگەڵ بودجەی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی لە ٪٣٥ زیادیکردووە. سەرباری ئەوەی ٣١٣ ملیۆن دۆلار لە بودجەی هەمان ساڵدا بۆ خەرجی وێستگە ئەتۆمییەکان تەرخانکراوە. زیادبوونی ئەم خەرجییانە و گەمارۆییە ئابووریەکان، لەماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا. بۆتە هۆکاری ئەوەی ئێران دەرفەتی ئابووری بەبڕی ٣ ترلیۆن دۆلار لەدەستبدات. وێڕای ئەمەش بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی خودی ئێران ٢٦ ملیۆن کەس لە خوار هێڵی هەژارییەوە گوزەران دەکەن، لەنێویشیاندا، داهاتی ٤ ملیۆن کەسیان بەشی گوزەرانی ڕۆژانەیان ناکات.
ئەنجامگیری:
مێژووی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە سەردەمی شاوە هەتاکوو ئەمڕۆ لە نێوان دووڕیانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی و یارییە هەواڵگرییەکاندا پەنگی خواردووە. لەناو کەڵکەڵەی بەدی هێنانی ئەم خەونەشدا، ئێرانییەکان پشتبەستووبوون بە تەکنەلۆژیا سەربازی و ئەتۆمییەکانی ڕووسیا، چەندین ڕێکەوتنامەی ئاشکرا و نهێنیان بۆ ئەم مەبەستە بەستووە. ئەوە لەم توێژینەوەیەدا هەڵهێنجدراوە ئەوەیە کە ئەستەمە ڕووسیا هاوڕێیەکی دوورە ڕێگای (ئێران)بێت لەناو ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکاندا. لە بەستێنی ئەم پەیوەندییەدا، ڕووسیا هێندە یاریی بە کات و دەستخستنی بەرژەوەندی ئابووری کردووە لەتەک دەسەڵاتدارانی ئێراندا، هێندە بەتەنگ بەدیهێنانی خەونی ئێران نەبووە، تاکوو وەک زلهێزێکی جیهانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سیستەمێکی سەربازی پێشکەوتوو بەرامبەر بە هەژموونخوازی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوەستێتەوە. لە دوایینەی ئەم خۆپیشاندانانەی ئێرانیشدا، زۆرێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بە تایبەت ڕەزا پەهلەوی، کوڕی محمد ڕەزا شای ئێران، جەخت لەوە دەکەنەوە هەر کاتێک دەسەڵات کەوتە چنگیان. بلەز کۆتایی بە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران دەهێنن. لێرەدا پرسێک دێتەگۆڕێ ئایا ڕووسیا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکیانە دەبێت؟ کە دەیەیەکە لە سایەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانەوە بەدەستی هێناوە. زیاتریش وەک کارتی فشار کەڵکی لێوەرگرتووە لە میانەی دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا لەمەڕ پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیادا.
