داڕمانی تمەن و سەرکوتکردنەکان، بناغەکانی حکومەت لە تاران دەهەژێنن
6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردایە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. چاودێران دەڵێن قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵک و سەرکوتکردنیان بە شێوەیەکی دەڕەندانە لەلایەن حکومەتەوە و سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ سەر تاران، وردە وردە سیستەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بەرەو داڕمان دەبات.
دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار، بەشێوەیەکی گشتی ئابووری وڵاتەکەی پەکخستووە. بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە خۆراک و دەرمانەوە بۆ خانووبەرە و وزە، ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان خەڵکی ئێرانی ڕووبەڕووی کێشەی جددی کردووەتەوە و هەژاری کردووەتە دیاردەیەکی بەربڵاوی وڵاتەکە و وایکردووە قەیرانە ئابوورییەکە ببێتە قەیرانێکی سیاسی و وجودی بۆ تاران.
بە گوێرەی هەواڵەکان، نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ی مانگی یەک، 160هەزار تمەنی لەو وڵاتە تێپەڕاندووە.
لەئەنجامی دوایین خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە کە سەرەتا لەکاردانەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەستیان پێکرد، تاکو ئێستا هەزاران کەس بە تەقەی هێزەکانی حکومەت کۆژران و هەزارانی دیکەش بریندار و بێسەروشوێن کراون.
هاوکات بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و ئەگەری کردەوەی سەربازیی ئەمەریکا وایکردووە دۆخی ئێرانی بەرەو خراپتربوون بڕوا. هەڕەشەی جموجۆڵی سەربازی له ناوچەکه و هۆشدارییە دیپلۆماسییەکان تا دێت بازاڕی دراو و ژیانی خەڵکی ناجێگیر کردووه . لەم جۆرە هەلومەرجەدا متمانەی گشتی ڕووخاوە و دەوترێت خەڵکەکە هەوڵی دەرکردنی پارە و داراییەکانیان لەبانکەکانی ئێران دەدەن.
هاووڵاتییەک لە ناوخۆی ئێرانەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "خەڵک لە ترسی ئەوەی بەهای پارەکەیان هێندەی دیکە بشکێت و وەک خەڵکی جارانی سوریا و عێراقیان بەسەر بێت، هەوڵدەدەن پارەکانیان لە بانکەکان بهێنە دەرەوە و بیگۆڕن بۆ دۆلار، بەڵام ئەمە بۆ خەڵکەکە جێبەجێ نابێت."
بە وتەی ئەو هاووڵاتییە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە نەوەک نەختینەیی نییە، بەڵکو پارەی ئێران هێندە بێ بەها بووە کە بانکەکان دراوی پێویستیان نییە و ئەگەر هەشبێت قەبارەی پارەکە ئەوەندە زۆر دەبێت کە ناتوانرێت بجوڵێنرێت و کاری پێبکرێت.
ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت، بازاڕی ئێران لەڕادەبەدەر ناجێگیرە "بە هەواڵێک، نرخەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرز و نزم دەبنەوە، هیچ شتێک پێشبینی ناکرێت."
دەشڵێت "ئەوانەی کەمێک دۆخی ئابووریان باشترە، لە ترسی شەڕ خواردن و خۆراکێکی زۆریان کڕیوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی دیکە لەم ڕۆژانەدا لە ژیانێکی مان و نەماندا بەسەر دەبەن."
ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا دەشڵێت " زۆرینەی خەڵک هیوای بەستوە بە ترامپ و داوا دەکەن ئەم دۆخە بە لابردنی ئەم حکومەتە بگۆڕێت، چونکە هیچ ئومێدێک نەماوە بۆ چاکسازی لە ناوەوە".
زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە لە نەبوونی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەو وڵاتە، تاران کەوتووەتە ڕێڕەوێکەوە کە بەرەو داڕمان دەڕوات.
شارەزایەکی بواری ئابوری لە ناخۆی ئێران کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای وت "قەیرانی ئابووری کاتێک دەبێتە هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر حکومەت کە لەیەک کاتدا سێ ئەرکە سەرەکییەکەی حکومەت تێکدەدات کە بریتین لە دابینکردنی بژێوی ژیان و پاراستنی متمانەی گشتی و بەڕێوەبردنی نەزمی کۆمەڵایەتی کە هەر سێیان ئێستا پەکیان کەوتووە."
دەشڵێت "ئێستا داڕمانی دراوی نیشتمانی ئێران وایکردووە حکومەت نەتوانێت نرخەکان کۆنترۆڵ بکات و بێمتمانەیی بە سیستەمی بانکی دروستبووە و حکومەت بێتوانایە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان و ئەمەش وایکڕدووە ناڕەزایەتییەکان ببنە بەشێک لە دیاردەیەکی هەمیشەیی ئەم وڵاتە."
