پەروین بوڵدان: بە رۆڵی ئۆجەلان هەسەدە و حکومەتی سوریا رێککەوتن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، پەروین بوڵدان ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێککەوتنی نێوان قەسەدە و دیمەشقدا کرد و وتی: پێشتر پرۆسەکە گەیشتبووە ئاستی شکست، بەڵام بەڕێز ئۆجەلان داوای دانوستان و گفتوگۆی کردەوە، ڕێککەوتنەکەش بە ڕۆڵبینینی ئەو کرا.
لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلان، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و حکومەتی کاتی سووریا گەیشتنە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک، لەمبارەیەوە پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە و ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەم بابەتەدا کرد.
پەروین بوڵدان، سەرنجی بۆ گرنگی ڕێککەوتنەکە ڕاکێشا و وتی: پڕۆسەکە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، بە دڵنیاییەوە گەیشتن بەم قۆناغە گرنگی خۆی هەیە، شایەنی باسە کە ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی دانووستان و دیالۆگدا ئەنجامدراوە، بەڵام بێگومان خاوەندارییەکی گەورە و بەرخۆدانی گەلی کورد هەیە، کە هەموو ڕۆژێک لە گۆڕەپانەکاندا بەرخۆدان دەکەن و لە ئەنجامدا پرۆسەکە گەیشت بەم قۆناغە.
ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، کە پرۆسەکە گەیشتبووە ئاستی شکست پێشتر و دەکرا ببێتە هۆی کوشتنی هەزاران کەس و وتی: ئەوەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕوویدا نیشانیدا، کە پیلانگێڕییەکی گەورە هەبوو، ئەمە پیلانێک بوو کە دەبووە هۆی کۆمەڵکوژی گەلی کورد، بۆیە بە دڵنیاییەوە گرنگی بەمە دەدەین، بەڵام دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە، کە بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە.
کردنەوەی ڕێگای گفتوگۆ و دانووستان
پەروین بوڵدان ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو کاتەی پێکدادان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هەبوون لە ١٧ـی کانوونی دووەم دیداریان ئەنجامداوە، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان زۆر توڕە بووە لەو پێکدادانانە و وتی: بەڕێز ئۆجالان زۆر توڕەبووە بە هۆی بەردەوامی پێکدادانەکانەوە و هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد بۆ کردنەوەی ڕێگای گفتوگۆ و دانووستان، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئێمەوە پەیام گەیشتە هەندێک شوێن ئەوا پرۆسەکەش گەیشتە ئەم ئاستە، بۆیە دەمەوێت بڵێم: کە ئەرک و ڕۆڵ و بانگەوازەکانی بەڕێز ئۆجالان لەم ڕووەوە، کە لەسەر بنەمای دیدگای ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەکی دیکەی سەر گەلی کورد بوو، پرۆسەکەی گەیاندە قۆناغی ڕێککەوتن.
لە درێژەی قسەکانیدا، پەروین بوڵدان وتی: بۆ بەڕێز ئۆجالان، پاراستنی گەلی کورد هەمیشە پرسێکی گرنگ بووە، وتیشی کە “کورد لە بەردەم پیلانگێڕییەکی گەورەدایە”، وتی “ئەمە پیلانگێڕییەکی نوێی ١٥ـی شووباتە، پیلانگێڕییەکی نوێ بۆ کوشتنی کورد هەیە”، بۆیە سەبارەت بە پاراستن و ئایندە و ژیان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بەشەکاندا بەدەست هاتوون، هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد.
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، کە تێکۆشان کۆتایی نەهاتووە و پرۆسەکە بەردەوامە و وتی: بێگومان تێکۆشان بە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامیش دەبێت، ئەمەش تەنها بەمەوە سنووردار نییە، حکومەتی دیمەشق حکومەتێکی کاتییە، بەڵام بناغەی گەلی کورد دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، کاتێک مرۆڤ سەیری ڕێککەوتنەکە دەکات، ئەوا زۆر بابەت باس دەکرێت، ئایا ئەمە بەسە یان نا، مرۆڤ نابێت بابەتەکە تەنها بەم شێوەیە هەڵسەنگێنێت، تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت.
سەرچاوە: ئاژانسی مێزۆپۆتامیا
