ستراتیژی ئەمریکا بۆ کورد؛ لە سوپایەکی نیشتمانییەوە بۆ پۆلیسێکی ناوخۆیی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەردەشت محەمەد
کە دەڵێین کورد، دیارە بە تەنها مەبەستمان لە باشووری کوردستان نییە، بەڵکوو ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتیش لەناو هەمان ئەو چوارچێوەیەدان کە ئەمریکا و تورکیا بەتایبەتی لەسەر مێزی گفتوگۆ بڕیاریان لەبارەوە داوە و لە داهاتووشدا بڕیاری زیاتری لەسەر دەدەن.
دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سووریا و هێرشەکانی هێزەکەی ئەحمەد شەرع بۆ سەر هەسەدە و بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانە، هەندێک کۆد و نهێنیمان بۆ ئاشکرا بووە و کۆمەڵێک گومان خەیاڵمان دادەپۆشن و پەلکێشمان دەکەن بۆ ئەوەی پێشبینیی چەند هەنگاوێکی نوێ و مەترسیدار بکەین کە ڕەنگە لە داهاتوودا بەرۆکی کورد بگرێت.
دیارە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، ئامانجی ئەمریکا لەو سنوورە جوگرافیایەدا کە گەلی کوردی تێدا دەژی ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرایە؛ ئەویش هەوڵدانە بۆ بەدامەزراوەییکردنی هێزە کوردییەکان نەک بێچەککردنی یەکجارەکییان.
ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەم هێزە کوردییانە وەک هێزێکی وشکانی جێگەی متمانەی ئەمریکان، بەتایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەیان دژی داعش وەک هێزێکی تۆکمە دژی گرووپە توندڕەوەکان دەیانبینێت. هەر ئەمەشە وای کردووە ئەمریکا پێداگیری بکات لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم هێزانە لە "شێوەی میلیشیای حیزبی" یان "هێزی ئایدۆلۆژی" دەربچن و ببنە هێزێکی نیزامیی سنووردار. هەربۆیە تا ئێستاش ئەمریکا لە باشوور پێداگیری دەکات لەسەر یەکخستنی یەکەکان (٧٠ و ٨٠) لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بۆ ئەوەی هێزەکە لەژێر کۆنترۆڵی سەرکردە سیاسییەکان دەربچێت و ببێتە هێزێکی تەکنیکی کە تەنها بۆ بەرگری و پاراستنی سەقامگیری بەکار بێت، نەک بۆ ململانێی ناوخۆیی یان هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. بەتایبەت ئەم خواستە لە باکوور لەلایەن تورکیاوە بەرامبەر بە پەکەکە زۆر پێداگیریی لەسەر دەکرێت و بۆ ئەمەش پڕۆسەی ئاشتی بوو بە باسی گەرمی نێوان ئەنقەرە و قەندیل؛ چونکە داماڵینی قەندیل لە چەک بەتەواوەتی لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و پاشان تورکیایە. هەروەها لە ڕۆژئاواش هەسەدە ئەمریکای خستووەتە نێوان دوو بەرداشەوە؛ یەکیان ئەوەیە ئەمریکا دەیەوێت هەسەدە وەک هێزێکی کاریگەر بمێنێتەوە بۆ ڕێگری لە داعش و ئێران، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت ڕەزامەندیی تورکیا بەدەست بهێنێت، کە ئەمەش لای ئێمەی کورد پێی دەوترێت: "کوشتنی دوو چۆلەکە بە یەک بەرد".
ئێستا تا ڕادەیەک نزیک بووینەتەوە لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا بۆچی ئەمریکا تا سنوورێکی دیاریکراو پشت لە کورد دەکات و وەک پێویست لە یەکەم خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەدا هاوشان لەگەڵ هێزە کوردییەکان ناجەنگێت و هاوکاریی سەربازییان ناکات؟ ئێستا پرسیارێکی گرنگتر بەرۆکمان دەگرێت و پێویست دەکات بە وردی هەڵوێستە لەسەر وەڵامەکەی بکەین، ئەویش ئەوەیە: "ئایا مەترسییەکانی ئەم هەنگاوە بۆ سەر کورد چییە لە ئایندەدا؟" دەکرێت وەڵامی ئەم پرسیارە لە چوار خاڵدا بدەینەوە:
١. لاوازبوونی پێگەی سیاسیی کورد لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە؛ چونکە ئەمڕۆ نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکوو لە سەرجەم جیهاندا هێزی سەربازی هەمیشە پشتیوانی هێزی سیاسییە. ئەگەر کورد هێزێکی سەربازیی گەورەی نەبێت، لە بەغدا و دیمەشق و ئەنقەرە و لە ئایندەشدا لە تاران، وەک لایەنێکی لاواز سەیر دەکرێت و مافە دەستوورییەکانی پێ نادرێت.
٢. مەترسیی ڕوودان و دروستبوونی خیانەتی ستراتیژی؛ مێژووی ئێمە ئەوەی بۆ ئاشکرا کردووین کە هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کورد "تەکتیکی"ین نەک "ستراتیژی". ئەگەر کورد ئامادە بێت تەسلیمی ئەم خواستەی ئەمریکا بێت و هەموو هێزە چەکدارەکانی لە ناوخۆدا هەڵوەشێنێتەوە و تەنها پشت بەو چەند لیوایە ببەستێت کە ئەمریکا ڕاهێنانی پێ کردوون، ئەوا لە ساتەوەختی کشانەوەی ئەمریکادا (وەک ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا)، کورد لەبەردەم هێرشی تورکیا و ئێران و عێراقدا بێ بەرگری دەمێنێتەوە.
٣. بەدەستەوەنەمانی بڕیاری سیاسی؛ کاتێک هێز و مووچەی هێزە چەکدارەکانی هەر وڵاتێک یان هەر هەرێمێک لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە دابین دەکرێت، بڕیاری سیاسیی نیشتمانیشت لەدەست دەدەیت. کورد ناچار دەبێت تەنها ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکات کە ئەمریکا بۆی دیاری دەکات، تەنانەت ئەگەر لە دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیشی بێت.
٤. دروستبوونی بۆشایی ئەمنی؛ واتە مانەوەی پانتاییەکی جوگرافیی گەورە لەبەردەم هێزە نەیارەکاندا. گرووپە تیرۆریستییەکان و ئەو هێزانەی دەیانەوێت زیان بە کورد بگەیەنن، هەمیشە لەو شوێنانەدا زیاتر گەشە دەکەن کە هێزی ناوخۆی تۆکمە و ڕاهێنراوی لێ نییە.
بەمەش مەترسییە ئەمنییەکان لە داهاتوودا زیاتر دەبن؛ چونکە هێزێکی بچووکی سنووردارکراو بە چەکی کلاسیکییەوە، ناتوانێت شەڕی پارتیزانیی گرووپە توندڕەوەکان بکات لە ناوچە شاخاوییەکان و بیابانەکاندا. لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەوەی خواستی ئەمریکا و هاوبەشەکەیەتی (کە تورکیایە)، ئەوەیە کە دەیانەوێت کورد وەک "پۆلیسێکی ناوخۆیی" بمێنێتەوە نەک وەک سوپایەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانی. بۆیە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بەسەر کورددا مەترسییەکی گەورەیە ئەگەر بێت و بەر لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسیی کۆتایی و گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ قەوارەی هەرێم و ڕۆژئاوا بێت. چونکە لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر چەک و هێز و گورزت نەبێت، کەس هاوار و ناڵە و دەنگت نابیستێت.
