کورد لەبەردەم دەرگای مێژودا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕوا بەرزنجی
١ـ جارێک ڤیکتۆر هۆگۆی نوسەر و شاعیری بەناوبانگی فەڕەنسی وتی"هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە بیرۆکەیەک بکات کاتێک کاتی هاتووە"، ئیتر لەو ڕۆژەوە و زۆر کات لە باسی شۆڕش و گۆڕانکاری و ماف و ئازادیدا ئەم قسەیە دەبێتە مانیفێستۆی زۆر کەس و گرووپ.
ئەمڕۆ بیرۆکەی کوردبون لەوپەڕی گەشەکردن و جۆش و خرۆشی خۆیدایە، بەجۆرێک یەکەم جارە لە مێژوی ئێمەدا سنوری جوگرافی و خێڵ و دەڤەر دەبڕێت و حزب و ئایدۆلۆژیا شوێن ئەم شەپۆلە دەکەون تا جێنەمێنن، هەروەک زلەیەکی توند بو بۆ ئیسلامی سیاسی بەگشتی و ئیخوانیزم بە تایبەت وەک پڕۆژەی لەنەتەوەخستنی کورد و بەکارهێنانمان بۆ پڕۆژەی عەرەبی_ تورکی. بۆیە بە قەولی هۆگۆ کوردبوون بۆتە بیرۆکەیەکی کامڵ و کاتی هاتووە و کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات.
٢ـ لەساڵی ١٩٢٨ بۆ ١٩٢٩ و پێش هاتنی نازییەکان، کە زۆر باسی نیشتیمانپەروەری و نەتەوەیان دەکرد، زانای گەورەی ئەڵمانی جولەکە، ئەنیشتاین هەندێک نامەی نوسیوە کە گفتوگۆی فکرین لەبارەی بابەتی گەرمی ئەو ڕۆژگارە، لە شوێنێکدا دەڵێت: "نیشتیمانپەروەری بەبێ بیرکردنەوە، خۆشەویستییەکی کوێرە کە زۆر جار دەگاتە مەترسی گەورە"
ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڵ شەپۆلی نوێی کورد بون پرسیاری نوێ و بەردەوام بکەین تا ڕۆیشتمان بەرەو ڕوناکی و ئایندەبێت. دەبێت بپرسین چیمان دەوێت لە نیشتیمان و لە نەتەوە، ئایا ئێمە نیشتیمان پەروەریمان دەوێت یان نەتەوە پەرستی؟ ئایا چۆن دەتوانین لە نەتەوە پەرستەکانی عەرەب و تورک و فارس نەچین، چونکە بەڕاستی لێوان لێوە لە فاشییەت و ڕایسیزم.
کورد بە سروشتی خۆیی، دایک و خێزانی کورد، بیر و گیانێکی دژە نەتەوەو دژە دین و دژە مەزهەبی تری تێدانییە، لەسەر بناغەی بوغز و ڕق گەشەمان نەکردووە، بەڵام ئەمە بەپێچوانەیە لای نەتەوە سەردەستەکانی دنیایی ئێمە.
بۆیە زۆر گرنگە، شەڕی ئێمە ئەوە بێت چۆن ئەم جیاوازییە بپارێزین و بیهێڵینەوەو کوردبون زیاتر تێکەڵ بە جیاوازی و ژیاندۆستی بکەین، نەک شەڕ بکەین لە پێناو زیاتر لەوان بچین، چونکە ڕاستییەک هەیە، شارستانیەتی ئەم ناوچەیە کە بەشێکی گەورەی شارستانیەتی ئیسلامیەو عەرەب و تورک سەرکردایەتیانکرد، شکستی خواردوە، دەبێت ئێمە لە خۆڵ و تەپوتۆزی شکستی ئەوان کۆمەڵگەی خۆمان دروستنەکەین، بەڵکو خۆمان بین بەو پڕژیانییەی لە سروشت و لە جل و بەرگ و لە هەڵپەڕکێ و سەمای کوردیدا دەبینرێت!
٣ـ ئەم ڕابون و بەرخۆدانە ئێمەی بردۆتە بەردەم دەرگای شۆڕشێکی ڕاستەقینە، ئەو شۆڕشەی جارێک ناپلیۆن پۆناپارت لەبارەیەوە وتی: "شۆڕش بیرۆکەیەکە کە چەکی خۆی دۆزیوەتەوە"، هەر بەڕاستی بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا، چەکی شۆڕشەکەی بۆ دۆزینەوە کە ئیرادەو بڕوا بەخۆبونە.
ئەم ئیرادەو بڕوا بەخۆبونە و شکاندنی سنورە بچوکەکانی بەردەم کوردبون، بەدڵنیایی ئێمە دەباتە ناو مێژوییەکی نوێ، بەڵام بە مەرجی وشیارییەکی نوێ و قوڵ لەگەڵیدا. چونکە بە قەولی هیگڵ"مێژووی جیهان، پێشکەوتنی هۆشیاریی ئازادییە"، ئەو مەبەستێتی بڵێت، مێژوو ڕووداوێکی بەتاڵ نییە،پڕۆسەیەکە کە مرۆڤ زیاتر تێدەگات لە ئازادی و لە ڕێکخستن و باشترکردنی ژیانی خۆیی و کۆمەڵگەکەی.
ئێمەی کورد بەهۆی نەبونی هۆشیاری پێویست لەبارەی ئازادی و ئیرادە و بڕوابەخۆبون، لە دەرەوەی مێژوو بوین، ئێستا لەم ساتە سەخت و دژوارەدا کە پێدەچێت زۆر شتیش لەدەست بدەین، بەڵام ساتەوەختی چوونە ناو مێژوومانە وەک کورد.
