مستەفا قەرەسوو: گەلی کورد بۆ رۆژاڤا یەکی گرت ئێستا نۆرەی هێزە سیاسییەکانە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



موستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەی ئاشتیی، ئەم هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد و دەستکەوتەکانییەتی و نایانەوێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ستاتۆیەکی هەبێت، پرۆژەیەکی وەها هەیە و تورکیاش بەشێکە لەمە دەشڵێت: گەل یەکێتی خۆی هێناوەتەدی، بەرپرسیارێتیی هەموو هێزە سیاسییەکان ئەوەیە، کە ئەو یەکێتییە نەتەوەییە لە ڕووی سیاسییەوە جێبەجێ بکەن.

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی (مەدیا خەبەر)ـدا قسەی کرد و سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و پڕۆسەی ئاشتیی و چەندین بابەتی دیکەی گرنگ هەڵسەنگاندی کرد، ڕۆژنیوز بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی بڵاو دەکاتەوە.

بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو بەم شێوەیەیە:

هێشتا هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بۆ ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان نەڕەخساوە، هەروەها لە چوارچێوەی ‘مافی هیوا’ـدا هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادی جەستەیی ئەو نەنراوە، هەروەها بوون و نەبوونی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان نادیارە، ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

موستەفا قەرەسوو: یانزە مانگ بەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ‘ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک’ لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ تێپەڕیوە، ماوەیەکی کەم نییە، هەروەها پێش ئەوە شتی تر هەبوو، پێش ئەوە، باخچەلی بانگەوازی کرد، پاشان ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە دەتوانێت پڕۆسەی شەڕی ٥٠ ساڵە و ١٠٠ ساڵە بگوازێتەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی، بەڕاستی هەنگاوی ڕادیکاڵی لەم بابەتەدا ناوە، ئێمەش بەگوێرەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بڕیاری گرنگمان دا، هەنگاوی گرنگمان ناوە.

پەکەکە هەموو کار و چالاکییەکی لەژێر ناوی خۆیدا کۆتایی پێهێنا، تێکۆشانی چەکداریمان لەدژی تورکیا ڕاگرت، هەوڵماندا کێشەکان لەگەڵ تورکیا بە ڕێگەی ماقووڵ چارەسەر بکەین، گەلی ئێمەش پشتیوانی ئەم بانگەوازەیان کرد، هەروەها وەڵامی ئەرێنیمان دایەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم بانگەوازە، چ لە ڕووی دروستکردنی ڕای گشتی کوردەوە و چ بە هەڵوێست و ڕوانگەی خۆمان، پاشان چەکەکان سووتێنران و هەڤاڵان لە باکوور کشانەوە، ئەوانیش ڕاگەیاندراویان هەبوو، بەم جۆرە، تا ئاستێکی بەرز بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ کرد.

لە شوێنەکانی تری جیهاندا هەنگاوی لەو شێوەیە ئاسان نەبوو، هیچ ڕێکخستنێک هەنگاوی لەو شێوەیەی نەناوە، بەڵام ڕێبەرێتی ئیرادەی نیشاندا، بارودۆخی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕەچاوکرد، چونکە دەوڵەت باخچەلیش بەم شێوەیە بانگەوازی کردبوو و هەنگاوێکی لەو شێوەیە نرا، ١١ مانگە، لەوەش زیاترە، ڕێبەر ئاپۆ بە سەبرەوە ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەدەبات، پێشەنگایەتی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات، ئەگەر بە وردی لێکۆڵینەوە بکرێت لە هەر وشەیەک، هەر ڕستەیەکی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، ئەوە دەبینرێت کە ڕێبەرێتی بانگەوازەکەی بۆ ئەوەیە کە پرسی کورد، هەموو کێشەکانی تورکیا، چارەسەر بکرێت و تورکیا دیموکراتیک ببێت، بەرنامەیەکی خستەڕوو، هەڵوێستێکی ماقووڵی نیشان دا.

 بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستی چی بوو؟ هەندێک کۆبوونەوە ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی پەیامەکانمان بگات بە ڕێبەرێتی، پەیامەکانی ڕێبەریش بگاتە ئێمە، گۆشەگیری تا ئاستێک هەڵگیرا، پارێزەران جارێک چوونە ئیمراڵی، بنەماڵە چوون، بەتایبەت شاندەکان چوون؛ بەڵام ئەم هاتوچۆیە ئەنجامێ ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە.

لە کۆتاییدا کۆمیسیۆنەکە پێکهێنرا، ئێمە ساڵانێکە ئەمەمان دەوێت، ڕێبەرێتی ساڵانێکە دەیەوێت پەرلەمان دەستوەردان بکات، جەهەپە کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە، ویستی پەرلەمان دەستوەردان بکات، لەم چوارچێوەیەدا کۆمیسیۆنێک پێکهێنرا، پەرلەمان بەم شێوەیە دەستوەردانی کرد، بۆیە گرنگ بوو، ئەرێنی بوو.

پەرلەمان بانگەشەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی ئیرادەی کۆمەڵگای تورکیا دەکات و بە ناوی کۆمەڵگا بڕیار دەدات و یاسا دادەڕێژێت و دەستور دەنووسێتەوە، دەستێوەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە پرسی کورددا گرنگ بوو، بەڵام هیچ ئەنجامێک لەوەش نەهاتە ئاراوە، ڕێبازی ئەو کۆمیسیۆنە ئەوە نەبوو کە ڕای گشتی پێکبهێنێت و پێشنیارەکان بخاتەڕوو.

 لە کۆتاییدا دیدارێکیان لەگەڵ ڕێبەرێتی ئەنجامدا، کۆنووسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بە تەواوی بڵاو نەکرانەوە، سەرەتا ٤ لاپەڕە بڵاوکرایەوە، پاشان ١٦ لاپەڕە، چەند بەشێکیان بڵاوکردەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە یەک پارچەیە، ناوەڕۆکەکەیان شێواندووە و بەو شێوەیە خستیانە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام ئەرکی کۆمیسیۆن ئەوە بوو کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا هەندێک پێشنیار بخاتەڕوو بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردن، بەڵام کات دەکوژن، ماوەی کارکردنی تا کۆتایی مانگی شوبات درێژ کرایەوە، بەحیساب ئەم کۆمیسیۆنە ناوی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەییە، بەڵام لە ئاست ناوەکەی و چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، ئەمە گرنگە.

گەر هێشتا لە کۆمەڵگادا نیگەرانی لەبارەی پڕۆسەکە هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی حکومەت و کۆمیسیۆن کە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ نەگەیاندووە، مامەڵەی کۆمیسیۆن و حکومەت و دەوڵەت بەجۆرێکە، وەکبڵێی مامەڵە لەگەڵ پرسێکی جددییدا ناکەن، هەندێ لێدوان دەدەن و قسە دەکەن، کەچی هەنگاونانێن، گرنگترین شت، هێشتا ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگۆڕاوە، تا ئێستاش لە ئیمراڵی لە گۆشەگیریدایە، جگە لە کۆبوونەوەی ناوبەناو لەگەڵ شاندەکە، هیچ دەرفەتێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ نەبووە کە بۆچوونی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی جیاوازدا کۆببێتەوە.

لەبەرئەوەی ڕێبەرێتی ڕای گشتیی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی کوردی، هەمووان بۆ ئەم پڕۆسەیە ئامادە دەکات، دەبوو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی پێ بدەن لە ئامادەکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە، بەڵام دەرفەتی پێ نەدرا، ئەمە مانای چییە؟ بەو مانایەیە کە هەڵوێستێکی درووست بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نیشان نەدراوە.

ئێستا، هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا، هێرش بۆ سەر شێخ مەقسوود دەستی پێ کرد، پاشان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێستاش بۆ سەر هەموو هەرێمە کوردنشینەکان، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەڵوێستێکی ناجدییە بەرانبەر پڕۆسەکە، تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەکە، بەم واتایە دێت، هەمووان دەڵێن؛ چۆن ئاشتی لە ناوخۆی سووریا بە دوژمنایەتی بەرامبەر کورد بەدی دێت؟ بۆیە ئەو مامەڵەیە لە ڕۆژئاوا نیگەرانی دروست دەکات کە لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن دەبێت.

ئێمە دەزانین کە ڕێبەر ئاپۆ دوو جار پەیامێکی بۆ ڕۆژئاوا و ئیدارەی ئەوێ ناردووە، ئەو پەیامی “ڕووبکەنە ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک”ـی بۆ ئەوان نارد، واتە ویستی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەوێش بێتەدی، وەک چۆن باکوور و لە تورکیادا داوای ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک دەکات، لە سووریاشدا هەمان شتی دەوێت.

بەڵام ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، سەپاندن نییە، بە واتایەکی تر ڕوانگەیەکی یەکگرتوو دەگرێتەخۆ بۆ دیموکراتیکبوون، بەڵام بە هێرشەکە وەڵامی بانگەوازی ڕێبەرێتی درایەوە، بانگەوازەکانی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگیرا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قەسەدە و ئیدارەی ئەوێ بانگەوازی ڕێبەرێتییان لەبەرچاوگرت، ئەگەر ڕێگەیان بە ڕێبەرێتی بدایە، دەیتوانی کێشەکان بەشێوەیەکی ماقووڵ و دوور لە شەڕ چارەسەر بکات.

ڕێبەرێتی هۆشداریدا، مەکەونە نێو شەڕەوە و با شەڕ نەگاتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم هەڵوێستانەی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگرت، ئەمەش گرنگە، دەوڵەت دەزانێت هەڵوێستی ڕێبەرێتی چییە، ڕێبەرێتی چ جۆرە چارەسەرێکی دەوێت بۆ سووریا، چ جۆرە ئینتیگراسیۆنێکی دیموکراتیکی دەوێت، واتە ڕێوشوێنێکی ماقووڵ بۆ چارەسەر، بەڵام لە ڕێگەی گفتوگۆوە، لە ڕێگەی دیالۆگەوەم سەرەڕای ئەمەش ئەمە لەبەرچاو نەگیرا، بەپێچەوانەوە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بە هاندان و دەستوەردانی دەوڵەتی تورک دەستی پێ کرد.

هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بەدیوێکدا هێرشە بۆ سەر پڕۆسەکە، شێواندنی پڕۆسەکەیە، چۆن ڕوودەدات؟ ئێوە پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئیمراڵی پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، بێگومان ئێمەش لەنێو ئەم کارەداین، وەک تەڤگەر ئێمەش لەنێو ئەم پڕۆسەیەداین، کار و چالاکییەکانمان لەژێر ناوی پەکەکەدا کۆتایی پێ هێنا، تێکۆشانی چەکداریمان ڕاگرت، ئەوەندە هەنگاومان ناوە، گەریلاکانمان لە ناوخۆی تورکیا کشاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی ئەرێنی لەم ڕووەوە نیشان نەدا.

لە لایەکی تریشەوە هەم هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هەم هێرشی سەر ڕۆژئاوای گۆڕی بۆ هێرشێکی ڕاستەوخۆ دژی ئێمە، لە هەموو هێرشێکدا ئێمەیان خستە ڕۆژەڤەوە، کاتێک هەموو هێرشێک هەڵدەسەنگێنن، ئێمە دەخەنە ڕۆژەڤەوە و دەمانکەنە ئامانج.

پڕۆسەیەک هەیە، ئێمەش لەنێو پڕۆسەکەداین، ئەمەش هەم تێکدانی هەوڵەکانی ڕێبەرێتییە و هەم تێکدانی هەوڵەکانمانە بۆ ئاسانکاری، بۆیە ئێمەش بیر لەوە دەکەینەوە؛ لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ ئایا بەم شێوەیە بەرەوپێش دەچێت؟ ڕێبەرێتی و ئێمە بە سەبرەوە ئەمەمان گەیاندە ئەم ئاستە، بەڵام ئەگەر مامەڵەیەکی جیاواز نیشان نەدرێت، واتە ئەگەر هەڵوێستەکانی ئێستا نەگۆڕێن، ئەم پڕۆسەیە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ زەحمەتە، دەکرێت بڵێین ئێستا بنبەستێک هەیە، هەمووان هەمان هەڵسەنگاندن و بیر و بۆچوونیان هەیە، دوای هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا کێ دەتوانێ بڵێت پڕۆسەکە بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت؟

گەلی کوردستان و تەواوی جیهان سەرنجیان لەسەر ڕۆژئاوایە، ئەو هێرشە دڕندانەیە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعش و هەتەشە دەستی پێکرد، لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بڵاوبووەتەوە، چی دەڵێن لەسەر ئەم هێرشانە؟

موستەفا قەرەسوو: سەرەتا بە ڕێز و سوپاسەوە زیاد حەلەب و دەنیز چیا بیردەهێنمەوە کە لە شێخ مەقسوود شەهید بوون، هەروەها یازدەهەمین ساڵیادی بەرخۆدانی ڕۆژئاوایە، بە ڕێز و سوپاسەوە هەڤاڵ گەلهات و ئارین میرکان کە لەوێ شەهید بوون، بیردەهێنمەوە، بێگومان ئەم شەهادەتە ڕێبازی ئێمە نیشان دەدات، تیشک دەخاتە سەر پێویستی تێکۆشان و ڕێبازمان، بێ ئاوڕدانەوە لە هەڵوێستی شەهیدان، بێ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی شەهیدان، ناتوانین هەنگاوێک بنێین، ناتوانین سیاسەتدا بکەین، ئەوان هێڵی ئێمە، هێڵی تێکۆشانمان پێناسە دەکەن، چونکە ئەوان لە پێناو دۆزێکدا شەهید بوون، بۆ ئەو ئامانجە شەهید بوون، بۆیە هەرچی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو دۆزە دەیکەین.

ڕووداوی شێخ مەقسوود هێرشێکی ئاسایی نییە بۆ سەر شارێک، لە ڕاستیدا پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی هەیە، لە ٤ـی کانوونی دووەم بۆ کۆبوونەوەیەک چوونە دیمەشق، خەریک بوو ڕێککەوتن بکرێت، ڕوانگەی ڕێبەرێتیش لەسەر ڕۆژئاوا هەبوو، ڕێککەوتنێک کرابوو، لێدوانێک دەدرا، وەزیری دەرەوەی سووریا دەستوەردان دەکات، دەڵێت ‘با لێدوان نەدەین، دەتوانین دواتر کۆببینەوە’.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار