لە قامیشلۆ تەرمی ١١ شەهیدی ئازادی بەخاک سپێردرا

3 كاتژمێر لەمەوپێش



تەرمی ئەو شەڕڤانانەی لە بەرخۆدانی دژ بە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک، هەتەشە و داعش شەهید ببوون، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ بەخاک سپێردران.

گیانبەخشانی بەرخۆدانی دژ بە هێرشی چەتەکانی دیمەشق، هەریەک لە فەرماندەی یەپەژە سیدار عەفرین (لەیلا حەمۆ)، شەڕڤانانی یەپەژە ڤیان جودی (سارا حەسەن)، ستێرک ڕۆژهات (نەسرین خەلیل)، ڕەوشەن زانا عەفرین (ڕەوشەن ئیبراهیم)، شەڕڤانانی قەسەدە دڵشێر قامیشلۆ (ئیبراهیم محەمەد)، کارکەر قامیشلۆ (حەسەن مەلا حەسەن)، ڕۆژهات قامیشلۆ (میتان حوسێن)، چیاگەر ئارمانج (یەزەن محەمەد)، دیار قامیشلۆ (جوان سوهبی)، شێرەوان شێراوا (حەسەن عەلی) و ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ محەمەد کامیل میۆ، لەلایەن هەزاران کەس لە دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ بەخاک سپێردران. 

گەلی کورد تەرمی شەهیدان ڕۆژهات قامیشلۆ، دڵشێر قامیشلۆ، ستێرک ڕۆژهات، شێرەوان شێراوا، دیار قامیشلۆ و سیدار عەفرینیان لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان وەرگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان بردیان. بۆ شەهیدەکانی تریش مەراسیمێکی غیابی ڕێکخرا. 

کاروانی تەرمەکان کاتێک گەیشتە گۆڕستانەکە، بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "بژی بەرخۆدانی یەپەژە و یەپەگە"، "بژی یەکێتیی گەلی کورد" و "شەهید نامرن"، هەروەها بە هەلهەلەی دایکان و هەڵدانی برینج بەسەر تەرمەکاندا، پێشوازی لێکرا و مەراسیمەکە دەستی پێکرد. 

مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. پاشان ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان، شێرۆ شەرۆ قسەی کرد و یادی تەواوی شەهیدانی ئازادی کردەوە و گوتی: "ئێمە سەری ڕێز بۆ مەزنیی ئەم شەهیدانە دادەنەوێنین. ئێمە لە ڕۆژانێکی مێژووییدا دەژین. مێژوو پاڵەوانێتیی ئەم شۆڕشگێڕانە دەنووسێتەوە کە لەپێناو ئازادی و شکۆمەندیی گەلەکەیان شەهید بوون." 

یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە و ئەندامی فەرماندەیی گشتیی قەسەدە، ڕۆهلات عەفرینیش لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە "پلانێک لە دژی وڵات و دەستکەوتەکانی هەیە، ئەم پلانە قڕکردنی گەلی ئێمەیە." 

ڕۆهلات عەفرین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە لاواز نین. ١٣ ساڵە تێدەکۆشین. لە سەرەتای دامەزراندنی یەپەژەوە بەڵێنمان دابوو کە گەلی خۆمان بەجێ نەهێڵین و پشتیوانی گەلی خۆمان بین. بەڵێنمان داوە باج و قوربانی هەرچییەک بێت، ئێمە ئەم خاکە دەپارێزین." 

ڕۆهلات عەفرین لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لە کەسایەتیی فەرماندە سیدار عەفرین کرد و گوتی: "لە دوا قسەیدا گوتبووی ئێمە ئەم گەلە بەجێ ناهێڵین. مردن یەک جارە، ئێمە بە شکۆمەندییەوە پێشوازی لە مردن دەکەین." 

فەرماندە ڕۆهلات عەفرین جارێکی تر بەڵێنی پاراستنی گەلی دا و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "پێویستە گەلی کورد خۆی ڕێکبخات و یەکگرتوویی خۆی بەهێز بکات. ئێمە دەستبەرداری ئەم خاکە نابین. ئەم خاکە ئاوەدان کراوەتەوە تاوەکو هی گەلەکەی بمێنێتەوە. لێرە شوێنی داگیرکەران نابێتەوە." 

دوای وتارەکان، بەڵگەنامەی شەهیدان خوێندریەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران. 
پاشان شەڕڤانان تەرمی هاوڕێ شەهیدەکانیان خستە سەر شانیان و بە وتنەوەی دروشمەوە بەخاکیان سپاردن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار