کاتى خەرجکردنى مووچەی مانگی یەک دیاریکرا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر.

کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان مەرجەکانی وەک زیادکردنی پشکی داهاتی نانەوتیی بۆ 120 ملیار دینار جێبەجێ کردووە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە لەبارەی بودجەی سێ ساڵی ڕابردوو و تەرخانی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان.

بڕیاردان لە خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەی، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە سەردانێک چووەتە دوبەی و تا ڕۆژی سێشەممە ناگەڕێتەوە.

 بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، تەیف سامیش دەگەڕێتەوە و بەشداری کۆبوونەوە دەکات، بڕیارەش پێش کۆبوونەوەکەش سوودانی سەردانی هەولێر بکات.

٠ بەرپرسەکەی حکومەتی عێراق وتیشی: یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە لەبارەی بودجەی سێ ساڵی ڕابردوو، ڕوونی کردۆتەوە لە سێ ساڵدا چەند پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.

دیوانی چاودێری دارایی دەڵێت: لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لەوەی پشکی هەبووە لە بودجە پارە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، ئەمە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەخوێنرێتەوە، ڕوونیش نییە هەڵوێستی ئەنجوومەنی وەزیران چۆن دەبێت، ئایا بە ئاسانی تێدەپەڕێت یان هەڵوەستەی لەسەر دەکەن و بابەتەکە گەورە دەکەن و دەیکەنە بیانووێکی تر.

دیوانی چاودێریی دارایی ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەرێم لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پشکی خۆی پارەی وەرگرتووە، لەکاتێکدا بەغدا تەنها لەم ماوەیەدا شەش مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە. 

پڕۆسە تەکنیکییەکان بەرەو کۆتایی دەچن؛ لیستی مووچەی مانگی یەک بێ کێشەیە و وەزارەتی نەوتیش نووسراوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت. هەرێمیش ئامادەکاریی کردووە بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتیی. پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تەمویلی مووچە بنێردرێت ئەگەر هیچ بەربەستێکی نوێ دروست نەبێت.

ساڵی ڕابردوو هەولێر و بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی نوێ کە تێیدا هەرێمی کوردستان ڕازیی بوو پشکی حکومەتی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتیی لە 50 ملیار دینارەوە بۆ 120 ملیار دینار زیاد بکات؛ لە بەرامبەردا بەغدا بەڵێنی ناردنی بەردەوامی مووچەی فەرمانبەرانی دا. بەڵام دەرکردنی ڕاپۆرتی نوێ لەلایەن دیوانی چاودێرییەوە، زۆرجار وەک ئامرازێکی فشار بۆ دواخستنی شایستە داراییەکان بەکارهێنراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار