خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سبەی هەینی، زیاتر لە 23 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان، هاوشانی کوردانی باکوور و تاراوگە، بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دێنە سەر شەقام.
ئەم جووڵە جەماوەرییە و یەکگرتنی هاونیشتمانییانی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و دهۆک لەگەڵ وان و پایتەختەکانی ئەوروپا، پەیامێکی پۆڵایینە بۆ جیهان کە دۆزی کورد بەیەکپارچەیی ماوەتەوە. ڕێکخستنی ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن خودی خەڵک و بەبێ ڕەنگی حیزبیی، گوشارێکی ئەخلاقیی و سیاسیی گەورە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دروست دەکات تاوەکو ڕێگریی لە هەرەسهێنانی مرۆیی و سیاسیی ڕۆژئاوا بگرن.
سبەی لە هەرێمی کوردستان لە چەند شوێنێکی جیاواز خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت بەمشێوەیە؛-
هەولێر: "هەینیی ملیۆنی" کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ لەبەردەم قەڵا.
سلێمانی: گردبوونەوەی جەماوەریی فراوان بۆ ئیدانەکردنی زوڵم لە دژی ڕۆژئاوا.
ڕاپەڕین: کاتژمێر 2:30 لە پارکی گشتیی ڕانیەوە بەرەو مۆنۆمێنت.
گەرمیان: خەڵکی کفری و خانەقین کاتژمێر 2:30 لە کەلار کۆدەبنەوە.
کەرکووک: کاتژمێر 3:00 لە پردی عەلی عەسکەرییەوە بەرەو باروتخانە.
ناوچەکانی دیکە: سۆران، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، زاخۆ و سەیدسادق کات و شوێنی تایبەتیان بۆ ڕێپێوان دیاری کردووە.
جیاواز لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی پشتیوان، لە زاخۆ قوتابیان و مامۆستایان 40 ملیۆن دیناریان بۆ قوتابیانی ڕۆژئاوا کۆکردووەتەوە. هاوكات وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری داوە وتاری هەینیی سەرجەم مزگەوتەکان لەژێر ناونیشانی "یەکڕیزیی ڕێگەی سەرکەوتنە" بێت، تاوەکو لایەنی ئایینییش پاڵپشتیی ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە بکات.
