وەزارەتی دارایی 120 ملیارەکەی ئامادە کردووە و چاوەڕێی بەغدایە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیارەکەی ئامادە کردووە و چاوەڕێی خەرجکردنی مووچە دەکات لە لایەن بەغداوە. 

بەپێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانى وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆی ئامادە کردووە، کە تایبەتە بە پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی مانگانەی هەرێم.

بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی هەرێم ئێستا تەنیا چاوەڕوانی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم (یەکە) لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، کە دوای ئەوەی بڕیاری خەرجکردنەکە دەدرێت، لە ماوەی 24 کاتژمێردا 120 ملیارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.

هەروەها بەپێی رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە، کە لەنێوان هەردوو حکوومەتدا پەیڕەو دەکرێت، هەتا وەزارەتی دارایی عێراق خۆی بەفەرمی داوای داهاتی ناوخۆ نەکات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیارەکە ناخاتە سەر هەژماری ئەو وەزارەتە، کە تا ئێستاش بەغدا داوای نەکردووە.

بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی مانگانە داهاتی نانەوتی (کە بە نزیکەیی 120 ملیار دینار دیاری کراوە) رادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکات، تاوەکو بەغداش لە بەرانبەردا شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت. 

لەلایەکى دیکەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر.

کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان مەرجەکانی وەک زیادکردنی پشکی داهاتی نانەوتیی بۆ 120 ملیار دینار جێبەجێ کردووە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە لەبارەی بودجەی سێ ساڵی ڕابردوو و تەرخانی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان.

بڕیاردان لە خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەی، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە سەردانێک چووەتە دوبەی و تا ڕۆژی سێشەممە ناگەڕێتەوە.

 بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، تەیف سامیش دەگەڕێتەوە و بەشداری کۆبوونەوە دەکات، بڕیارەش پێش کۆبوونەوەکەش سوودانی سەردانی هەولێر بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار