قەڵای باشووری كوردستان
3 كاتژمێر لەمەوپێش
نەبەز گۆران
باشووری كوردستان بۆ كوردی پارچەكانی تر، تەنها سەرزەمێنێك نییە كورد تێیدا ڕزگاری بووبێت و خۆی بەڕێوە ببات. بەڵكو قەڵایەكە هەركاتێك پارچەیەكی كوردستان تووشی مەترسی ببێت، چاوەڕوانی لە باشوور دەكات پشتی بگرێت.
باشوور بووە بە دینەمۆیەك هوشیاری كوربوون پتەوتربێت. ئەوەی باشوور بۆ پارچەكانی دیكە دەیكات، شكۆمەندانە و جێگای ڕێزێكی زۆرە. لە هەر چركەساتێكدا پارچەیەكی كوردستان بكەوێتە بەرمەترسی، باشوور وەك قەڵایەك لەپشتی دەوەستێت.
گەلی باشوور بە هەموو چینەكانییەوە، لە چركەساتە گرنگەكاندا دەستی لە پارچەكانی تر بەرنادات.(گوێ لەو دەنگە ناشازە مەگرن، جارجار دژ بە كورد و نەتەوە خۆی دەنوێنێت، ئەوە دەنگێكە و لەناو تاریكایی مێژوودا شوێنێكی ناشیرین بۆخۆی دەستنیشان دەكات. لەناو هەموو گەلێكدا دەنگی ناشاز هەیە.)
لە باشوور هوشیارییەكی گشتی هەیە، كە ئەمڕۆ ڕۆژئاوای كوردستان پێویستی بە پاڵپشتیە، هەمووان هەریەكەو بە شێوازێك پشتی ڕۆژئاوا دەگرێت، كە ئەمە ئاكارە بەرزەكەی كوردبوونە و هەر دەبێت ئەوەی لێ چاوەڕوان بكرێـت. دوای تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بەسەر ڕۆژئاوادا هاتووە، هیچ گومانمان نییە ئەوانیش دەبن بە بەشێك بۆ پاڵپشتی پارچەكانی تر و لە چیرۆكێكی نوێدا لەگەڵ باشووردا، پاڵپشتی پارچەیەكی دیكە دەكەن.
ئەم چیرۆكە درێژەی تێكۆشانی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی پێویستی بە ماندوونەبوون و بەردەوامی هەیە. هەر هەوڵێك لەلایەن هەر تاكێكی كوردەوە بۆ بەرگریكردن، هاوكاری، پشتگیری،..هتد بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، جێگای ستایشكردن و ڕێزلێگرتنە.
