روانگەی سوری: ئاسایشی ناوخۆی سوریا نایەتە نێو شارە کوردییەکان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان لە کۆبونەوەکەی دوێنیی دیمەشقدا، کەشێکی ئەرێنی دروستبووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18 ی ئەم مانگە، جەختیش دەکاتەوە ئەو زانیاریانە راست نین کە دەڵێن هێزی ئاسایشی سەر بە دیمەشق دێنە ناو شارەکانەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زانیاری تایبەتیان بەدەستگەیشتوە، سەبارەت بە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشق لە نێوان هەسەدە  و دەسەڵاتدارانی سوریا، کە تێیدا شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئامادەی بوون. 

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆبونەوەکە بە کەشێکی تەواو ئەرێنی کۆتایی هاتووە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی روون لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە 18ی ئەم مانگەدا ئیمزا کرابوون، بە جۆرێک کە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی بنرێت.

سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەت بۆ ناو شارەکان دەکەن، روانگەی سوریا رەتیکردوەتەوە  و جەختیکردوەتەوە ئەو دەنگۆیانە دورن لە راستیەوە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا یەکبخرێن، بە مەرجێک رەچاوی پێکهاتەی ئێستا و ئەندامێتی ئەندامانی ناوخۆیی خۆیان بکرێت و هەر ئەوانیش قەوارەی بەرپرسیار بن لە پاراستنی ناو شارەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەردەوام گروپە چەکدارەکانی سوریا ناو بەنا و هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردییەکان و کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشقیش، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ رێکخستنی بابەتە ئەمنی و کارگێڕییەکان و ئامادەکردنی زەمینەیەکی گونجاو  بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیمزاکراوەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار