منداڵێکی 2 ساڵان گڕوتینی کورد بۆ ڕۆژئاوا بەهێزتر دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دیمەنی ڤیدیۆیی منداڵێکی دوو ساڵان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، کە تێیدا دەردەکەوێت مەمەوشکەیەک لە دەمیدایە و ئاڵای کوردستانی لەخۆی ئاڵاندووە و بە گرجوگۆڵی بەشداری لە خۆپیشاندانێکی سلێمانی دەکات بۆ پشتگیری کورد لە سوریا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سیمبولی خۆڕاگری کورد باسدەکرێت.

منداڵەکە ناوی مورید گۆرانە و تەمەنی دوو ساڵ و سێ مانگە. ڤیدیۆکەی لە دوێنێوە بە فراوانی بڵاوبووەتەوە، کە لەناو خۆپیشاندانێکی فراوانی دەیان هەزار کەسی دەردەکەوێت کە لە سلێمانی بە دروشمی "یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە" ڕێکخرابوو.

ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج لای خەڵکی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڤیدیۆکەدا مورید دەردەکەوێت کە زۆر بە جۆشوخرۆشەوە لە سوچێکی شوێنی خۆپیشاندانەکە بە تەنیا ملی ڕێگەی گرتووە.

دایکی منداڵەکە لەو بارەوە بە کەناڵ هەشتی ڕاگەیاند، "زۆر تایبەت بوو ئەو ڕۆژە، هیچ گوزارشتێکی لێ ناکرێت، چونکە مورید هەرگیز جیانەبووەتەوە لێم. بەڵام ئەو ڕۆژە جۆشوخرۆشێکی نیشتمانی وەهای تێدا بوو، نەیدەهێشت بڕۆم لەگەڵی...کە بەو شێوەیە بینیم دڵم پڕ بوو."

کەناڵ هەشت لەبارەی خێزانی منداڵەکە دەڵێت، "مورید گۆران لە بنەماڵەیەک گەورە بووە کە مێژوویەکی درێژیان لە خەبات و قوربانیدا هەیە. ئەم بنەماڵەیە چەندین شەهیدیان لەپێناو کوردستان بەخشیوە و لە ئێستاشدا مام و خاڵەکانی مورید وەک پێشمەرگە لە ئەرکدا بەردەوامن. ئەم پاشخانە خێزانییە وەک سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ئەو هەستە نیشتمانییەی مورید لەم تەمەنە بچووکەدا ئەژمار دەکرێت."

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئینستەگرام و تیکتۆک و ئێکس هەزاران بەکارهێنەری کورد دیمەنی 'خۆپیشاندانەکەی' موریدیان داناوە و بووەتە 'ترێندێکی' فراوان.

بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەتە هۆی درێژکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی، لە نێوانیاندا منداڵان. بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تەنها لە شاری گەمارۆدراوی کۆبانی بە لایەنی کەمەوە 5 منداڵی ساوا بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانەوە لەم وەزەی سەرمایەدا گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار