ئەوەی کورد بە کەمتر لە هەفتەیەک کردی، عەرەب بە زیاتر لە 800 رۆژە بۆی نەکراوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆچی 22 دەوڵەتی عەرەبی نەیانتوانیوە ئابڵوقەی سەر غەززە لاببەن؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی
هەرچەندە کورد خاوەنی دەوڵەت نییە و عەرەب 22 دەوڵەتیان هەیە، بەلام ئەوەی کورد بۆ کۆبانێی کرد لەماوەی هەفتەیەک، عەرەب نەیتوانیوە بە زیاتر لە 800 رۆژ بۆ غەززەی بکات.
لە شەڕ و پەلاماری حکومەتی سوریا بۆ سەر هەسەدە، یەکگرتوویی و دەنگهەڵبرینی کورد وایکرد ئابڵوقەی کۆبانێ لە کەمتر لە هەفتەیەکدا هەڵبگیرێت و کاروانی هاوکارییەکان بگاتە شارەکە، بەڵام لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە غەزە ئابڵوقەی لەسەرە، کە ناوە ناوە کەمێک هەڵدەگیرت، کەچی عەرەب بە 22 دەوڵەتەوە نەیتوانیوە بەتەواوەی ئەو گەمارۆیە بشکێنێت.
با کەمێک بە مێژوودا بچینەوە بۆ ئەوەی لە دۆخەکە تێبگەین.
ساڵی 1973 کاتێک سوپای سوریا و میسر پەلاماری ئیسرائیلیاندا، توانیان گورزێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدەن، بە ئامانجی ئەوەی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکەیان لە ئیسرائیل وەربگرنەوە، وەک بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و نیمچە دورگەی سینای میسر، بەڵام بەهۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە، نەک نەیانتوانی وەریبگرنەوە بەڵکو جارێکی دیکە تێکشکان.
بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا و ئەوروپاوە، وڵاتانی عەرەبی بە کۆی گشتی ڕێککەوتن نەوت بەو وڵاتانە نەفرۆشن کە هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە لە جەنگەکەدا. ئەم بڕیارە وایکرد قەیرانێکی گەورەی وزە لە جیهاندا دروست ببێت، لەدوای ئەم بڕیارەشەوە بە ناچاری ئیسرائیل بارودۆخی فەڵەستینی ئاسایی کردەوە و وازی لە فراوانخوازییەکانی هێنا.
میسر ساڵی 1979 بڕیاریدا دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت لەپێناو وەرگرتنەوەی خاکەکەی و دواتر لە ساڵی 1994 ئوردنیش بە ناچاری لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاشتیی واژۆکرد بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت رێڕەوی ئاویی خۆی لە دەریای سوردا بەکاربهێنێت. هەرچی سوریایە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسڕائیل وەربگرێتەوە و لە ڕێککەوتنی مانگی رابردووش لەگەڵ ئیسرائیل دەستبەرداری نزیکەی 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی بووە بۆ ئیسرائیل.
لە ساڵی 2020 هەریەکە لە ئیماڕات، بەحرەین، مەغریب و سودان پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، عومانیش بەتەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.
ئەم جیاخوازی و پەرتەوازەییە وایکردووە عەرەب نەتوانێت گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و تا ئێستا نەیتوانیوە بڕیارێکی گشتگیر لە پێناو پاراستنی خەڵکی غەززە بدەن، کە تا ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکرنە سەری.
بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبییەوە؛ کورد توانیویەتی چەند جارێک بە یەکگرتن هاوکێشەکان بگۆڕێت و دوژمنەکانیان بشکێنن یان ناچاری گفتوگۆی بکەن.
ساڵی 2014 کاتێک تیرۆرستانی داعش هێرشیانکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێزی پێشمەرگە توانی لەنێو خاکی تورکیاوە، کە گەورەترین نەیاری ڕۆژئاوای کوردستان بوو، خۆی بگەیەنێتە شاری کۆبانی و هاوکاریی شەڕڤانان بکەن لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش، ئەوەش یەکەم شکانی داعش بوو لەدوای دروستبوونییەوە.
هەروەها ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و هێرشی حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە کوردی لە تەواوی جیهان یەکخست و بەم یەکگرتنەش توانییان سوپای سوریا ناچار بە گفتوگۆ بکەن و لە هێرشکردن بیانوەستێنن.
هەروەها بەم یەکگرتنە کورد توانی نەک تەنها هێرشەکان بوەستێنێت، بەڵکو سۆزی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە تایبەتی لە دوای بڕینی کەزیەی شەڕڤانە کوردەکەوە کە بووە سیمبولی بەرخۆدانی ڕۆژاڤا.
