کەشناسى: تەم و باران بارین بەردەوام دەبێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە بەردەوامی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە گشتیی بە هەوری تەواو دەمێنێتەوە. ئەگەری بارینی نمەبارانی پچڕپچڕ لە چەند ناوچەیەک هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم (ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، و ئیدارەی گەرمیان) بارانەکە کاریگەرتر دەبێت و بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند تا کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هاوکات لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان کەمێک بەفر دەبارێت و لە کاتەکانی شەودا تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 3 تا 3 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با لەنێوان 10- 20کم/ک دەبێت. مەودای بینین بەهۆی تەمەوە لە هەندێک ناوچە بۆ 1-2کم کەم دەبێتەوە.
سبەی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆ سبەی هەینی، کەشناسی پێشبینی دەکات لە کاتەکانی بەیانیدا تەم دروست ببێت و ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. شەپۆلێکی نوێی بارانبارین سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری هەرێم دەست پێدەکات و دوای نیوەڕۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفربارین بەردەوام دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ 48کاتژمێری داهاتوو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: ئەمڕۆ 12 سبەی 14
سلێمانی: ئەمڕۆ 8 سبەی 10
دهۆک: ١ئەمڕۆ 12 سبەی 13
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 8 سبەی 8
کەرکووک: (تۆمار نەکراوە)
زاخۆ: ئەمڕۆ 12 سبەی 14
سۆران: ئەمڕۆ 5 سبەی 6
حاجی ئۆمەران:ئەمڕۆ 3 سبەی 3
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 10سبەی 12
ئاکرێ: ١ئەمڕۆ 10سبەی 10
پیرمام: ئەمڕۆ 8 سبەی 9
کەشناسی داوا لە شۆفێران دەکات لە کاتی دروستبوونی تەم و کەمبوونەوەی مەودای بینین، وریایی زیاتر بگرنە بەر.
