مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی عێراق دابەش نەکراوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەرانی مەدەنی لە عێراق دابەش نەکراوە، بەڵام دوو پەرلەمانتار دڵنیایی دەدەن رێکارەکان تەواو بوون و "ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات."
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوونی وردمان بۆ پرسی دواکەوتنی مووچە کردووە؛ بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بکرێت."
هاوکات عودەی عەواد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عەسائیب ئەهلی حەق رایگەیاند: "رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچە ئەمڕۆ تەواو دەبن و لە رێگەی بانکەکانەوە دەست بە خەرجکردنی مووچەی وەزارەت و دەستەکان دەکرێت."
پێشتر رۆژانی 18ـی هەموو مانگێک رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستیپێدەکرد، بەڵام چەند مانگێکە ئەو وادەیە دوادەکەوێت. شێروان دووبەردانی سێ هۆکاری سەرەکی بۆ دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگە بۆ رووداو خستەڕوو.
یەکەم: بڕیارە نوێیەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هەندێک خەرجی و دەستکاریکردنی دەرماڵەی بەشێک لە فەرمانبەران (وەکو هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و خزمەتی زانکۆیی)، ئەمەش وایکردووە ئامادەکردنی لیستەکان کاتی زیاتری بوێت.
دووەم: کێشەی نەختینە و بوونی گرفت لە دابینکردنی پارەی کاش (دینار).
سێیەم: دواکەوتنی گەیشتنی دۆلار؛ دۆلاری فرۆشی نەوتی عێراق مانگانە بە دوو کاروان لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا. کاروانی یەکەم گەیشتووە، بەڵام کاروانی دووەم بۆ ئەم مانگە دواکەوتووە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەبووە.
